سەرۆك مام جەلال و كارەبای گوندی دەرەدۆین

سەلام قەزاز


14/07/2022

هەزار رەحمەت لە گۆڕی، مام جەلال ساڵی ۱۹۹٦ بیست و شەش ساڵ لەمەوبەر، بانگی كردم و چوومە خزمەتی، ووتی: گوندی دەرەدۆین شارەزای، ووتم: بەڵێ (دەرەدۆین دەكەوێتە خوار دەربەندیخان بە ئیتیجاهی كەلار)، ووتی: ئەزانی شەهید شاهۆ خەڵكی ئەو گوندەیە، ووتم: بەڵێ، شەهید هادی براشی لەگەڵ مندا سجن بوو.

مام جەلال ووتی: كەواتە ئێستا ئەو گوندە حەقی شەخسیان بەسەر تۆشەوە هەیە، وەفا بۆ ئەو گوندە واجبە كارەبایان بۆ تەئمین بكەی، (مێشولەی گەورە كە ئەوان پێی ئەڵێن گڕە دەموچاوی مناڵەكانی تێكداوە، ژیانیان تاڵ بووە).

ووتم: ئەمر ئەكەیت، بەڵام هیچ شتێكمان نییە، كارەكە ئاسان نییە. مام جەلال ووتی: دار بەكاربێنە لە جیاتی عەمود.

ووتم: ئەی محەویلە، محەویلەمان نییە.

مام جەلال ووتی: سەلام تۆ قەت نەتوتووە ئەو ئیشە نابێت، دایم وتووتە ئەكرێت، بڕۆ محەویلە دروست بكە !!!؟؟؟ بە من مەڵێ نابێت، مەیەرەوە لام تا كارەبات نەگەیاندبێت.

هاتمەوە دەستمكرد بە لەفكردنی محاویلەیەك كە بەیەك خەتی (۱۱ كەی ڤی) ئیش بكات نەك بە ۳ خەت، بەمەش تەنها یەك لەسەرسێی مواد پێویستە لە تەل و فنجان و براكێتی ناوێت.

زۆربەی موهەندیسەكان وتیان: ئەم محەویلەیەی تۆ دروستی ئەكەیت ئیش ناكات، دوای كڵاوی بابردوو كەوتوویت، دوای هەندێ حساباتی هەندەسی بۆ عەدەدی لفات، دەستمكرد بەدروستكردنی، كە تەواو بوو بردم بۆ محەتەی دەربەندیخان و كارەبام خستە سەری، وەڵا محەویلە بۆر ئیشی خۆی كرد (لە عیراق و كوردستان تا ئێستا محەویلەی یەك فێز دروست نەكراوە).

مامۆستا خالید مستەفا (كە مدیری محەتەی دوكان بوو بۆ چەند ساڵانێك، موهەندسێكی باش و پیاوێكی زۆر موحتەرەم و لە سەرخۆ بوو) پاشان بووە مدیری بەشی هونەری، بردم لەگەڵ خۆم بۆ دەرەدۆین، كارەبامان داگیرساند، خەڵكەكە زۆر زۆر مەمنوون بوون، ئێستاش فكرمە كاك خالید بە ڕەحمەت بێت، سەری ماچ كردم.

گەڕامەوە لای مام جەلال پێش ئەوەی من پێی بڵێم كارەبامان لە دەرەدۆین داگیرسان ئەو ووتی: دەستت خۆش بێت، من موتەئەكید بووم كە ئیشەكە ئەكەیت.

ئەمەش چیرۆكی دروستكردنی محەویلەی یەك فێز.

بیرم نەچێت كاك جوامێری برای شەهید شاهۆ زۆر زۆر هاوكارم بوو. ئێستاش بۆتە رەفیقێكی دڵسۆزم، خوا بێوەی كات.

وەك یادەوەریەكیش، لە كردنەوەی پرۆژەكەدا ئافرەتێك لە خۆشیاندا (RBG) یەكی تەقاند بەسەر پرۆژەكەدا.