بەغدا نیوەی رێت بێ

ستران عەبدوڵلا


15/08/2021


خاین، خوێڕی، درۆزن، بەدفەڕ، شەڕانی، سەرشۆڕ!
پیاوكوژ، تاوانبار، ڕووڕەش، ناكەس، ملهوڕ، دیكتاتۆڕ!
خەڵكی ئێران بەدەس تۆ كرابوون زیندەبەگۆڕ
ئەوە تۆی لێت قەوماوە، دەریان پەڕاندووی، هەی گۆڕ
دەبڕۆ ئەی شاهی خاین بەغدا نیوەی رێت بێ

ئەمە ئەو شیعرە ئاگرینە بوو كە ھێمنی موكریانی بۆ ڕاكردنی یەكەمی محەمەد رەزا شا نووسی كە ساڵی ١٩٥٤ لە دەست حكومەتی میللیی دكتۆر محەمەد موسەدەق  ڕایكرد و بە رێی بەغدای  زەمانی مەلەكییەوە چووە رۆما. 

شا گەیشتە بەغدا  و ھێمن  لە شاری مەھابادەوە ئەم شیعرە جنێۆ ئامێزەی  بۆ ھەنارد كە  نەمبیستووە گەیشتبێتە  دەستی  شا . فەقەت لە دیوانی« تاریك و روون» قەید كراوە.  جگە لەوەش  لە كوردستانا وا دەنگی دایەوە كە بووە بەشێكی دیاری  ئەدەبیاتی سیاسییمان. «سەردێری بەغدا نیوەی رێت بێ » وەك ئیدێۆمێك  لە دەست ھێمنیش دەرچوو، بووە بەشێك لە فلكلۆری میللییمان . ھاوشێوەی ئیدێۆمی قەدیم «خوا لە سوڵتان مەحمود گەورەترە».

وەلحاسڵ شا پاش ماوەیەك لە رۆما،  بە تەگبیری ئیستعماری كۆن و نوێ ، ئینگلیز و ئەمەریكا ، گەرایەوە سەرتەختی پایتەخت. ئەمجارە بەغدای لەنیوەی رێی سەفەری كەنسڵ كرد و راستەوخۆ گەڕایەوە تاران. وەكو جاران دەستی بە كوشتوبڕی بێ رەحمانە كردەوە. دكتۆر موسەدەقی نەفی كرد بۆ ئەحمەدئاباد و دكتۆر فاتمی وەزیری دەرەوەی كوشت ، چونكە بۆ یەكەم جار وەك مونەوەرێكی چەپ داوای سیستمی كۆماری میللی كردبوو. 

ئینجا خانم سورەیای ھاوسەفەری مەنفای بەغدا- رۆمای تەڵاق دا ، گوایە بەبیانووی ئەوەی خەبەرێك لە شازادەیەكی میراتگر نەبوو. شای دیكتاتۆری ئێران ، وەك رۆژھەڵاتی ئێژن «عیدەیەكی زۆر» حوكمی كردەوە. لە جێی پەشیوانی و ھەڵسەنگاندنی حوكمڕانی رابردووی ، سەرلەنوێ دەستی بە بێنامووسی كردەوە. 

بەسەرھاتەكان لە تەونی خەباتی نھێنی تودەوە بۆ ناڕەزایی مەدرەسەی فەیزییە تا نەفی كردنی ئیمام خومینی بۆ راپەڕینی ساڵی ١٩٧٨-١٩٧٩ درێژەیان كێشا ، ئەمجا جارێكی تر شای «خوێری» بەوەسفی دیوانی تاریك و روونی ھێمن و ئەعلا حەزرەت بە وەسفی  دیوانی پەھلەوی بەزیو و ھەڵاتەوە،  ئەمجارەیان ھەڵاتنی یەكجارەكی بوو .

