دەرباز كۆسرەت رەسول
2 رۆژ پێش ئێستا
راچڵەكین-
بەشكۆوە پێدەنێینە یادی یۆبێلی زێڕینی 50 ساڵەی دامەزراندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، ئەو حزبە تێكۆشەرەی كە لە رۆژگاری تاریكی و نائومێدیدا، بوو بە هیوا و چرای رووناكی و بۆ گەلی كورد داگیرسا.
لە هەموو قۆناغەكاندا، یەكێتی بە هەوراز و نشێوی زۆردا تێپەڕبووە، بەڵام ئەوەی پێویستە ئاماژەی پێبكەم ئەوەیە؛ ئەم حزبە زیندوو و تێكۆشەرە هەرگیزاو هەرگیز چۆكی دانەداوە بۆ نەیارانی، یەكێتی لە دروستبوونییەوە تا ئەمڕۆ حزبی هەموو قۆناغەكان بووە، پێ بەپێ لەگەڵ هەموو گۆڕانكارییەكاندا هەنگاوی ژیرانە و بەرپرسانەی ناوە، ئەمەش نیشانەی بە زیندوومانەوەی یەكێتییەكەمانە.
بەدڵنیاییەوە سەروەرییەكانی رابردووی ئەم یەكێتییەمان، ئیلهامبەخشی داهاتوومان دەبێت، یەكێتی بە خوێنی پیرۆزی شەهیدەكانی، بە قوربانیدانی تێكۆشەران و سەركردە قارەمانەكان، بە ماندووبوونی لایەنگر و ئەندام و دەنگدەرانی بووە بەو حزبە كاریگەر و بەهێزەی كە ئێستا لەناوچەكەدا خاوەن سەنگ و پێگەی یەكلاییكەرەوەیە لە پرسە چارەنووسسازەكانی گەلەكەماندا.
لە ناوخۆی هەرێمی كوردستان، یەكێتی هەمیشە بەرپرسیارانە مامەڵەی لەگەڵ پێشهاتەكاندا كردووە، گەلێكجار یەكێتی لەپێناوی ئەوەی ناوماڵی كورد یەكگرتوو و تەبا بێت؛ قوربانیداوە، ئەم قوربانیدانەش منەت نییە، بەڵكو یەكێتی لە بنەڕەتدا بۆ ئەوە دروستبووە كورد بە ئامانجە رەواكانی خۆی بگات، روئیای ئێمەش هەمیشە ئەوەیە حزبایەتی وەسیلەیە بۆ خزمەتكردن بە گەل و نیشتمان لەڕێی حوكمڕانییەكی هاوسەنگ لەسەر بنەمای شەراكەتی راستەقینە و رەچاوكردنی پێگە و سەنگی هەموو لایەنەكان.
لە ئاستی پەیوەندییەكانی دەرەوەدا، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە سەرەتای دامەزراندنییەوە گرنگی زۆری بەم بابەتە داوە، چونكە ئێمە لە ناوچەیەكی هەستیار و ئاڵۆزداین، لەم قۆناغەدا پێویستە پەیوەندییەكانمان لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش و پەیوەندیی دۆستانە لەگەڵ وڵاتانی ناوچەكەدا بنیاتبنێین.
یەكێتی، لەم یادەدا بە دروشمی سەروەریمان زۆرە، ئەركمان زۆرتر، پێدەنێتە قۆناغێكی نوێی خەباتی سیاسی و رێكخراوەیی، لەم یادە پیرۆزەدا سڵاو دەنێرم بۆ شەهیدانی یەكێتی و كوردستان، بۆ پێشمەرگە قارەمانەكان و كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان، سڵاو و دروود لە گیانی مامی كۆچكردوومان مام جەلال، سڵاو بۆ كاك كۆسرەت و بۆ هێرۆخان، خۆزگە لەم قۆناغەشدا لەگەڵمان بوونایە، پێویستمان پێیانە، بەڵام بەڵێن دەدەین درێژەپێدەری رێبازی ئەوان دەبین و هەڵگری پەیامی تێكۆشەرانەیان دەبین بۆ ئازادی و سەرفرازیی كوردستان.
دەرباز كۆسرەت رەسول
ئەندامی مەكتەبی سیاسیی
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان