کۆرۆنا بەرەو کوێ؟ گەلە بەرگری یان شەپۆلی دووەم؟

دکتۆر شێرکۆ نریمان سبحان-


21/06/2020

لە کوردستاندا کەسانێکی زۆر بەرکەوتەی ڤایرۆسەکە بوونە، خۆشبەختانە زۆربەی هەرە زۆریان یان هیچ نەخۆش دەرناکەون،یان نیشانەی لەرز و تا یاخود سکچوونیان پێوە دیارە،و تام و بۆن لە دەست دەدەن واتە کەمتر تووشی تەنگەهەناسە دەبن ئەمە هەواڵێکی دڵخۆشکەرە،بەڵام بەداخەوە بۆ زۆربەی ئەوانەی کە نەخۆشی شەکرە یان لاوازیی بەرگریی لەشیان هەیە، بۆیان سەخت دەبێت.

ئەم حاڵەتە وا پێدەچێت بەرەو دۆخێکمان ببات کە پێی دەوترێت( گەلەبەرگری)،ئەمەش بریتیە لەوەی کۆمەڵێک خەڵکی زۆر تووشی یان بەرکەوتەی ڤایرۆسەکە دەبن و لەگەڵ بەرگری لەشیان کارلێک دەکەن! جۆرێک لە خۆگونجاندن دروست دەبێت لە نێوان مرۆڤ و ڤایرۆسەکە،ئەگەر بەرگری لەشی مرۆڤەکان دژەتەنی پێویست و دوورخایەن دژی ڤایرۆسەكە دروست بکەن،ڤایرۆسەکە خۆی نەگۆڕێتەوە و لەبەرگێکی نوێدا خۆی نیشان نەداتەوە، ئەوا کۆتایی بە شەپۆلی یەکەم دێت. 

ئەم حاڵەتە ڕەنگە تا کۆتایی ئەم مانگە بگاتە لوتکە،چونکە ئەگەر تێبینی کێرڤی تووشبوون بە وڵاتانی تر بکرێت،لەماوەی یەک مانگدا دەگاتە لووتکە،دوای وردە وردە کەم دەبێتەوە،ئێستا ئێمە لە حاڵەتی تەقینەوەی گەورەین، بەڵام دواتر تەقینەوەی پچڕ پچڕی ڤایرۆسەکە هەر دەبێت،کە کۆنترۆڵکردنی ئاسانتر دەبێت،چونکە زۆرینەی خەڵک بەرگری لەشیان دژی ڤایرۆسەكە ئامادەیە. واتە ڤایرۆسەکە مرۆڤی بێبەرگری دەست ناکەوێت تا هێلانەی تێدا بکات!

لەم ساتەدا تێستکردن، بە قەت گرنگیدان بە خوود،گرنگی نیە. واتا ئەگەر لەرز و تا و سکچوونت هەبێت، تێست بکەیت و نەکەیت سوودی نیە، مەگەر بۆ دڵنیابوونەوە و پلازما بەخشین لە داهاتوودا سوودی هەبێت.ئەگینا باشترە،گرنگی بە خۆت بدەیت.ئەوەی تووش بووە و نیشانەی تەنگەنەفەسی نیە با لە ماڵەوە تەحەدای ڤایرۆسەکە بکات. 

مەگەر لە یەک حاڵەتدا ئەگەر لە پلاندابێت بانکی پلازمای خوێن بنیات بنرێت،ئەوکاتە با ژمارەی تێستەکان زیاد بکرێت بۆ ئەو کەسانەی کە لەرز و تایان هەیە،بۆ ئەوەی لە داهاتوودا سود لە پلازماکانیان وەربگیرێت.
ئەگەر نەخۆشەکان نیشانەی تەنگەنەفەسیان نیە، با نەخۆش لە ماڵی خۆیدا خۆی جیابکاتەوە لە ژوورێک،ئەمەش لەبەر ئەوەی خزمەتگوزاری تەندروستی ڕووەو هەرەس دەچێت،ئەمەش لەبەر دوو هۆکار: زۆری ژمارەی نەخۆش و دواکەوتنی مووچە. 
هەرچەند تا ئێستا توێژینەوەی دژ بەیەک هەن سەبارەت بە پلازما و کۆڤید-١٩.
خاڵێکی تر بۆ سەرنەکەوتنی پێدانی پلازما وەک چارەسەر، دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی تێستی ورد(دەقیق)بۆ پشکنینی دژەتەنی ڤایرۆسەکە لەناو لەشی مرۆڤی چاکبوودا. ئەگەر تێستی دەقیق دروست بکرێت بۆ دیاریکردنی ڕێژەی بەرگری لەشی مرۆڤ،پێش وەرگرتنی پلازما، ئەوا پێدانی پلازما پێدەچێت ئەنجامی دڵخۆشکەری ببێت.

بۆیە ورەبەرنەدان، بەردەوام بوون لە خودپارێزی، گرنگی بە خۆدان، بانکی پلازما و تێستکردن، و گلنەدانەوەی تووشبووانی نیشانە سووک لە نەخۆشخانە، زۆر ڕێی تێدەچێت کاریگەری پەتاکە کەم بکاتەوە.

 ئەگەریش هەیە لە شەپۆلی دووەمدا،ڤایرۆسەکە بە جیناتی نوێوە، بە بەرگێکی وەهاوە بێتەوە، کە نە بەرگری لەش بیناسێتەوە، نە پلازماش هەندێک لە کاریگەریەکانی کەم بکاتەوە، و نە ئومێدی دڵخۆشکەریش هەبێت بۆ دۆزینەوەی ڤاکسین.

لە کۆتایدا ئەوەی گرنگە ئێمە لە ئێستا گرنگی پێبدەین بەهێزکردنی بەرگری لەشمانە پێش بەرکەوتن بە ڤایرۆسەکە،چونکە بەرگری لەش ڕۆڵی کاریگەری دەبێت لەزاڵبوون بەسەر ڤایرۆسەکە، لەو شتانەش بەرگری لەشمان بەهێز دەکات گرنگیدان بە  شەو زوو خەوتن، خواردنی پرۆتینی و سەوزە،کەمکردنەوەی شەکر و چەوری،پیاسەکردن لە بەر خۆر، لانی کەم بۆ ماوەی ١٥ خولەک،ئەگەر لەناو حەوشەی ماڵیشدابێت (مەرج نیە هەموو کاتەکە لە بەر خۆر بیت، بۆ دوورکەوتنەوەی پێستت لە سووتان، دەتوانیت خولەکێک لەبەر خۆر بیت و خولەکێک لە سێبەر)، دوورکەوتنەوە لە ترسێک کە وات لێ بکات بتۆقێیت، بەڵام ترسێک وات لێ بکات ببێتە هۆی دوورکەوتنەوەی کۆمەڵایەتی ئاساییە. وەرزشکردن و کتێب خوێندنەوەی ئەو بابەتانەی،کە خۆت حەزت لێیەتی. ئەمانە ورە و بەرگریت بەهێز دەکەن.

-دکتۆرا لە بەرگری لەش زانکۆی نیوکاسڵ(بەریتانیا)
مامۆستا لە کۆڵێجی پزیشکی زانکۆی گەرمیان