29 ساڵ بەسەر شەهیدبوونی هونەرمەند ( جەوهەر باپیر) تێدەپەڕێت

کەلتوور

31/03/2020     ژمارەی بینراو 1105

جەوهەر باپیر

راچڵەكین-

ئەمڕۆ 31-3-2020، 29 ساڵ بەسەر شەهیدبوونی (جەوهەر باپیر) ، ناسراو بە (خدر لۆبیافرۆش) تێپەڕ دەبێت كە نزیك (سیمی خاتووناوا) لە ڕۆژهەڵاتی شاری هەولێر، لەلایەن سوپای عیراقەوە شەهید كرا.

جەوهەر باپیر

 

جەوهەر باپیر، ساڵی 1952 لەشاری كەركووك لەخێزانێكی هەژار و كاسبكار لەدایكبووە، خەڵكی دێی دێگەڵەن لەشاری هەولێر، بەڵام بۆ دابینكردنی بژێوی ژیانی خێزانەكەی، باوكی لە 1951 چووەتە كەركووك، ساڵی 1962 گەڕاونەتەوە هەولێر و ساڵی 1965 هونەرمەند جەوهەر باپیر خوێندنی سەرەتایی لەقوتابخانەی یەكەمی نموونەیی” لەهەولێر تەواوكردووە. ساڵی 1970 دەستی لەخوێندن هەڵگرت و بووتە فیتەر.

ساڵی 1978 لەڕێگەی هونەرمەند شێرزاد پۆلیس، كە ئەوكاتە فیتەر بوو، دەرهێنەر تەلعەت سامان دەناسێ و دەست بەكاری نواندن دەكات، كە بەشداریكردنی لەكاری هونەری حەزی سەرەكی ئەو بووە، ساڵی 1978 بۆ یەكەمجار بەشداری لەشانۆی (قەل و رووتە) كرد لەدەرهێنانی تەلعەت سامان.


جەوهەر باپیر

 

جەوهەر باپیر لەماوەی كاركردنی هونەریدا بەشداری لە 17 شانۆ و 9 بەرهەمی تەلەفزیۆنی كردووە.

 

 بەشێك لەبەرهەمەكانی:

شانۆگه‌ری پرسیار - نواندن
شانۆگه‌ری بووكی به‌فر - نواندن
 شانۆگه‌ری گیچه‌له‌كانی حه‌مه‌ وه‌ی وه‌ی - نواندن
 شانۆگه‌ری قه‌لای دم دم - نواندن
شانۆگه‌ری به‌ زۆر كراوه‌ به‌ دكتۆر- نواندن
 شانۆگه‌ری مرۆڤ و ئازاره‌كانی - نواندن
 شانۆگه‌ری ئادابا - نواندن
 شانۆگه‌ری خزمه‌تكاریكی گوێرایه‌ڵ - نواندن
شانۆگه‌ری گولی نهینی
 شانۆگه‌ری لۆ تیم ناگه‌ن
 شانۆگه‌ری كانی مه‌له‌ك ڕێزان
 شانۆگه‌ری حه‌مه‌دۆك
 شانۆگه‌ری راشاموون
 شانۆگه‌ری له‌ چله‌ی سیراجه‌دیندا
 شانۆگه‌ری مۆله‌ت
 شانۆگه‌ری شیته‌كانی ئه‌م رۆژگاره‌
 درامای تاپۆحه‌قی چیه‌
 درامای ئاسكه‌
 درامای مۆرانه‌
 درامای میوانی ناوه‌خت
 درامای خاتوو كلاو زه‌ر
 درامای قه‌لای دم دم

لە رۆژێكی وەكوو ئەمڕۆدا 31 - 3 - 1991 هونەرمەند جەوهەر باپیر لەلایەن رژێمی بەعسی پێشووی عێراق لەشاری هەولێر لەیەكەم رۆژی كۆڕەوەكە لەئەنجامی بەرگریكردنی وەك پێشمەرگەیەك لەشاری هەولێر  ماویەوە شەهید كرا .

جەودەت باپیر، برای جەوهەر، لەبارەی رۆژی شەهیدبوونی براكەی دەڵێت:" ئێمە نزیكەی 15 كەس بووین، لە فولكەی ئیسكانی ئێستا، سەنگەری بەرەنگاربوونەوەمان دانابوو، 15 كەسی دیكەش هاتن و گۆتیان لەگەڵتان دەبین. هێزی سەربازیی ڕژێمی عێراق هات، شەهید جەوهەر بە چەكی (قەناس) شەڕی دەكرد، بەڵام تانك هات و تۆپی هاوێشت، ئیتر ئێمە 2 كەسمان بە سووكی بریندار بووین، بەڵام ئەوانەی لەگەڵمان بوون، بڵاوەیان كرد، تەنیا من و شەهید جەوهەر و 2 كەس ماینەوە، بۆیە ئێمەش پاشەكشەمان كرد. ئینجا چوومە ماڵی دایكم كە كەسمان نەڕۆشتبووین، شەهید جەوهەر سەیارەكەی پێم دا و گوتی ئەو ژن و منداڵانە ڕزگار بكە، بۆیە لێك دابڕاین و ئەو لە بەرەنگاربوونەوەی خۆی بەردەوام بوو."

سەبارەت بە چۆنیەتی دۆزینەوەی تەرمی شەهید جەوهەر باپیریش، براكەی دەڵێت: "دوای 3  ڕۆژ، بۆ سۆراغی باوكم و شەهید جەوهەر چوومە كۆیە، بەڵام نەمدۆزینەوە، ئیتر گەڕامەوە هەولێر، لە بازگەی هەولێر بەهۆی ئەوەی پێشتر لە لایەن ئێرانەوە بە دیل گیرابووم و ناسنامەی ئەسیریم پێ بوو، ڕێگایان دا بێمە هەولێر. كوڕە پوورەكمم بینی و گوتی تا دوا چركە لەگەڵ جەوهەر باپیر بووم، بەڵام نازانم چی لێ هاتووە و لە لای (سیمی خاتووناوا) جێمهێشتووە. ئیتر من چوومە شوێنەكە و لەگەڵ هاوسەری یەكێك لە ئامۆزاكانم بە دوایدا گەڕام. سوێند دەخۆم كە بە بۆن هەستم كرد برایەكەم لە كوێیە و گوتم لەو شوێنە بۆنی برام دێت. كە چووم، بە ڕاستی تەرمەكەیم دۆزییەوە. 2 گردۆڵكە هەڵدرابووەوە، گردۆڵكەی یەكەمم هەڵدایەوە، تەرمی شەهید جەوهەری تێدابوو."

 
جگە لە شەهید جەوهەر باپیر، 2 كوڕی دیكەی هەمان خێزان كە برای ئەون، شەهید بوون، شەهید جەوهەر 2 هاوسەر و 3 كچی هەبووە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندۆرید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن