كەمخەوی و زۆرخەوتن مەترسیی مردن زیاد دەكەن

تەندروستی

16/10/2022     ژمارەی بینراو 756

راچڵەكین-

پزیشكێكی پسپۆڕی نەخۆشییەكانی سنگ لە توركیا دەڵێت، ئەگەر مرۆڤ لە حەوت كاتژمێر كەمتر بخەوێت، هەروەها ئەگەر لە نۆ كاتژمێریش زیاتر بخەوێت مەترسیی مردن لەسەری زیاتر دەبێت.

پرۆفیسۆر دكتۆر محەمەد ئەمین ئاككۆیونڵو، بەڕێوەبەری كلینیكیی كێشەكانی خەو و پسپۆڕی نەخۆشییەكانی سنگ لە نەخۆشخانەی زانكۆی مێدیكاڵ مێگا، رایگەیاند، ئەگەر مرۆڤ لە هەشت كاتژمێر كەمتر یاخود زیاتر بخەوێت، ئەوا تەمەنی كورت دەبێتەوە و دووچاری ژمارەیەك كێشەی تەندروستی دەبێتەوە.

دەشڵێت: "قۆناغەكانی خەو بەسەر قۆناغی یەكەم، دووەم، سێیەم و قۆناغی REM پۆلین كراون، ئەگەر مرۆڤ ماوەی قۆناغی سێیەم و REMی خەوی كەم بێت و نەچێتە ناو خەوی قوڵەوە، ئەوا كاریگەری دەكاتە سەر كوالێتی خەو. بەهۆی ئەم گۆڕانكارییانەیش كێشەكانی یادگە، تێكچوونی هەستوسۆز، نەخۆشییەكانی دڵ و لوولەكانی خوێن و بەرزەپەستانی خوێن ناتواندرێت كۆنترۆڵ بكرێن. بۆیە كوالێتیی خەو، ماوەی خەو و چوونە ناو خەوی قووڵەوە ئێجگار گرنگن".

ئەو پڕۆفیسۆرە دەڵێت:" "ئەگەر مرۆڤ لە هەشت كاتژمێر كەمتر یاخود زیاتر بخەوێت، ئەوا تەمەنی كورت دەبێتەوە و دووچاری ژمارەیەك كێشەی تەندروستی دەبێتەوە. ئەگەر مرۆڤ لە حەوت كاتژمێر كەمتر بخەوێت زۆر كاریگەری دەكاتە سەر ژیانی و كێشە تەندروستییەكانی وەك نەخۆشییەكانی دڵ سەرهەڵ دەدەن، هەروەها ئەگەر لە نۆ كاتژمێریش زیاتر بخەوێت، مەترسیی مردن لەسەری زیاتر دەبێت".

ئاماژەی بەوەشكرد:" لە كاتی خەودا، لەش هۆرمۆنی گەشە دەردەدات. ئەم هۆرمۆنە بۆ منداڵان دەبێتە هۆی گەشە و نەشونما. لە كەسانی پێگەیشتوویشدا دەبێتە هۆی خۆنۆژەنكردنەوەی لەش، لەناوبردنی شانە تێكچوو و كۆنبووەكان و دروستبوونی شانەی نوێ. ئەگەر ئەم سیستەمە تێك بچێت مرۆڤ تووشی ژمارەیەك كێشەی وەك پیربوونی پێشوەختە، دروستبوونی چرچ و لۆچی پێست و سیپوونی سەر دەبێتەوە. تەنانەت جوانی و درەوشاوەیی پێستیش پەیوەندی بە خەوەوە هەیە ".

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن