كۆماری ئیسلامی ئێران و هاوپەیمانەكانی لەبەردەم كۆتا جەنگی وجودیی خۆیاندا؟

ئەبوبەكر كاروانی


5 کاتژمێر پێش ئێستا

راچڵەکین-

 

بەرەی بەرەنگاری بە سەرۆكایەتی كۆماری ئیسلامی ئێران و پڕۆژەی ئایدۆلۆژی و سیاسی و سەربازیی شیعەی سیاسیی لە خۆرهەڵاتی ناوەراستدا بەگشتی، لەبەردەم ئەگەری كۆتا جەنگی یەكلاكەرەوەی چارەنووسی خۆیاندان، وەك پاڵپشتیییەكی لۆجیستی بۆ ئەوەی لە مەیدانە نیشتیمانییە بەئامانجگیراوە گریمانەكراوەكاندا لەئارادایەو داوای هێنانە كایەی دۆخێكی نوێ دەكات.

نەخشەكەش بەو جۆرەیە، ئەو بۆشاییە جیۆستراتیژییەی چاوەڕێ دەكرێت لە ئەگەری ئەو جەنگەدا بێتەكایەوە، نابێت ئیسلامیی سووننیی پڕی بكاتەوە. باس و خواسی بە تیرۆریست ناساندنی ئیخوانیش لەلایەن ئەمریكاوە لەداهاتوودا، لە ڕەهەندێكی گرنگیدا دەچێتە ئەم چوارچێوەوە.

هەقە كورد لەسەر ئاستی هەر پارچەیەكی كوردستانی دابەشكراو و ئاستە نەتەوەییەكەشدا، خۆئامادەكردنێكی تەواوی لەم ڕووەوە هەبێت و دۆخی لەناكاوی كۆكردنەوەی تواناكانی ڕابگەیەنێت. خوێندنەوە و سیناریۆ و بژاردەی تایبەت بەخۆی هەبێت، وابیربكاتەوە و كاربكات و ووتاری دابڕێژێت كە پێویستە ببێتە هێزێكی نوێی خۆرهەڵاتی ناوەراست لە پێناسە نوێیەكەیدا، چونكە بە بێ چارەسەركردنی پرسی كورد، خۆرهەڵاتی ناوەراستی نوێ سەبارەت بە ئێمە دەبێتە درووشمێكی بێ ناوەرۆك.

 بۆیە، ئێستا كاتی ئەوەیە، خانەیەكی بەدەمەوەچوونی خێرا و ژوورێكی ئۆپەراسیۆنی نیشتیمانی بۆ هەر پارچەیەك و ژوورێكی هاوبەشیش لەسەر ئاستی نەتەوەیی دابمەزرێت، بیربكاتەوە، بەدواداچوونی ورد بۆ گۆڕانكارییەكان بكات، هەماهەنگی بكات و نەخشەرێگای هەبێت.