ئاسایش سێ گروپی تاوانكار دەستگیر دەكات

کوردستان

25/05/2023     ژمارەی بینراو 266

راچڵەكین -

دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستان، دەستگیركردنی سێ گرووپی دزیكردن ڕادەگەیەنێت، كە لەسنووری قەزای چەمچەماڵ و دەوروبەری چەندین تاوانی دزیكردنیان لەماڵان و شوێنە گشتییەكان ئەنجامداوە.

بەگوێرەی راگەیەندراوێك كە وێنەیەكی بۆ راچڵەكین نێردراوە، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا هێزەكانی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ڕۆژئاوای سلێمانی، بە فەرمانی دادوەری لێكۆڵینەوە، سێ گروپیان دەستگیركردووە كە ژمارەیان 13 كەسەو تۆمەتبارن بە ئەنجامدانی كاری دزیكردن و وەرگرتنی سەرانە لە هاووڵاتیان.

وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، تۆمەتبارەكان لە سنوری قەزای چەمچەماڵ و ناحیەكانی دەوروبەری، هەستاون بە دزیكردن لە ماڵان و دوكان و شوێنە گشتییەكان و وەرگرتنی سەرانە لە هاووڵاتیان، سەرجەم ئەو كەلوپەل و ئامێرانەی دزیویانە، پێكهاتبوون لە ( ئۆتۆمبێل، ئاڵتون، پارە و مۆبایل).

ئاسایشی ڕۆژئاوای سلێمانی ئاماژەی بەوەكردووە، تۆمەتبارە دەستگیركراوەكان، بەشێكیان دانیشتوی هەرێمی كوردستانن و چەند كەسێكیشیان دانیشتووی پارێزگاكانی ناوەڕاست و خوارووی عیراقن، لە ئێستادا ڕاگیراون و لێكۆڵینەوەش لە دۆسییەكانیان بەردەوامە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن