راچڵەكین-
سكرتێری گشتی رێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان دەڵێت، پێویستە رەهەندێكی هاوبەش لەنێوان دەوڵەتەكاندا بدۆزرێتەوە كە ببێتە زەمینەسازی لەناوبردنی یەكجارەكی چەكی ئەتۆمی لە جیهاندا".
لە شەشی ئابی ١٩٤٥ و لە كۆتاییەكانی جەنگی جیهانی دووەمدا، شاری هیرۆشیما لە ژاپۆن بە چەكی ئەتۆم بۆردومان كرا، ئەمڕۆش ٧٥ ساڵ بەسەر ئەو كۆمەڵكوژییەدا تێپەڕی و بەو بۆنەیەشەوە لە مۆنۆمێنتی ئاشتی شارەكە رێوڕەسمی یادكردنەوەی قوربانییانی ئەو تاوانە رێكخرا.
شینزۆ ئابێ، سەرۆكوەزیرانی ژاپۆن، لەوتەیەكدا رایگەیاند:" ژاپۆن بەپێداگرییەوە كار بۆ داماڵینی جیهان لە چەكی ئەتۆم دەكات. پێویستە وڵاتان لەڕێی گفتوگۆوە هەستی بێمتمانەیی لەنێوان خۆیاندا چارەسەر بكەن".
ئابێ ئاماژەی بەوەشدا، ژاپۆن، رۆڵی پرد دەبینێت لەنێوان وڵاتانی خاوەن چەكی ئەتۆم و ئەو وڵاتانەی چەكەكەیان نییە و ئامانجیەتی نەوەی نوێ بەرامبەر ئەو ئازار و ستەمانە هۆشیار بكات كە قوربانییانی چەكی ئەتۆم ئەزموونیان كردووە.
لای خۆیەوە ئەنتۆنیۆ گوتیرێس، سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان، لەڕێی ڤیدیۆ كۆنفڕانسەوە بەشداری رێوڕەسمەكەی كرد و جەختی لەوە كردەوە كە جیهان لە ئامانجی داماڵین لە چەكی ئەتۆمی دووركەوتووەتەوە و وتی:"پارچەپارچەبوون، بێ متمانەیی و كەموكوڕی لە گفتوگۆكاندا هەڕەشەی كەوتنە ناو ململانێكییەكی ئەتۆمی بێئامان لە جیهان دەكات".
سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان ووتی، مەترسییەكی زۆر گەورەی بەكارهێنانی بەمەبەست یاخود بێ مەبەستی چەكە ئەتۆمییەكان هەیە و ئاماژەی بەوەكرد:" "جارێكی دیكەش بانگەوازەكەم دووپات دەكەمەوە بۆ دۆزینەوەی رەهەندێكی هاوبەش لەنێوان دەوڵەتەكاندا كە ببێتە مایەی زەمینەسازی لەناوبردنی یەكجارەكی چەكی ئەتۆمی لە جیهاندا. پێویستە هەموو دەوڵەتەكان لەم بابەتەدا رۆڵی ئەرێنی ببینن ئەو دەوڵەتانەشی خاوەن چەكی ئەتۆمین بەرپرسیارییەتێكی تایبەتیان لە ئەستۆدایە. ئێستا كاتی ئەوەیە هەوڵ بۆ دروستكردنی متمانە و گفتوگۆی نێوان وڵاتان بدرێت و قەبارەی چالاكییە ئەتۆمییەكانیش بۆ نزمترین ئاست كەم بكرێنەوە".