فراكسیۆنی یەكێتی دەستپێشخەرییەك رادەگەیەنێت

کوردستان

08/04/2020     ژمارەی بینراو 14808

راچڵەكین

پەرلەمانتارانی یەكێتی لە پەرلەمانی كوردستان، لە دەستپێشخەرییەكدا بڕیاردەدەن بەشی زۆری موچەی ئەم مانگەیان بۆ هاوكاریكردنی خەڵكی هەژارو كەمدەرامەت تەرخان بكەن.

فراكسیۆنی یەكێتی لە راگەیاندراوێكدا، كە وێنەیەكی بۆ راچڵەكین نێردراوە، ئاشكرایكردووە، هاوكارییەكە بۆ دابینكردنی سەبەتەی خۆراكەو بەسەر خێزانە هەژارو كەمدەرامەتەكان لەسەرجەم شارو شارۆچكە جیاوازەكانی كوردستان دابەشدەكرێت.

دەقی راگەیاندراوەكە:

راگەیاندراوێك لە فراكسیۆنی سەوز لە پەرلەمانی كوردستان
بەناوی خوای بەخشندەی میھرەبان 

ھاوڵاتیانی ئازیز، كوردستانیانی خۆشەویست 

لای ھەمووان ئاشكرایە ئەمڕۆ كوردستان وەكو وڵاتانی تری جیهان ، بەھۆی گیرۆدەبوون بە پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنا (كۆڤید ١٩) بەھەلومەرجێكی ھەستیار و سەختدا تێپەڕدەبێت .

وێڕای دەستخۆشی و پێزانینمان بۆ ھەوڵەكانی حكومەتی ھەرێمی كوردستان ، لەناوەندی پارێزگاكان و ئیدارە سەربەخۆكان و یەكە كارگێڕییەكان تایبەت بە ھەنگاو و رێكارەكانی خۆپارێزی لە رووبەڕوو بوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا .

رێزو خۆشەویستی بێ پایەنمان بۆ پزیشك و كارمەندانی تەندروستی دەردەبڕین، دەستی ماندووبوون و شەونخونی ھێزەكانی ئاسایشی ناوخۆو ، پێشمەرگە قارەمانەكان دەگوشین ، رۆڵی كارمەندان و فەرمانبەرانی خاڵە سنورییەكان و فڕۆكەخانەكان و خزمەتگوزارییە گشتییەكان بەرزدەنرخێنین . ھەروەھا سوپاسی ئارامگرتن و خۆڕاگری ھاوڵاتیانی خۆشەویستی كوردستان دەكەین، كە بەرگەی ئەو دۆخە تازەیان گرتووەو پابەندی رێنماییە تەندروستییەكان دەبن ، بێگومان پابەندبوونی ھاوڵاتیان بە مانەوە لەماڵەكانیان، ھەنگاوێكی ئەرێنی خۆپارێزییە لە زیاتر تەشەنە نەسەندنی ڤایرۆسی كۆرۆنا ، ئەمانە ھەموویان بەیەكەوە ھەنگاوو دەسكەوتی گەورەن بەئامانجی سەركەوتنی گەلەكەمان و دەرباز بوون لەو قۆناغە سەختەدا.

دەمانەوێت بڵێین لە ئێستادا بەشێكی ھاوڵاتیان سەرباری گیرۆدەبوونیان بە ڤایرۆسی كۆرۆنا ، بەھۆی وەستانی كارو كەسابەتی رۆژانەیان، لەدۆخێكی سەختی ژیاندان و پێویستی زیاتریان بە ئاوڕلێدانەوەو بەدەمەوەچوون ھەیە، بەتایبەت بە پێشكەشكردنی خۆراك و پێداویستی رۆژانە.

ئێمە لەسۆنگەی ھەستكردنمان بە بەرپرسیاریەتی بەرامبەر ھاوڵاتیان ھەروەك چۆن لەسەرەتای دروستبوونی ئەو دۆخە نالەبارە، ئەندامانی فراكسیۆنەكەمان بەردەوام بوون لە پێشكەشكردنی كۆمەك و بەخشین لە شارو شارۆچكە جیاوازەكانی كوردستان، لە ئێستاشدا بەمەبەستی پەرەپێدان و ھاندان زیاتر بەكلتوری ھاوكاری و بەخشین، بڕیارماندا لەم مانگەشدا بەشی زۆری مووچەكانمان تەرخان بكەین بۆ پێشكەشكردنی سەبەتەی خۆراك بۆ ھاوڵاتیانی كەمدەرامەت و ھەژار لە شارو شارۆچكە جیاوازەكانی كوردستان ، لێرەشەوە ھانی سەرمایەدارو خاوەن كۆمپانیاو خێرخوازانی كوردستان و ھەموو لایەن و حزبە سیاسییەكان دەدەین وەك ئەركێكی نیشتمانی و مرۆیی و ئەخلاقی، بەشداری ھەڵمەتی بەخشین بكەن بۆ ئەوەی ھەموولایەك بەیەكەوە ھاوكاربین بۆ تێپەڕاندنی ئەو قۆناغە سەختە.

سڵاو لە خۆڕاگریی خەڵكی كوردستان ؛ خوا ووڵات و میللەتەكەمان بپارێزیت .

فراكسیۆنی سەوز لە پەرلەمانی كوردستان
     ٢٠٢٠/٤/٨

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن