ئەو بروسكەیەی كۆسرەت ڕەسول عەلی كە ورەی چەكدارانی بەعسی لەشەقڵاوە ڕووخاند

ڕاپۆرت

09/03/2023     ژمارەی بینراو 548

راچڵەكین-

دوای ئازادكردنی رانیەو سلێمانی و دوكان و بازیان و چەندین قەزاو ناحیەی دیكە لەساڵی 1991 دا، راپەڕین بەسەرپەرشتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەردەوامی پێدراو لەو چوارچێوەیەشدا كەلار و دەربەندیخان و شەقڵاوە و كۆیە و دەرورووبەری راپەڕین و بروسكەیەكی كۆسرەت رەسوڵ عەلی، سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەكانی یەكێتی وایكرد، ورەی چەكدارانی رژێم بڕوخێت و شەقلاوە زووتر ئازاد بكرێت.

رۆژی 9-3-1991 خەڵكی قەزای كەلار و دەربەندیخان و دەورووبەری هەر وەك زۆرینەی شارو شارۆچكەكانی كوردستان لەدژی حكومەتی بەعس راپەڕین و توانیان كەلار و دەربەندیخان و ناحییەكانی رزگاری و باوەنوور لەچنگی رژێم ئازاد بكەن.

هاوكات هەر لە چوارچێوەی راپەڕینە جەماوەرییەكەی ساڵی 1991 ی گەلی كورددا و رۆژی 9-3-1991 خەڵكی شاری شەقڵاوە بە پلان و بەرنامەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و بە سەرپەرشتی كۆسرەت رەسوڵ عەلی، دژی زوڵم و ستەمی رژێمی بەعسی روخاو و راپەڕین و ناوچەكەیان لە رژێم پاككردەوە.

رۆژی 8-3-1991، هێزی پێشمەرگەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە پردی هیزۆپ كران بە دوو بەشەوەو میحوەری یەكەم كە هیران و شەقلاوەو سەڵاحەدین و هەولێر بوو، كۆسرەت رەسوڵ عەلی سەرپەرشتی دەكردو میحوەرەكەی دیكە كە كۆیە و دێگەڵە و هەولێر بوو مامۆستا بەكر سەرپەرشتی دەكردو رۆژی 9-3، بەرنامەی راپەڕینی ئەو ناوچانە دەستیپێكرد و لەماوەیەكی كەمدا پلانەكە جێبەجێ كرا.

بروسكەكەی كۆسرەت رەسوڵ
 
د. رێبوار ئیسماعیل ئەندامی سەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و پێشمەرگەی دێرین رایگەیاند: "ئازادكردنی شەقلاوە لەلایەن كۆسرەت رەسوڵ عەلی-یەوە بەرنامەی بۆ داڕێژرابوو و ئەوەبوو رۆژی 9-3-1991، ئازادكردنی شارەكە دەستیپێكردو كۆسرەت رەسوڵ بۆ شكاندنی ورەی چەكدارانی رژێم بروسكەیەكی بۆ ئێزگەی گەلی كوردستان نارد، كە رایگەیاندبوو شەقلاوە ئازاد كرا، بەڵام لە راستیدا شەقلاوە ئازاد نەكرابوو ئەم پلانەش وایكرد ورەی هێزی بەرامبەر بەتەواوی بڕوخێت، هاوكات بەهۆی ئەو بروسكەیەوە هێزەكانی رژێم لە چەندین قەزاو ناحیەی تر خۆیان بەدەستەوەداو ئەو ناوچانەش ئازاد كران".

وتیشی: "بەرنامەكەی كۆسرەت رەسوڵ عەلی، بۆ ئازادكردنی شەقلاوە وایكرد هێزی رژێم دوو كەرت ببێت و ئازادكردنی شاری هەولێر ئاسانتربێت".

یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ئەندازیار و پلاندانەری راپەڕین بوو، چونكە پێش راپەڕین لەسەر داوای یەكێتی بەرەی كوردستانی پێكهێنراو راپەڕین دەستیپێكرد، لەرێی رێكخستنەكانی ناوشاریشەوە ئامادەكاری تەواوی كرد بۆ راپەرین لە سەعاتی سفرداو ئێزگەی گەلی كوردستانیش سەرچاوەی گەیاندنی كۆدەكانی راپەڕین بوو، بۆیە شانەچەكدارەكان بە كردنەوەی كۆدەكانیان هەڵمەتەكانیان دەستپێكرد.

 

سەرچاوە/ پیوكەی میدیا


داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن