دكتۆر لوئەی جاف
2 کاتژمێر پێش ئێستا
لە ۱٥ بۆ ۱۷ حوزەیران ۲٠۲٦، لە شارە ئاو سازگارەكەی ئێڤیان-لێ-بان لە فەرەنسا، كۆبوونەوەی گروپی G7 دەستی بە كارەكانی كرد. ئەم لوتكە گرنگە، لە كاتێكدا بەڕێودەچێت كە جیهان بە شێوەیەكی قەیراناوی كەوتۆتە نێو ئاڵۆزی سیاسی و ئابووری گەورە. لە سەروبەندی ئەم بارودۆخەدا، ڕاگەیاندنی ڕێككەوتنێكی سەرەتایی نێوان ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و كۆماری ئیسلامی ئێران، بووەتە بابەتی سەرەكیی گفتوگۆكانی سەركردەكانی G7.
بە پێی زانیارییە بڵاوكراوەكان، واشنتۆن و تاران گەیشتوونەتە تێگەیشتنێكی بنەڕەتی لە سەر وەستاندنی هەمیشەیی شەڕ، كردنەوەی گەرووی هورمز و دانانی چوارچێوەیەك بۆ بەردەوامبوونی گفتوگۆكانی نێوانیان. بەڵام ئیسرائیل بەم ڕێككەوتنە ڕازی نیە و پێدەچێت هەوڵەكانی بەردەوام بێت بۆ تێكدانی ڕێككەوتنەكە یان هەڵگیرسانی شەڕی تاكلایەنە دژی ئێران بە بێ ئەمریكای هاوپەیمانی.
۱ـ كاریگەری ڕێككەوتنەكە لە سەر بازاڕەكانی جیهان
ڕاگەیاندنی ئەم ڕێككەوتنە بە خێرایی و پۆزیتیفانە پێشوازیی لێكرا لە بۆرسە و بازاڕە داراییەكان. دوای مانگێك لە دڵەڕاوكێ و ناسەقامگیری، پێشبینی دەرێت نرخی نەوت بەرەو دابەزین بچێت كە ئەمەش نیشانەیەكی هیوابەخشە بۆ گەڕانەوەی ئارامی بۆ بازاڕەكانی وزە. دڵنیابوون لە ئاسایشی هاتووچۆ لە گەرووی هورمز زۆر گرنگە، بە تایبەتی بۆ وڵاتانی ئەورووپا و ئاسیا كە زۆربەی پێداویستییەكانیان لە نەوت و گازی هاوردەكراو، لە ڕێگەی ووڵاتانی كەنداوی عەرەبی دابیندەكرێت و بە گەرووی هورمز تێدەپەڕێت بۆ ووڵاتانی كڕیار.
بەڵام، هێشتا پرسیارگەلێكی زۆر لەبارەی چۆنیەتی جێبەجێكردنی ڕێككەوتنەكە بە هەڵواسراوی ماونەتەوە. چارەنووسی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران، هەڵگرتنی سزا ئابوورییەكان و ڕۆڵی گروپ و هێزە چەكدارەكانی نزیك لە سوپای پاسداران، پێویستیان بە گفتوگۆ و دانوستاندنی زیاتر هەیە.
۲ـ فەرەنسا، ناوەندێكی دبلۆماسی بێ وێنە
وەك خانەخوێی كۆبوونەوەی G7، فەرەنسا ڕۆڵێكی گرنگی بینی لە هەوڵدان بۆ دروستكردنی هاوڕایی نێودەوڵەتی. سەرۆكی فەڕەنسا (ئیمانوێل ماكرۆن) ئارامی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پاراستنی ڕێڕەوە بازرگانیە جیهانیەكانی كرد بە یەكێك لە سەرەكیترین بابەت و ئامانجەكانی ئەم لوتكەیە.
پاریس ژمارەیەك لە وڵاتانی كاریگەری ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بانگهێشت كرد، لەوانە عەرەبستانی سعودی، ئیماراتی عەرەبی یەكگرتوو، قەتەر و میسر، بۆ ئەوەی چوارچێوەیەكی فراوانتر بۆ چارەسەری دیپلۆماسی دابین بكرێت.
دیپلۆماسیەتی فەڕەنسا ماوەیەكی زۆرە پشتیوانی دەكات لە چارەسەرێكی ئاشتیانە و سیاسیانە بۆ كێشەكانی ئێران. لە چوارچێوەی G7 دا، فەرەنسا هەوڵەكانی كەمكردنەوەی ئاڵۆزیی سەربازی چڕكردۆتەوە، بەڵام لە هەمان كاتدا جەخت دەكاتەوە لە سەر دڵنیابوون كە ئێران چەكی ئەتۆمی بەدەست نەهێنێت.
دبلۆماسیەتی فەڕەنسی، لەم لوتكەیە، هەوڵەكانی چڕكردۆتەوە بۆ بەهێزكردنی ڕۆڵی ئەوروپا لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتی. بۆ پاریس، تەنها چارەسەر بۆ كێشەكانی جیهان، گفتوگۆ و گرتنەبەری ڕێگای دیپلۆماسیەتە و پێی وایە تەنها ڕێگایە كە بەردەوام دەتوانێت بەرژەوەندیە ئابوورییەكانی هەموو لایەك دەپارێزێت و ڕێگری دەكات لە دروستبوونی قەیرانیتر لە بواری وزەدا.
۳ـ هەنگاوێك بەرەو ئارامی و سەقامگیری
بێگومان كۆبوونەوەی G7 ی ساڵی ٢٠٢٦ وەك خاڵێكی گرنگ لە مێژووی پەیوەندییەكانی نێوان ئەمریكا و ئێران تۆمار دەكرێت. ئەگەرچی ڕێككەوتنەكە هەنگاوێكی گرنگە بەرەو كەمكردنەوەی ئاڵۆزییەكان، بەڵام سەركەوتنی ئەو پرۆسەیە پەیوەستە بە پابەندبوونی هەردوو لایەن بە بەڵێن و ڕێككەوتنەكانیان و بەردەوامی گفتوگۆكان.
بۆ فەڕەنسا، ئەم كۆبوونەوەیە دووبارە سەلماندی كە دەتوانێت وەك هێزێكی دیپلۆماسیی كاریگەر، لایەنە جیاوازەكانی جیهان بخاتە سەر یەك مێزی گفتوگۆ. لە جیهانێكدا كە پڕە لە ئاڵۆزیی قەیرانی سیاسی و ئابووری، دیپلۆماسیەت و گفتوگۆ زیاتر لە هەر كاتێكی تر پێویستن بۆ پاراستنی سەقامگیریی بازرگانیی نێودەوڵەتی و ئاسایشی گشتی.
٤ـ كورتەیەك لە سەر مێژوو و ئامانجەكانی G7
گروپی حەوت (G7) یەكێكە لە گرنگترین فۆڕۆمەكانی هەماهەنگیی ئابووری و سیاسی لە جیهاندا. ئەم گروپە لە ساڵی ١٩٧٥ دامەزرا، كاتێك سەركردەكانی فەڕەنسا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا، ژاپۆن، بەریتانیا و ئەمریكا لە شاری (رامبوییە)ی فەڕەنسا كۆبوونەوە بۆ گفتوگۆ لەسەر قەیرانە ئابوورییەكانی ئەو سەردەمە. ساڵێك دواتر، كەنەداش پەیوەندی پێوە كردن و گروپەكە بە ناوی G7 ناسرا. یەكێتیی ئەورووپا هەروەها وەك ئەندامێكی هەمیشەیی لە چاودێری و بەشداریی چاڵاكدا لە كۆبوونەوەكان ئامادە دەبێت.
ئامانجی سەرەكیی G7 بریتییە لە تەنسیقكردن و دانانی بەرنامەی گونجاو سەبارەت بە سیاسەتی ئابووری، دارایی و بازرگانی نێوان زلهێزە پیشەسازییەكان، هەروەها گفتوگۆ لەسەر پرسیارە گرنگەكانی جیهان وەك گۆڕانی كەشوهەوا، ئاسایشی وزە، تەندروستی جیهانی، بازرگانی نێودەوڵەتی و چارەسەری ململانێ نێودەوڵەتییەكان. ئەگەرچی G7 ڕێكخراوێكی فەرمی نییە و بڕیارەكانی پابەندكەر نین، بەڵام لەبەر ئەوەی ئەندامەكانی بەشێكی زۆر لە ئابووریی جیهان و بازرگانی نێودەوڵەتی پێكدەهێنن، بڕیار و ڕاسپاردەكانی كاریگەرییەكی بەرچاویان لەسەر ڕووداوە سیاسی و ئابوورییە جیهانییەكان هەیە.
لە ساڵی ٢٠٢٦دا، كۆبوونەوەی G7 لە فەڕەنسا بارێكی تایبەتی وەرگرت، چونكە جگە لە بابەتە ئابوورییەكان، بووە سەكۆیەكی گرنگ بۆ گفتوگۆ لەسەر ئارامی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەوڵە دیپلۆماسییەكان بۆ كەمكردنەوەی ئاڵۆزیی نێوان ئەمریكا و ئێران. بەم شێوەیە، G7 هەروا بەردەوامە لە ڕۆڵی خۆی وەك یەكێك لە گرنگترین مەیدانەكانی گفتوگۆ و هەماهەنگی نێودەوڵەتی.
پاریس
۱٦/٦/۲٠۲٦