تیمەكانی تەندروستی و فریاگوزاری دەخرێنە حاڵەتی ئامادەباشییەوە

کوردستان

24/11/2022     ژمارەی بینراو 209

راچڵەكین -

بەهۆی پێشبینی بارانبارینی بەخوڕ لەناوچەكانی هەرێمی كوردستان و ئەگەری دروستبوونی لافاوو كۆبوونەوەی ئاو، وەزارەتی تەندروستی سەرجەم تیمەكانی فریاگوزاری خێراو ئەمبوڵانس و پزیشكی فریاكەوتن، دەخاتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە.

وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێم، بڵاویكردەوە، لەسەر ڕاسپاردەی د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی، تیمەكانی فریاگوزاری خێرا 122 و تیمەكانی ئەمبوڵانس و پزیشكی فریاكەوتن، لە ئامادەباشیدا دەبن بۆ هەر پێشبینییەكی بارانی بەخوڕ و ئەگەری ڕوودانی لافاو بۆ بەهاناوەچوونی هاووڵاتیان و فریاكەوتنیان.

ئەمەش لەكاتێكدایە، بەشی پێشبینی لەوەزارەتی گواستنەوەو گەیاندنی حكومەتی هەرێمی كوردستان، رایگەیاندووە كە ئەمشەو بارانی بەلێزمە لە ناوچەكانی هەرێمی كوردستان دەستپێدەكات ئەگەری هەیە لەسەنتەری شارەكان، بەتایبەتیش هەولێر، بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو رووبدات.

هەر لەو بارەیەوە، بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی پارێزگای هەولێر، لەچوارچێوەی ئامادەكارییەكانی بۆ ئەگەری روودانی لافاو، بەشی كردەپزیشكییەكان و بەشەكانی تری پەیوەندیداری ڕاسپارد لە ڕێگەی تیمەكانی فریاكەوتن لەبەشی كردە پزیشكییەكان، هۆبەەكانی پزیشكی فریاكەوتن و فریاكەوتنی خێرا 122 لە ئامادەباشیدابن بۆ بەهاناوەچوونی هاووڵاتیان لەكاتی ڕوودانی لافاو و هەر ڕووداوێكی دیكەی نەخوازراو.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن