راچڵەکین-
ئەمڕۆ یەكشەممە،شاندێكی باڵای حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتیی ئاوات جەناب نووری وەزیری دارایی و ئابووری، گەیشتە بەغدا.
بڕیارە ئەمڕۆ و سبەی شاندەكەی حكوومهتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق بۆ چارەسەرکردنی كێشەی مووچەی هەرسێ مانگی 10 و 11 و 12ـی فەرمانبەران، هەمواری بودجە و پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەی گشتیی 2025ـی فیدراڵ کۆدەبنەوە.
شاندەکە بۆچی لە بەغدان؛
بڕیارە لەبارەی چەند پرسێکەوە قسەبکرێت ، کە دیارترینیان هۆکاریی رەوانە نەکردنی ئەو گوژمە پارانەیە کە بڕیاریان لەبارەوە دراوە لەوانە ئەو 430 ملیار دینارەی بۆ پڕ کردنەوەی کورتهێنانی مووچەی مانگەکانی 10 و 11 بڕیاری لە بارەوە دراوە.
هەروەها بەگوێرەی میدیاکانی پارتی شاندەکە داوا دەکەن بڕی 270 ملیار دیناری دیکە بۆ پڕ کردنەوەی کورتهێنانی مووچەی مانگی ١٢ بدرێتە هەرێم.
شاندەکە لە کێ پێکهاتووە:
ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری، ئامانج رەحیم سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران، ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران و چەند بەڕێوەبەرێکی گشتی
" چاوەڕوانین بەغدا پارەبنێرێت"
11-12-2024 ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بە سەرپەرشتیی مەسروور بارزانی كۆ بووەوە و لە ڕاگەیەنراوی كۆتایی كۆبوونەوەكەدا هاتووە، حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ئەرك و پابەندییەكانی خۆی بە تەواوی و بە باشترین شێوە جێبەجێ كردووە و لە هەوڵەكانیشی لەگەڵ حكوومەتی فیدراڵ بەردەوامە بۆ دابینكردنی مووچە و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان، لەم ڕووەوە چاوەڕوانن کە حكوومەتی فیدراڵ لە چەند ڕۆژی داهاتوودا، تەواوی شایستەی دارایی مانگەكانی 10 و 11 و12 بنێرێت، تا لە نزیكترین دەرفەتدا مووچە دابەش بكرێت.
ئاماژە بەوەش کرابوو، كە بەهۆی ڕێكارەكانی وەزارەتی دارایی فیدراڵ، سەرەڕای ئەوەی ئێستە لە مانگی 12 دان و مووچەخۆرانی ناوچەكانی تری عێراق مووچەی مانگی 12 وەردەگرن، بەڵام مووچەخۆرانی هەرێم، تا ئێستا مووچەی مانگەكانی 10 و 11 ئەمساڵیان وەرنەگرتووە، لە كاتێكدا وەزارەتی دارایی هەرێم، سەرجەم كەموكوڕیی لیستەكانی مووچەی چارەسەر كردووە و لیستی مووچەی هەرسێ مانگەكەی بە تەواوی و بە بێ كەموكوڕی بۆ وەزارەتی دارایی فیدراڵ ناردووە.