د. هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر - پارێزگاری سلێمانی
له كۆنترین خانوی خانه‌قاو سلێمانیدا؛ سهوداسهرێكی سه‌ركه‌شی سه‌ره‌ڕۆی بزێوی بزواو؛ چاوی به خاكێكی پیرۆز‌و به‌قه‌درو خه‌ڵكێكی دانشمهندو توانستمهندو زانستمهندو خۆنه‌ویست و جوانمهردو گیانبه‌خش و سه‌رگه‌رم و سالار‌و سه‌روه‌رو سه‌ردار؛ هه‌ڵهێنا.
له‌گه‌ڵ بیر‌و بڕوا‌و باوه‌ڕو ڕامان و وشه‌و ڕسته‌و كتێب و بۆشاییه‌كانی مێژوو ده‌ق و تێكۆشان و ترازان و په‌رتبوون و له‌تبوون و كه‌رتبوون و كه‌وتن و شكست و سه‌ركه‌وتن و غه‌درو غوبن وغرورو غیره‌و ده‌نگی گولـله‌و هێزی وشه‌و داد‌و بێدادیی و نه‌هامه‌تیی و هه‌داریی و نه‌داریی ژیان و سه‌ختیی و خه‌بات و تێكۆشاندا؛ دهستوپهنجهو زه‌ین و ئاوه‌زی له‌گه‌ڵ بازنه كراوه‌و داخراوه‌كان و سه‌ره به‌رزو چه‌ماوه‌كان و په‌نجه ڕاست و شكاوه‌كاندا، نهرمكرد.
دكتۆرای به تێكۆشان به‌خشی، كه‌ناری دانوبی بۆ خڕیناوزهنگ به‌جێهێشت و ڕۆحی خۆی كرده جه‌سته‌ی مردووی شۆڕش و مانا‌و ناوهڕۆك و گه‌وهه‌ری به تێكۆشانی نیشتمانیی و گه‌نجی به‌ڕه‌نجی بهخهساردراوی نیشتمان به‌خشییه‌وه.
هه‌ناسه‌ی ژیانه‌وه‌ی كرده‌وه به گه‌روی ده‌ربه‌نده داخراوه‌كانی شۆڕشداو جوڵه‌ی خۆی به‌خشییه هه‌نگاوه خهسیوهكانی به‌رگریی و ترپه‌ی خۆی خسته‌وه ناو سنگی هه‌ستانه‌وه‌و كاڵا‌و باڵا‌و ئاڵای به شۆڕشی نوێی ئه‌وجاره به‌خشی.
به ڕێگای پڕ دڕك و جهخاردا؛ تێپه‌ڕی، گوڵچنێك، هاتووچو؛ وه‌ك به‌ڕوو ڕه‌سه‌ن و وه‌ك باران پاراوو وه‌ك شه‌ونم شه‌وانه ده‌نیشته سه‌ر گوڵ و ئه‌مجاره بوو به‌گوڵ، گوڵی گرت.
بۆ ئاشتیی شه‌ماڵ و بۆ شه‌ڕیش ڕه‌شه‌با، كێوێك بوو له وره، بوێریی هێزی خۆی هه‌ر له ئه‌م وه‌رده‌گرت، تروسكایی شۆڕشی كرده‌وه به بڵێسه‌و كوانوی خامۆشكراوی تێكۆشانی كرده‌وه به مه‌شخه‌ڵان، ملوانكه‌ی پچڕاوی هزرو هێزه لێكدابڕاوو له پشت و ڕووی یه‌كدا وه‌ستاوه‌كانی شاخی كرده‌وه به گه‌ردانه‌ی به‌ره‌و، له‌سه‌ر كۆته‌ره‌ی دار‌و گابه‌ردی شاخ و ناو خاكی نیشتمانه‌وه، نه‌خشه‌ی ڕاپه‌ڕین و ڕزگاربوونی دانا، دانایانه له خه‌می به‌ڕێوه‌بردنی مه‌ده‌نیانه‌ی شار‌و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی نیشتماندابوو، له هه‌ڵبژاردن و حكومدارییدا، له دامه‌زراندنه‌وه‌و بوژاندنه‌وه‌ی دامه‌زراوه نیشتمانییه‌كان و نوسینه‌وه‌ی ده‌ستورو نه‌خشاندنی ئۆپۆزسیۆنی ڕاسته‌قینه‌دا، له پاراستنی ئارامیدا، له تێپه‌ڕاندنی خۆسه‌پێنیی و لۆژیكی هێزو قۆرخكارییدا، وه‌ك بروسكه تێپه‌ڕی، وه‌ك هه‌ور هاواری خسته هه‌موو هه‌وارێكی بێده‌نگ، باریه سه‌ر هه‌موو ئه‌و هۆشانه‌ی سته‌مكاریی وشك وشكی كردبونه‌وه.
ئه‌مجاره‌یان بوو به مۆم و هه‌موو گۆشه تاریكه‌كانی ڕوناككردهوه، هێواش هێواش، به‌بێده‌نگیی ده‌سوتا، ده‌توایه‌وه، ڕۆحی گۆڕانكاریی و گۆڕانی ده‌خسته ناو هه‌موو دڵ و هۆش و هه‌یوان وتاق و ژورو ماڵ و كۆڵان و گه‌ڕه‌ك و شه‌قام و شار‌و لاو لایه‌ن و كه‌س و ده‌سته‌و هێزو حیزبێكه‌وه.
هه‌موو ئه‌وانه‌ی له گه‌وهه‌ری گه‌نجی گه‌نجینه به‌نرخه‌كانی ئه‌ودا ماون ئه‌وه‌ن: كه وه‌ك ئه‌و بكه‌ین، نه‌ك دوای ئه‌و بكه‌وین، ئیراده‌و سوربوون و به‌رده‌وامبوون و له‌خۆبوردن و خۆنه‌ویستیی و بیركردنه‌وه‌ی دوربینانه‌و ستراتیژیانهو ژیرانه‌و ئازایانه بڕیاردان و هه‌ڵگرتنی ئۆباڵیی به‌رپرسیارێتیی؛ شتگه‌لێكن كه ته‌نها نه‌وشیروان مسته‌فا به زیندوویی ناهێڵنه‌وه، به‌ڵكو له یه‌كه‌وه ده‌یكه‌ن به هه‌زار، ئارامگاكه‌ی ئارامترو كاروانه‌كه‌ی بهردهوامترو، ئامانجه‌كانی به‌رجه‌سته‌تر ده‌كه‌ن.