ئەمجارەیان مەنفا لە پەنەماوە بۆ میسر و بۆ ئەمەریكا ، نەك نیوەی رێ ، بەڵكو تەواوی رێی كۆتایی بوو ، نە شابانۆ فەرەح ، ژنی سێیەم كە بە شازادەی میراتگر و چەند منداڵێكەوە  جێی خانم سوریای پڕ كردبۆوە، جوبران خاتری كرد و دادی دا و نە پشتیوانی زۆر و زەوەندی ئەمەریكا فایدەی ھەبوو.
شای كوڕ، ھەتیمەكەی رەزاشا  بە وەسفی مەرحوم دكتۆر كەمال فوئادی خۆمان ، ھەر وەك باوكی  لە مەنفا فەوتی كرد . ئاخر باوكیشی ، كە دامەزرێنەری سەڵتەنەتی پەھلەوی بوو ، ئەویش بە گەلەكۆمەی شەرق و غەرب ، روس و ئینگلیز ، نەفی و تەبعید چارەنووسی بوو.

ئیتر ئەمە دونیایە،  شا دێ و شا دەڕوا و ئێمەی گەدا و شاعیر ھەر چاودێری دەكەین. دیارە ڕاكردنی دووەمی شا شیعری بەدواوە نەبوو ، چونكە ھێمنی مەزن خۆی لە بەغدای زەمانی جەمھوری  لێی قەومابوو بوو.  خەمی گەڕانەوەی بۆ وڵاتی ئازاد خولیا و خەیاڵی داگیر كردبوو ، ھەڵبەت ئاوارەیی ناچاری شاعیرانە فەرقی ھەیە لە ھەڵاتنی حیزەڵانە،  وەك فەرقی نێوان ئاسمان و رێسمانە.

ئاوارەیی شاعیرانەی ھێمن وەك دوورخراوەیەكی  سیاسیی،  ھەم تۆمارێكی شەرافەتمەندانە و ھەمیش بۆنە بوو بۆ لەدایكبوونی دەیان دەقی ناوازەی «غەریبایەتی» ئەوتۆ كە لە شیعری حەماسی «بەغدا نیوەی رێت بێ »باڵاتر و جوانتر بوو .

شا رەفت و شاعیری  «ئاوارە و پەڕاگەندە» ، بە وەسفی وردی  خۆی ، بە مەھابادی مەفتەن شاد وشوكر بۆوە و باقی ماجەراكە مەعلومی ھەموو خوێنەرێكی ژیرە. 

بەھانەی ئەم گێڕانەوەیە ھەڵاتنی ئەمرۆی  ئەشرەف غەنی سەرۆكی ئەڤگانستانە كە ترسنۆكانە و نابەرپرسانە وڵاتی  بۆ تاڵیبان و چارەنووسی نادیار بە جێ ھێشت. ئەشرەف غەنی لە بەغداوە ڕاینەكرد،  بەڵكو رەنگە دووشەنبە نیوەی رێی بێت . دووشەنبە پایتەختی وڵاتێكی تری فارسی زمانە، تاجیكستان، كە دوای كەوتنی كۆمارە سۆڤێتییەكان خەریكە ناو و ناوبانگ  پەیدا دەكات . 

بەغدای ئەمجارە خۆی بە قەدەر كابول قەرەباڵەغە و پڕە لە میلیشیا، بۆیە میوانداری كەسی پێ ناكرێت.
باسی تاڵیبان و چارەنووسی نادیار  لە شرڤە و شیعر  دەرچووە و بۆتە فاڵگرتنەوەی كۆمێنت نووسەكانی ئەھلی تەقەڵ . بۆیە بۆ نووسینی شێنەیی تری ھەڵدەگرم .

خوای گەورە لەگەڵ ھەموو كۆچكردوانی ھاوتەمەنی ئەو بەسەرھاتانەی سەڵتەنەت و پادشایی، بە نیەتی ئەفعال و ئەعمالی خۆیان  لەگەڵدا  بكات ، ناوی ھێمنەكەی تەپڵی سەری ئێمەش  لە ئاسمانی جاویدانیدا  بپارێزێ و وەك دەڵێن: ئەمرۆی لە ھەموو رۆژێكی تری خۆشتر بێت .