هەڕەشەی ئەنفلەوەنزای باڵندە و ڤایرۆسی کۆڕۆنا لەسەر بەرهەمە کشتوکاڵییەکان

کشتوکاڵ

28/03/2020     ژمارەی بینراو 229

ئەنفلەوەنزای باڵندە

ڕاچڵه‌كین-

چەند ساڵێک بەر لە ئێستا کاتێك ئەنفلەوەنزای باڵندە بڵاوبۆوە لە یەکێک لە رۆژنامەکان وتارێکم دەربارەی ترسناکی ئەو هەوڵانەی لە پشت ئەنفلەوەنزاکەوە هەن بۆ نەهێشتن و لە ناوبردنی پەلەوەر و باڵندەی خۆماڵی (خۆمانە) نوسی. تێدا ئاماژەم بە ترسناکی ئەو هەوڵانە کرد کە بە مەبەست پەتاکە لە قەبارەی خۆی گەورەتر پیشاندەدرا بەتایبەت لە گوند و لادێ نشینەکان کە بەهۆیەوە دەیان جۆر پەلەوەری کوردی دووچاری لە ناو چوون بوونەوە. تەنانەت بەشێک لە خێزان هەبوون پەلەوەری وایان هەبوو کە دەیان ساڵ بوو بەخێویان دەکرد، وەک ئەندام یان رەمزێک بوو لە لایان بێ ئەوەی هیچ ئاماژەیەکی تووشبوون و نەخۆشی بە سەرەوەبێ کەچی لە لایەن تیمەکان زیندە بەچاڵ دەکران! لە ئێستادا دەرهاوێشتە و زیانەکانی دەبینین.

ئەوەی ئێستاش بەناوی پەتا یان ڤایرۆسی کۆڕۆنا دەگوزەرێ هاوشێوە کاریگەری خراپی دەبێ هەم لە سەر مەڕ و ماڵات و پەلەوەر هەم لە سەر رەز و باخ و بەرهەمە کشتوکاڵییەکان، بەتایبەت لە وەرزێکی وەهادا کە زۆر پێویستیان بە چاودێری و خزمەت هەیە. بەڵێ دروستە پەتاکە هەیە بەڵام ناکرێ پلانمان نەبێ تا رێگربین لەو خەسارە گەورەیە.

لە لایەکی تر هەر هۆکار نییە بۆ لە ناو چوون و کەمکردنەوەی تێکڕا یان زۆرینەی بەرهەمی بەشە کشتوکاڵییەکان بەلکو کاریگەری زۆر خراپی دەبێ لە سەر ئابوری هه‌رێمەکەمان. هەروەها بە هەر شێوەیەک بێت ئه‌گەر قسە لە سەر زیان و مەترسی لە بڵاوبوونەوەی ئەو ڤایرۆسە بکرێ لە رێگەی بەرهەمەکان دەی خۆ ترسناکی لە بەرهەمی هاوردەی وڵاتانی دراوسێ چەندجارە چونکە ئاماری هەبوونی ئەو ڤایرۆسە لەو وڵاتەنە زۆر زیاترە وەک ئەوەی کە لە کوردستاندا هەیە. بۆیە ئەگەرچی بڕی بەرهەمی خۆماڵی رەنگە لە هەندێک بەروبوومدا کەمبێت بەڵام هاوکات وەکو شیر و ماست و دەیان جۆری تری بەرهەمە کشتوکاڵییەکان لەو وەرزەدا زۆر زۆرن و تەندروستر و لەبارترن.

تکا دەکەم کاربەدەستان بەتایبەت لە وەزارەتی کشتوکاڵ پلانی گوونجاویان هەبێ تا جوتیاران، رەزگەر و ئاژەڵداران زیانیان لێ نەکەوێ و هاوڵاتیش بەرهەمێکی تەندروستر بەکاربهێنن.

د. رابەر فەتاح
کۆلێژی زانسته ئەندازیارییە کشتوکاڵییەکان- زانکۆی سەلاحەدین-هەولێر

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندۆرید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن