لێدانی دەوحە: چی، چۆن، بۆ؟

سەردار عەزیز


3 رۆژ پێش ئێستا

راچڵەکین-

ڕۆژی حەوتی مانگ دۆناڵد ترامپ لە پلاتفۆرمی تروپ، نوسی، ئیسرائیل بە داواكارییەكانی من ڕازی بوە، ئێستا دەبێت حەماسیش ڕازی بێت. ئاگاداری حەماسم كردوەتەوە بە دەرئەنجامی قبوڵ نەكردن. ئەمە دوایین ئاگاداركردنەوەمە. 

ئەمە نیشانەی ئەوە بوو كە پرۆسەیەك لە ژێرەوە لە ئارادایە. قەتەرییەكان نێوەندگیربوون. حەماسیان لێئاگاداركردبوەوە. سەركردەكانی حەماس، كە هەندێكیان لە توركیا سەفەریان بۆ دەوحە كردبوو، بەمەبەستی كۆبونەوە لە سەر ئەو پرسە، ڕۆژی سێشەممە، لەو شوقەیەی لە وادی ڕەزوان، نزیك بە باڵوێزخانەی عێراق و ڕوسیا، لە باڵەخانەیەكی نوێدا كە ساڵی ٢٠٢٢ دروستكراوە، سەركردەكانی حەماس كرانە ئامانج. 

ئیسرائیلییەكان دەڵێن هەمان جێگایە كە پاش هێرشەكانی حەماس بۆ سەر ئێسرائیل، نوێژ و ئاهەنگی تیادا سازكرا.لێدانەكە كاتژمێر ٣ی پاشنیوەڕۆ  ڕویدا. 

ئایا قەتەرییەكان ئاگاداربوون؟

بە هەموو لۆجیكێك قەتەرییەكان ئاگاداربوون، هەروەها ئاگاداری ئیسرائیلیەكانیش بوون، چونكە چەند كاتژمەر پێش ئەوەی دە بۆ دوانزە فڕۆكە ڕاستەوخۆ لە ئیسرائیلەوە بە درێژایی ١٨٠٠ كم بفڕن بۆ دەوحە، فڕۆكەی سیخوڕیی ئیسرائیلی بە ئاسمانی شارەكەوە بوە و قەتەرییەكان و ئەمریكیەكان لێی ئاگاداربوون.

ئەگەر ئەوانەی كە دەبوو بكرێنە ئامانج نەكرابنە ئامانج دیسانەوە بەڵگەیە كە بە چەند خولەكێكی كەم لەو شوێنە دەركراون، كە دیسانەوە بەڵگەیە بۆ هەبونی ئاگاداریی. 

ئایا ئەمریكا ئاگادار بوو؟

لێرەدا سێ شت هەیە، سروشتی عەمەلییەكە، پەیوەندییەكان و ڕۆڵەكان. سروشتی عەمەلییەكە وەها دەخوازێت كە هەردوو ئەمریكا و قەتەر خۆیانی لێ بە دوور بگرن. هەتا پەیوەندییەكانیان كێشەی تێنەكەوێت. چونكە ڕۆڵەكانیان وەها دەخوازێت.

بەم پێیە وەك دەزانرێت، ڕۆژی دووشەممە، ڕاوێژكاری نزیكی نەتانیاهوو، ڕۆن درێمەر، لە شاری میامی لە گەڵ هەریەكە لە ستیڤ ویتكۆف و جارید كوشنەردا كۆبوەتەوە. دیارە دەبێت ئەوە ل ەبەرچاو بگرین كە هەر سێكەیان جولەكەن. نەتانیاهوو و كوشنەر هێندە نزیكن كە نەتانیاهوو زۆر جار لە ئەمریكا لە ماڵی ئەوان دەمێنێتەوە. بەڵام دەڵێن ڕاوێژكارەكەی نەتانیاهوو ئەوانی ئاگادار نەكردوە. 

ڕێكەوتنەكە چی بوو؟

ڕەشنوسی ڕێكەوتنەكە وەهابوو كە لە ڕۆژی یەكەمدا هەموو بارتمەكان ڕزگار بكرێن، لە بەرامبەردا ئیسرائیل ١٠٠٠ فەلەستینی ئازاد بكات.

ڕۆژی دووەم پرۆسەی بونیادنانەوەی غەزە دەست پێبكات كە ترەمپ خۆی بەشدار دەبێت تیایدا.
لێدانەكە چۆن بوو؟

ئیسرائیلیەكان لەوە ئاگاداربوون كە دەبێت بە تەواوی تەنها ئەو جێگەیە بپێكن، هەتا دوایی بڵێن هێڕشەكە یەك ئامانجی هەبوو، پێكایی و هیچ زیانی نەبوو. بۆیە زانیاری سیخوڕیی وورد زۆر پێویست بوە، لە كاتی بونی كەسەكان لەوێ، سروشتی جێگاكە، ئەگەر بەركەوتنی ئەوانیتر و زۆر بواری تر.

ئەمەش وەها دەكات كە گومانی ئەوە بكەین كە هەردوو سیخوڕیی مرۆیی و تەكنەلۆجی بە چڕی تیایدا بەشداربوون. 

دیار ڕەنگە قەتەرییەكان كەمێك بێخەم بوو بن، چونكە پەیمانی ئەوەیان پێدرابوو كە هێرش نەكرێتە سەر شاندی حەماس لە قەتەر. ڕەنگە ئەمەش لە گلەییەكەی كۆشكی سپیدا دەركەوێت كە نیگەران نیە بەرامبەر لێدانی حەماس، بەڵام نیگەرانە لە شوێنەكە، كە مانای وەهایە ئەوە جۆرێك بوە لە ڕێكەوتن بەڵام سەرپێچی كراوە.

گرێی ئیسرائیل!

ئیسرائیلیەكان خۆیان باوەڕێك پێكەوەی بەستوون، ئەگينا خەڵكی زۆر زۆر جیاوازن. ئەمەش وەها دەكات كە باوەڕ لای ئەوان پێگەیەكی جیاواز تری هەبێت. لەم ڕوەوە كاتێك دەبینن نەیارەكانیان شەڕەكانیان وەك بەشێك لە باوەڕیان دەكەن، وەهای دەبینن كە شەڕێكی ئەزەلییە. بۆیە هەستكردن بە سەركەوتن زۆر ئەستەمە لەلایان. 

ملهوڕبونی حەماس، وەهای كردوە كە زیاتر و زیاتر سوربن لە سەر هێرشەكانیان.ئەم دۆخە زیاتر چڕبوەتەوە لە كاتێكدا ئێرانیش وڵاتێكی لێدراوە، بەڵام نەڕوخاوە. 

كاریگەرییەكان 

قەتەر بوو بە حەوتەمین وڵاتی لێدراو پاش هێرشەكەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل. بەڵام قەتەرییەكان جگە لە پرتەوە بۆڵە هیچی تر ناكەن. جارێكیان نەوشیروان مستەفا پێی ووتم، كە  یەكێتی و پارتی، پەكەكە، دەبینن وەها خۆیان پێشان دەدەن كە دۆستیانن. كاتێكیش توركەكان دەبینن خۆیان وەها پێشان دەدەن دۆستیانن. قەتەریش هەمان یاری دەكات. بەڵام بۆ ئامانجی خۆی.
ئیسرائیل خەمی نیە، چونكە قەتەرییەكان بۆیە دۆستی ئیسرائیلن چونكە بەهێزن. ئێستا كە لێیانداون، بەهێزترن، بۆیە زیاتر دۆستیان دەبن.

دەرئەنجام

ئیسرائیلییەكان دەیانەوێت ئەوە بچەسپێنن كە هیچ بەربەرست و ڕێگرییەك نیە لە بەردەمیاندا بۆ ئەنجامدانی هەر پلانێك لە ناوچەكەدا. ئێستا ئەوە بتوانێت بەرگریی بكات توركیایە. بەڵام تورك ڕاستەوخۆ خۆیان ناخەنە ئەو دۆخەوە.