وەزارەتی كشتوكاڵ لەسەر سوتاندنی دەغڵودانی جوتیارانی ناوچە كوردستانییەكان دێتەدەنگ

کوردستان

29/05/2020     ژمارەی بینراو 248

راچڵەكین

وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی حكومەتی هەرێم، راگەیاندراوێك لەبارەی سوتاندنی دەغڵودانی جوتیارانی كورد لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بڵاودەكاتەوەو داواش لە حكومەتی عێراق دەكات، سەروماڵی ئەو جوتیارانە بپارێزێت و قەروبووی زیانەكانیشیان بكاتەوە.

دەقی راگەیاندراوەكە:

راگەیاندراوێك لە وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو

بەداخەوە سەرو ماڵی جوتیارانمان لە ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم كەوتۆتە بەر ئاگری رق و كینە، سوتاندنی گەنمی جوتیارانمان لە مەخمورەوە بۆ خانەقین بە پرۆسەیەكی بەرنامە بۆ داڕێژراو دەزانین، كە ساڵانە چەند بارە دەبێتەوەو رەنجی ئەو ساڵەیان بە هەدەر دەدرێت.

پێشتریش وەك وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو داوامان لە وەزارەتی پێشمەرگە كردبوو سەرو ماڵی جوتیاران لەناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بپارێزن بەپێی گونجاوی شوێنەكان، بەڕێوەبەرایەتیەكانی كشتوكاڵیشمان داوایان لە یەكە ئیداریەكانی ئەو ناوچانە كردووە رێكاری پێویست بگرنەبەر بۆ پاراستنی گیان و ماڵی جوتیاران.

هەروەها نوێنەرمان لەگەڵ وەزارەتی كشتوكاڵی حكومەتی فیدراڵ داوای كردووە دەغڵ و دانی جوتیاران لەو ناوچانە بپارێزرێت.

لێرەشەوە داوا لە  وەزارەتی  كشتوكاڵی حكومەتی عێراق و ئیدارەی پارێزگای كەركوك و ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم دەكەین و  بەرپرسیارەتی پاراستنی سەرو ماڵی جوتیارانیان لەو ناوچانە لە ئەستۆدایە، لەگەڵ قەرەبووكردنەوەی زیانەكان.

وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو
2020/5/29


داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن