بە حەق كوڕی باوكی خۆیەتی

سەنگەر عەبدولسەمەد


1 کاتژمێر پێش ئێستا

لەچەند ڕۆژی ڕابردوو دوای قسە و باسكردنێكی زۆر لەسەر بابەتی دوو ئیدارەیی و جارێكی تر دابەشكردن و تێكچوونی ئەزموونی هەرێمی كوردستان بۆ دوو زۆن و دوو ئیدارەیی جیاواز.

بە دەنگێكی زوڵاڵی تەواو بەرز و دەنگ دلێر و شێرانە، زۆر ڕوون و ڕاشكاو و بە ئاشكرا لەبەردەم كەناڵەكانی ڕاگەیاندن گوێبیستی ووتەی نەخێر بۆ دوو ئیدارەیی بووین  (( نە یەكێتی نە پارتی حەقی ئەوەی هەیە باسی دوو ئیدارەیی بكات، ئەوە بەرهەمی فیداكاریی و قوربانیدانی زیاتر لە شەش ملیۆن كەسە، ئەو هەموو شەهیدەمان داوە، بۆیە نە هیچ هێز و لایەنێكی سیاسی حەقی ئەوەی نییە بڵێ و داوای ئەوە بكات قەوارەی هەرێم نەمێنێت، كە باسی دوو ئیدارەیی دەكرێت ئێمە نە لەگەڵین و نە سیاسەتی یەكێتیە)).

ئەو ووتانە سیاسەتی ڕوون و ئاشكرای یەكێتی و قەناعەتی تەواوی (دەرباز كۆسرەت ڕەسوڵ) بوون

كاتێك سەركردەیەكی گەنجی پر ئەزموونی ووڵاتەكەم ، كە خوێنی سەركردەیەكی گەورەی وەكو كاك كۆسرەت بە شادەمارەكانی هاتووچۆ دەكەن، دەنگی نەخێر بۆ بەزاندنی سنووری دوو ئیدارەیی بەرزدەكاتەوە، ئەو ڕاستییە دەردەخات كە ووتەكانی پەیام و هۆشیاریی گەورە و گرنگە بۆ سەرجەمی هێز و لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان، هەروەها دڵنیایی و ئارامییە بۆ هاووڵاتیان و متمانەی گەورەی هاووڵاتیانیشە بۆ ووتەكانی، چونكە بارودۆخی ئێستای ناوچەكە و هەرێمی كوردستان بەرگەی تێكچوونی زیاتر ناگرێت و هاووڵاتیانیش بەرگەی هیچ دابەشبوون و نەهامەتییەكی تر ناگرن لەپاڵ هەموو ئەو نەهامەتییانەی ڕۆژانە رووبەڕوویان دەبێتەوە.

ئەگەر كەمێك ئاوڕ لە ڕابردوویەكی نزیك بدەینەوە، لە گەرمەی شەڕی نەگریسی ناوخۆیی نێوان پارتی و یەكێتی، ڕەوانشاد مام جەلال سكرتێری گشتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، خۆی ڕاستەوخۆ بەرەو سەری ڕەش و پیرمام بەڕێكەوت بەبێ هیچ ڕێككەوتن و ئاگادارییەكی پێشوەختە، كۆتایی بە شەڕ و دەرگایەكی گەورەی بۆ ئاشتی كردەوە، ئەم هەنگاوەش هەنگاوی یەكەم بوو بۆ ئاشتەوایی و یەك ئیدارەی و یەك پارچەیی هەرێمی كوردستان.

هەرچەندە قۆناغی ئەمڕۆمان جیاوازی زۆر و گۆڕانكاریی زۆری بەخۆیەوە بینیوە، بەڵام بەرژەوەندیی گشتی گەل و نیشتمانیمان لەپێش هەموو بەرژەوەندییەكانی ترە.

هەر بۆیە ڕوانینی كاك دەرباز ڕوانینی سیاسەتی نەگۆڕ و نەپساوەی یەكێتیی و سیاسەتی ڕابردووی مام جەلال و ڕێڕەوی ڕاست و ڕەوانی كاك كۆسرەت و سیاسەتی ئێستای یەكێتییە، بۆ یەك هەرێمی و یەك حكومەتی بۆ خزمەتی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان، دوور لە خۆسەپێنی سیاسیی و بەرژەوەندی تاك لایەنی و تاك حزبی.

لە كۆتاییدا دەمەوێت ڕووی قسەكانم ئاڕاستەی هەموو سیاسییە پڕ ئەزموون و شارەزایان و پسپۆڕان و نوسەران و ڕۆشنبیران بكەم ، تاوەكو هەڵوێستەی جددی لەسەر قسەكانی دەرباز كۆسرەت ڕەسوڵ بكەین.