خۆرهەڵاتی ناوڕاست ئاڵۆزتر بوو

هەرێم کەریم


3 رۆژ پێش ئێستا

راچڵەکین-

 

هێرشی ئیسڕائیل بۆ سەر قەتەر، لە ڕووی سیاسی و ئەمنییەوە ڕوداوێكی گەورەیە، بومەلەرزەیەكی بەهێزە لە ناوچەكە. كۆمەڵێك پرسیار و گومان بەدوای خۆیدا دەهێنێت:

فڕۆكە ئیسڕائیلیەكان چۆن گەیشتن بە قەتەر؟ ئایا (١) سعودییە و ئیمارات ڕێگەیاندا ئاسمانی وڵاتەكەیان بەكاربێت؟ (٢) یان لەڕێگەی ئاسمانی ئوردون، عیراق و كوەیتەوە فڕۆكەكان گەیشتنە قەتەر؟ یان (٣) لەڕێگەی میسر و دەریای سورو عومانەوە؟ 

یەكەمیان ئەستەمە بەڕێككەوتن بوبێت، بەڵام ئەگەر فڕۆكەی (F15 یان F35ی ستێڵس)ی بەكارهێنابێت كە ڕادار ئاشكرای ناكات، دەتوانێت ئەو ١٨٠٠ كیلۆمەترە ببڕێت بەبێ پێداویستی بەنزین تێكردنەوە لەئاسماندا. لە هەردوو ئەگەرەكەدا سعودییە و ئیماراتیش پەلكێشی ناو هاوكێشەكە دەكات. 

دووەمیان ئەگەر ڕێگەی ئوردون، عیراق، كوەیتی بەكارهێنابێت، فڕۆكەكان پێویستیان بە بەنزین تێكردنەوەیە لە ئاسمان. ئیسڕائیل تەنكەری بەنزین تێكردنەوەی ئاسمانی نییە. چ وڵاتێكی تر تەنكەرەكەی بۆ دابینكرد؟ كاردانەوەی ئەو وڵاتانە چی دەبێت بەرامبەر ئیسڕائیل؟ كاردانەوەی قەتەر چی دەبێت بەرامبەر ئەو وڵاتانە؟ 

سێیەمیان زۆر دوورە و هاوشێوەی دووەمیان فڕۆكەكان پێویستیان بە تەنكەری بەنزینە لەئاسمان. كاردانەوەی میسر و عومان چی دەبێت بەرامبەر ئیسڕائیل؟ كاردانەوەی قەتەر چی دەبێت بەرامبەر میسر و عومان؟ 

وڵاتەكانی كەنداو ساڵانە سەدان ملیار دۆلار لەبەهێزكردنی هاوپەیمانێتییەكانیان لەگەڵ ئەوروپا و بەریتانیا و ئەمەریكا خەرجدەكەن. وەك دورگەی ئارامیی و دیپلۆماسی لەخۆرهەڵاتی ناوڕاستدا خۆیان ناساندووە، دەروازەی بازرگانی جیهانین. هێرشێكی لەم جۆرە ئاماژەیە بۆ ئەوەی كە خۆرئاوا، لەپێناو ئیسڕائیلدا هەمو شتێك بەرامبەری هاوپەیمانەكانیان دەكەن. 

ئایا هاوشێوەی حوسییەكانی یەمەن چۆن سعودییەیان هێنایە سەرچۆك و بەچەند هێرشێك بۆ سەر كێڵگە نەوتییەكانی ئارامكۆ، ناچاریان كردن هێرشەكانی سەر یەمەن ڕاگرن، لەدوای ئەم هێرشەی ئیسڕائیل، وڵاتەكانی كەنداو ناچار دەكرێن هاوكاریی ئیسڕائیل بكەن لەبەدەستهێنانی ئامانجەكانی؟ 

ئێستا ڕوونە، بێدەنگیی وڵاتە عەبەرەبییەكان بەرامبەر ئیسڕائیل لەجەنگی غەزە بەتەنها نایانپارێزێت لەهێرشی ئیسڕائیل و تێكدانی سەقامگیریی وڵاتەكانیان. بەم هێرشە، ئیسڕائیل پێیان دەڵێت هێڵی سێیەم و بێلایەنی بونی نییە، یان دۆستن یان دوژمن، خۆتان یەكلایی بكەنەوە. 

پەیوەست بە بونی حەماس لە قەتەر، لە ساڵی ٢٠١٢وە كە دۆخی سوریا تێكچو، ئەمەریكا داوای لەقەتەر كرد كە بیانگرێتە خۆی، هاوشێوەی باڵە سیاسییەكەی تاڵیبان. بەگوێرەی زانیارییەكان، ئەو سەركردانەی حەماس لەهەمانكاتدا ئۆفیسیان لە توركیایە و بۆ تاووتوێكردنی پرسی ئاشتی لەقەتەر كۆبونەوەكەیان ئەنجامداوە. ئایا ئیسڕائیل جورئەتی ئەوە دەكات لەدوای قەتەر هێرش بكاتە سەر توركیا؟