وادەی رێككەوتنی كۆتایی هەولێرو بەغدا ئاشكرا دەكرێت

کوردستان

01/08/2020     ژمارەی بینراو 852

راچڵەكین-

وتەبێژی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت:" لە دوای جەژن ڕێككەوتنی كۆتایی لەگەڵ بەغدا دەكەین تەنیا بۆ ساڵی ٢٠٢٠."

ئارام ناجی بالەتەیی، رایگەیاند: ''هەولێر و بەغدا دەربارەی زۆر خاڵ لە یەك نزیكن، تەنیا ڕێككەوتن ماوە و ئەویش لە دووای جەژن دەكرێت و هەموو داتا و گرێبەستەكانی نەوت و پێشمەرگە و فەرمانبەرانمان پێشانی حكوومەتی عێراق داون و ئێستا هەموو زانیارییەكانمان لەبەردەستی وەزیری نەوتی حكوومەتی عێراقە و ئەو، خۆی بۆچوونێكی ئەرێنیی دەربارەی شەفافیەتی گرێبەستەكان هەیە.'' وەك ماڵپەری فەرمی پارتی بڵاویكردووەتەوە.

وتیشی:" تەنیا ناكۆكیمان ئەوەیە كە ئێمە داوای گوژمەیەكی زۆرتر دەكەین بۆ ئەوەی مووچەیی فەرمانبەرانی پێ دابین بكەین، لە نێوانماندا خیلافی گەورە نییە و هیچ ڕێگایەكی تریش جگە لە ڕێككەوتن نییە و ڕەوشەكەش لە نێوان هەردوو لادا هیچی تر نییە، لە بەرژەوەندیی هەردوولادایە ڕێك بكەون، چونكە بەرژەوەندیی هاوبەشمان زۆرە لە بواری ئاسایش و كارەبا و زۆر شتی تر و عێراقیش پێی خۆش نییە دەرگایەكی تر بەسەر كێشەكاندا بكرێتەوە.''

لەماوەی رابردوودا، چەند جارێك شاندی هەرێمی كوردستان بۆ رێككەوتن لەسەر پشكی هەرێم و نەوت و داهاتەكان لەگەڵ حكومەتی عیراق، سەردانی بەغدادیان كرد، بەڵام تائێستا هیچ رێككەوتنێكی فەرمی لەنێوان هەردوولادا واژۆ نەكراوە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن