ئەکتەرە ڕەگەزگۆڕەکەی ئێران: خەڵکی بۆ تووڕەکردنم پێم دەڵێن خاتوو مازیار

هەمەڕەنگ

01/08/2024     ژمارەی بینراو 2752

راچڵەکین-

"مازیار لوڕستانی" لە نوێترین چاوپێکەوتنی ڤیدیۆیدا باسی خۆی و بڕیاری گۆڕینی ڕەگەزەکەی دەکات و دەڵێت، خەڵکی بۆئەوەی تووڕەم بکەن پێم دەڵێن، خاتوو مازیار.

ئەو کە پێشتر ناوی شوهرە لوڕستانی بوو، لە هەرێمی کوردستان بەهۆی درامای "سێ بەچوار" لەناو بینەرانی فیلم و دراما فارسییەکان ناسرا. ناوبراو چەند ساڵێکە نەشتەرگەری ڕەگەزگۆڕینی کردووە و ڕەگەزی خۆی گۆڕیوە و ئێستا ناوی "مازیار"ی بۆ خۆی هەڵبژاردووە.

لە نوێترین چاوپێکەوتنیدا دەڵیت: گەورەترین هەواڵ کە لای من ئەوەیە کە من هێشتا لە ژیاندام، هێشتا لێرەم، و هەموو کات هەوڵم داوە بە خەڵک و بینەر بڵێم کە تەنانەت ئەگەر حەزت لێم نەبێت، تەنانەت ئەگەر حەزت لێی نەبێت وەک ئەوەی بەسەر جەستەمدا کردووە، حوکم لەسەر کارەکەم و پیشەکەم مەدە.

لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت، من ئێستاش هەمان کەسم، بە هەمان بیرکردنەوە، بۆ خەڵک و لەگەڵ خەڵک. من بەنیازم نیشتمانم بەجێبهێڵم و لە هیچ شوێنێکی تردا بژیم. "من لێرە دەمێنمەوە، چونکە کاری من دروستکردنی کولتوورێکە، بەشێک لە دروستکردنی کولتووریش ئەوەیە کە گۆڕانکاری پێویستە".

ئەم ئەکتەرە بەناوبانگەی سینەما و تەلەفزیۆن و شانۆی ئێران کە پێشتر بە "شەهرە لوڕستانی" ناسرابوو، لە قسەکانیدا دەڵێت بە ناچاری بەشێک لە بوونم لەگەڵ ڕۆحمدا گونجاندووە و ئەمەش هەم شەرعییە، هەم یاسایی و هەم عورفییە.

ئەو دەڵیت، ماوەی ٥٦ ساڵە زیندانی جەستەم بووم و ئێستا کە هەموو شتێک ئاسایی بووەتەوە و ناسنامەی یاسایی و ئایینیم پشتڕاست کراوەتەوە."

لە کۆتاییدا، لۆڕستانی بە ئاماژەدان بەو کەسانەی کە هەوڵی گاڵتەکردن و سووکایەتیکردنی دەدەن بە بەکارهێنانی ناسنامەی ڕەگەزی، دەڵێت: "دەبێت بەو کەسانە بڵێم کە هێشتا بە "خاتوو مازیار" ناوم دەبەن، بۆ ئەوەی تووڕەم بکەن، بەڵام من بەو قسانە تووڕە نابم."

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن