چارەسەرێكی ناوەندی بۆ دۆخی چەقبەستووی كەركووك

عارف قوربانی


07/01/2024

ئەگەر بڕیاربێت هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق، گیانێكی تازە بە بەر ئیدارە خۆجێییەكانی پارێزگاكاندا بكات و دەسەڵاتێكی كارای خزمەتگوزار و دەزگایەكی چاودێری بێنێتە ئاراوە، بۆ كەركووك تەواو پێچەوانەیە، نەك چاوەڕوان ناكرێت ببێتە زادەی لەدایكبوونی ئیدارەیەكی نوێ، بەڵكو گریمانەی ئەوە زاڵە كە هەڵبژاردنی كەركووك، لەلایەك ناكۆكیی لایەنە سیاسییەكانی پێكهاتە جیاوازەكان قووڵتر بكاتەوە و لەلایەكی دیكەشەوە حكومەتی خۆجێی شارەكە بەرێتە دۆخێكی چەقبەستووەوە. 
 
هەرچەندە پارێزگای كەركووك تاكە پارێزگا نییە كە پێكهاتەی جیاوازی تێدایە، بەڵام ئەوەی كەركووك لەو شارانەی دیكە جیادەكاتەوە خودی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانە، چونكە لە یاساكەدا كەركووك تایبەتمەندیی ئەوەی دراوەتێ كە (دەسەڵات بەشێوەیەكی دادپەروەرانە دابەش دەكرێت، بە جۆرێك هاوبەشیی پێكهاتەكانی پارێزگاكە مسۆگەر بكات، بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان). 
 
سەرباری ئەوەی یاساكە بە دەق ئەوەی دووپاتكردووەتەوە كە ئەنجامی هەڵبژاردنەكان لەبەرچاو ناگیرێن لە پێكهێنانی ئیدارەی خۆجێی پارێزگاكە، بەڵام دواجار ئەوەی بەشدار دەبێت لە پێكهێنانی ئیدارەكە هەر دەبێت هێزە بەشدارەكان و براوەی پرۆسەی هەڵبژاردن بن، بۆیە دەتوانرێت ئەو بڕگە یاساییە وەك جۆرێك لە پارێزبەندی بۆ مافی بەشداریی هەر پێكهاتەیەك لێكبدرێتەوە، نەك ئەوەی هیچ تایبەتمەندییەك بە دەرئەنجامی هەڵبژاردن نەدرێت، بەڵام دەتوانرێت ئەم بڕگە یاساییە بۆ ئەوە بەكارببرێت رێگری لەوە بكات لەسەر بنەمای زۆرینە و كەمینەی چەند لایەنێك یاخود چەند پێكهاتەیەك، پێكهاتەیەكی دیكە فەرامۆش بكرێت. ئەمەش ئەوە دەچەسپێنێت دەبێت حكومەتی خۆجێی كەركووك نوێنەری براوەی هەڵبژاردنی هەر چوار پێكهاتەكەی تێدابێت. 
 
ئەنجامی هەڵبژاردنەكان و دابەشبوونی كورسییەكان بەسەر پێكهاتەكاندا، لەگەڵ بوونی ئەم بڕگە یاساییە وەكو كۆتێك بۆ پێكهێنانی ئیدارەی كەركووك، رێگە لەوە دەگرێت بتوانرێت بە دروستكردنی هاوپەیمانیی سیاسی لەنێوان چەند لیستێكی براوەدا، حكومەتی خۆجێی دروستبكرێت كە پێچەوانەی كەركووك، هەموو پارێزگاكانی دیكە لەسەر ئەو بنەمایە ئیدارەی نوێ پێكدەهێنن. لەكاتێكدا بە بوونی ئەم دەقە یاساییەوە دەتوانرا بە هاوپەیمانێتیی زۆرینەی كورسییەكان، ئیدارەی كەركووك پێكبهێندرایا، ئەگەر دابەشبوونەكە بەم جۆرەی ئێستا نەبوایا، بۆ نموونە ئەگەر توركمانێكی شیعی و عەرەبێكی شیعە كورسییان بەدەستبهێنایە، كورد و مەسیحی و توركمان و عەرەبە شیعەكە پێكەوە دەبوونە زۆرینە، ئەوكات نە توركمانەكەی دیكە و نە عەرەبەكانی تر مافی ئەوەیان نەبوو پەنا ببەنە بەر دادگەی فیدراڵی و بڵێن مافی پێكهاتەكانمان فەرامۆش كراوە. یاخود ئەگەر بەربژێرە كریستیانەكە لە بەرەی یەكێتی نەبوایا، ئەوكات عەرەب و توركمان و پارتی و كورسیی كریستیانەكان، دەیانتوانی ئیدارە دروست بكەن و یەكێتی كە زۆرینەی كورسییەكانیشی لەلابوو، ئەو شەرعییەتە یاساییەی نەدەبوو پەنا بباتە بەر دادگە، بەڵام ئێستا دەتوانرێت كورسیی كریستیانەكان وەك بارمتەیەك لەلایەن یەكێتییەوە بەكارببرێت كە بە زۆرینەی كورسیی عەرەب و توركمان و پارتیش نەتوانن حكومەت پێكبهێنن، چونكە لەو حاڵەتەدا بەربژێری كریستیانەكان بەشداری ناكات و بە پەنابردنە بەر دادگە، دەتوانێت ئیدارەكە هەڵبوەشێنێتەوە. واتا تاوەكو ئەندازەیەك هەموو لایەك جۆرێك لە حەسانەی ئەوەی هەیە كە نابێت فەرامۆش بكرێت. 
 
جگە لەم كۆتە یاساییە، دابەشبوونێكی دیكەش تا ئەندازەیەك كۆسپێكی دیكەیە بۆ كەركووك، ئەویش ئەو دابەشبوونە سیاسییەیە كە لەدوای روخانی سەدامەوە كورد و كریستیانەكان كەوتنە بەرەیەك و توركمان و عەرەبیش لە بەرەیەكی دیكە. ئێستاش دەرئەنجامی دابەشبوونی كورسییەكان جۆرێك لە هاوسەنگی لەنێوان ئەم دوو بەرەیە دروستكردووەتەوە، عەرەب و توركمان نیوەی كورسییەكانیان بردووە و كورد و كریستیانیش نیوەكەی دیكەی. 
 
لەناو كوردیشدا وێڕای بوونی كێشە و ناكۆكیی قووڵی پارتی و یەكێتی، كە هێشتا ئاماژەیەكی روون دیار نییە بەوەی دەتوانن وەك یەك فراكسیۆنی كوردی خۆیان رێكبخەنەوە یاخود نا، هەروەها دابەشبوونی لایەنە سیاسییەكانی ناو پێكهاتەكانیش بەسەر بەرەی توركیا و ئێراندا بێ كاریگەر نابێت لەسەر دروستكردنی ئیدارەی كەركووك، بۆیە بە هەموو پێوەرێك ناتوانرێت لەو ماوە یاسایی و ئاساییەی بۆ پێكهێنانی حكومەتی خۆجێی پارێزگاكان دانراوە، لە كەركووك حكومەت پێكبهێندرێت. لایەنی خراپی ئەم دواخستنەش ئەوەیە تاوەكو ئیدارەی نوێ دروست نەكرێت، دەسەڵات لە دەستی ئەم ئیدارەیەی ئێستا بەردەوام دەبێت كە ئێستا ئیدارە لەلایەن پێكهاتەی عەرەبییەوە بە خراپی بەڕێوەدەبرێت و كورد و توركمان نیگەرانن لەو جیاكارییانەی دەكرێن. تەنانەت پێشتریش كە ئیدارە بەدەست كوردەوە بوو، ئەوكاتیش عەرەب و توركمان نیگەران بوون. هۆكارەكەشی ئەوەیە نەتوانراوە میكانیزمێك بدۆزرێتەوە كە بە كرداری هەموو پێكهاتەكان بەشداریی دەسەڵات بكەن، پارێزگار لای كێ بووبێت دەسەڵاتی بەسەر شارەكەدا سەپاوە و ئەوانی دیكە فەرامۆش كراون.
 
بۆیە لەبری ئەوەی بیر لە سیناریۆی جیا جیا بكرێتەوە بۆ پێكهێنانی حكومەتی خۆجێیی كەركووك و گفتوگۆكان لەسەر بنەمای ئەوە بن كام لایەن و كام پێكهاتە دەتوانن پێكەوە رێككەون، وەك ئەوەی ئێستا دەگوترێت عەرەب و توركمان لەناو خۆیان رێككەوتوون پۆستی پارێزگار بەشێوەی دوو ساڵ بە دوو ساڵ بەڕێوەبەرن، یان ئەو هەوڵانەی لایەنی كوردی دەیدات بۆ دەستەبەركردنی دڵنیایی لە وەرگرتنی پارێزگار كە بە دەقی یاسای هەڵبژاردنەكان ئەم پۆستە بە دەنگدان و بردنەوە و دۆڕان یەكلانابێتەوە، بۆیە لێرەدا چارەسەرێكی مامناوەندی و پێشوەختە دەخەمەڕوو لەلایەك بۆ جۆرێك لە دروستكردنی هاوسەنگیی راستەقینە لە بەڕێوەبردنی شارەكە لەلایەن پێكهاتەكانەوە و لەلایەكی دیكەشەوە وەك یارمەتیدەرێك بۆ ئەوەی تەنها چاوەكان لەسەر وەرگرتنی پۆستی پارێزگار نەبێت و ئەم دۆخە چەقبەستووە چاوەڕوانكراوەی كەركووك تێپەڕێندرێت. پێشنیاز دەكەم دەسەڵاتەكانی كەركووك بە رەچاوكردنی جۆرێك لە هاوسەنگی بكرێتە خشتەیەك و گفتوگۆ لەسەر ئەوە بكرێت هەر پێكهاتەیەك كام لیستە لەم خشتەیە وەردەگرێت. 
 
بۆ نموونە پۆستی پارێزگاری كەركووك و جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگا لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی و كشتوكاڵ لیستێك بێت، لە ئەگەری ئەوەی بۆ پێكهاتەی كوردی بێت، لە بەرامبەردا پۆستی سێ قایمقام (ناوەندی كەركووك و دوبز و داقووق) و بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەكان و پەروەردە بۆ پێكهاتەی توركمان بێت، پۆستی سەرۆكی ئەنجوومەن و جێگری پارێزگار و قایمقامی حەویجە و بەڕێوەبەری پۆلیسی كەركووك بۆ لایەنی عەرەبی بێت. پێكهاتەی كریستیانیش سەرۆكی شارەوانیی كەركووك و یاریدەدەری پارێزگا و بڕیاردەری ئەنجوومەنی پارێزگایان بدرێتێ. دابەشكارییەكی لەم شێوەیە وادەكات تاوەكو ئەندازەیەك هیچ پێكهاتەیەك دەسەڵاتی تەواوی بەسەر كەركووكدا نەبێت و هیچ پێكهاتەیەكیش فەرامۆش نەكرابێت لە بەڕێوەبردنی حكومەتی خۆجێیی شارەكەیان.