راچڵەکین –
سەرۆکایەتی
کۆمار ئەو دەنگۆیانە رەتدەکاتەوە کە باسیان لەوە دەکرد، سەرۆککۆمار دوای گەڕانەوەی
لە سلێمانییەوە بۆ بەغدا و لە کاتی دابەزینی لە فڕۆکەکەیدا کەوتووە و برینداربووە.
ئەمڕۆ
سێشەممە، فەرمانگەی راگەیاندنی سەرۆکایەتی کۆمار بڵاویکردەوە، هەندێک لە دەزگاکانی
ڕاگەیاندن و سۆشیال میدیا هەواڵێکی هەڵبەستراویان بڵاوکردەوە و بانگەشەی ئەوە دەکەن
کە د، لەتیف رەشید سەرۆککۆمار لە کاتی دابەزینی لە فڕۆکە بریندار بووە، لەم بارەیەوە
جەخت دەکەینەوە کە ئەو هەواڵە دوورە لە راستییەوە و سەرۆککۆمار تەندروستی باشە و وەک
هەمیشە لە سەرۆکایەتی کۆماردا ئەرکەکانی خۆی جێبەجێ دەکات.
روونیشیکردەوە،
بە درێژایی رۆژانی رابردوو و تا ئەم بەیانییە چەندین چالاکی ئەنجام داون کە لە
دەزگاکانی راگەیاندندا بڵاوکراونەتەوە و ئەمەش ئەوە پشتڕاست دەکاتەوە کە ئەوەی لەلایەن
هەندێک میدیا و سۆشیال میدیاوە بڵاوکرایەوە و نا راستە.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، سەرچاوە و ئامانجی بڵاوکردنەوەی ئەو هەواڵە
ناراستە ئاشکرایە و دەویسترێت لەو رێیەوە پشێوی لە کۆمەڵگە و دامەزراوەکانی دەوڵەتدا
دروست بکرێت.
جەختیش دەکاتەوە کە رێوشوێنی یاسایی بەرامبەر ئەو دەزگایانە دەگرنەبەر.
فەرمانگەی راگەیاندنی سەرۆکایەتی کۆمار داواشی لە دەزگاکانی راگەیاندن
کردووە پێش بڵاوکردنەوەی هەر هەواڵێك لە راستی و دروستی دڵنیا ببنەوە.