لیژنەی یاسایی ئەنجوومەنی نوێنەران دژی بڕیارەكەی كازمی دەوەستێتەوە

عێراق

01/08/2020     ژمارەی بینراو 382

راچڵەكین-

لیژنەی یاسایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق، دیاریكردنی وادەی هەڵبژاردنی پێشوەختەی لەلایەن مستەفا كازمی، سەرۆكوەزیران رەتكردەوەو رایگەیاند:" بڕیارێكی لەو شێوەیە تەنها لەدەسەڵاتی پەرلەماندایە."

بەهار مەحمود، ئەندامی فراكسیۆنی گۆڕان لە ئەنجوومەنی نوێنەران رایگەیاند:" لەرووی دەستووریەوە مافی سەرۆكوەزیران نییە وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە دیاری بكات، بەڵكو دەتوانێت تەنها وادەی هەڵبژاردنی ئاسایی دیاری بكات كە ئەویش دوای كۆتایی هاتنی خولی پەرلەمانی دەستپێدەكات."

وتیشی:" ئەنجامدانی هەڵبژاردن بەگوێرەی ماددەی 64ی دەستووری عیراق بەرێوەدەچێت كە تیایدا ئاماژەكراوە بە هەڵوەشاندنەوەی ئەنجوومەنی نوێنەران لەسەر داوای سێیەكی ئەندامەكانی یاخود لەسەر داوای سەرۆكی ئەنجوومەنەكەو بەرەزامەندی سەرۆككۆمار."

بەهار، دەشڵێت:" هەڵبژاردنی پێشوەختە تەنها دوای رازیبوونی ئەنجوومەنی نوێنەران بەهەڵوەشاندنەوەی خۆیی، ئەنجامدەدرێت، ئەو كات سەرۆككۆمار داوای ئەنجامدانی هەڵبژاردن دەكات لەماوەی 60 رۆژ لەدوای هەڵوەشاندنەوەكە."

ئاماژە بەوەشدەكات، سەركۆوەزیرانی عیراق لەنێوان دەسەڵاتی دیاریكردنی هەڵبژاردنی ئاسایی و هەڵبژاردنی پێشوەختە" لێی تێكەڵاوبووە."

شەوی رابردوو، مستەفا كازمی- سەركۆوەزیرانی عیراق رایگەیاند:" رۆژی ٦-٦-٢٠٢١، هەڵبژاردنی پێشوەختە لە عێراق ئەنجامدەدرێت, داواشی لەهاوڵاتیان كرد هاوكاریی ئەو پرۆسەیە بن و بەو هەڵبژاردنە گۆڕانكاری باش لە وڵاتدا بكەن، داواشی لە پەرلەمانی وڵاتەكەی كرد كە بە زووترین كات یاسای نوێی ھەڵبژاردن پەسەند بكات".

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن