هەلی كار بۆ ئەو كەسانە دەرەخسێنرێ كە لەدەرەوە دەگەڕێنەوە هەرێمی كوردستان

ڕاپۆرت

20/08/2020     ژمارەی بینراو 646

راچڵەكین- AA

سەرەڕای بوونی قەیرانی دارایی و ڤایرۆسی كۆرۆنا، بەڵام ئەنجامدانی پڕۆژەی بچووك لە سەنتەری تەكنەلۆجیا و راهێنانی ئەوروپی لەهەولێر بەردەوامە و لەئێستاشدا شەش كۆرسی جیاواز بەڕێوەدەچێت و بەشێك لە بەشداربووان دوای تەواوبوونی راهێنانەكان دەبن بە خاوەن كاری خۆیان.

كارۆخ عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری چالاكییەكانی سەنتەری تەكنەلۆجیا و راهێنانی ئەوروپی، دەڵێت: "ئێمە لەسەر چەند چین و توێژ كار دەكەین، یەكێكیان پێیان دەڵێن گەڕاوە، واتا ئەوانەی لە وڵاتانی دیكە دەگەڕێنەوە زێدی خۆیان، ئەوانە خزمەت دەكرێن بەپێی ئەو پڕۆژەیەی كە بۆخۆیان دیاری دەكەن، ھەروەھا خزمەتكردن بە كارمەند و ستافەكانی حكوومەت، ئاوارە و پەنابەرانیش توێژێكی دیكەن كە كاریان لەسەر دەكەین، ھەر توێژێك لە چوارچێوەی ئەو رێككەوتنە دەبێت پڕۆژەكانیان پێشكەش بكەن كە كۆمەكبەخشەكان رێككەوتنی لەسەر دەكەن".

كارۆخ عەبدوڵڵا وتیشی: "گەڕاوەكان لایەنێكی گرنگن كە كاریان لەسەر دەكەین كە لە وڵاتی میواندار لە رێگای بەرنامەی سكایپ-ەوە كۆبوونەوەیان لەگەڵدا دەكەین بۆ ئەوەی هەموو زانیارییەك وەرگرن وەك مافێكی خۆیان، تا بتوانن زانیارییان لەسەر بارودۆخی هەنووكەیی لەسەر عێراق یان هەرێم هەبێت، ستافی تایبەتمان هەیە كە لەوێ ئاسانكارییان بۆ دەكەن بۆهەر پرسیارێك، چونكە زۆرجار هەواڵی ناڕاستیان بۆ دەچێت و ئێمە لە رێگای كۆبوونەوە هەموو زانیارییەكیان پێ دەدەین".

بەشێك لەو كەسانەی لە وڵاتانی دەرەوە، بەشێوەیەكی هەمیشەیی دەگەڕێنەوە هەرێمی كوردستان لە رێگای سەنتەری تەكنەلۆجیا و راهێنانی ئەورووپی بە چەند قۆناغێك كارئاسانییان بۆ دەكرێت و لە فڕۆكەخانەكان پێشوازییان لێ دەكرێت و دواتر راهێنانیان لەبارەی پڕۆژەكانەوە پێ دەكرێت و لەمبارەیەوە كارۆخ عەبدوڵڵا دەڵێت "زۆر لە گەڕاوەكان داوا دەكەن لە فڕۆكەخانە پێشوازییان لێ بكرێت و بۆ ئەم مەبەستەش ستافی ئێمە دەچنە فڕۆكەخانەكان و دواتر دێن پڕۆژەكانیان پێشكەش دەكەین، ئێمە چاوپێكەوتنیان لەگەڵدا دەكەین و بەشدارییان لە خولەكان پێ دەكەین و لەوێ چۆنیەتی دەستبەكاربوونیان لە كارەكانییان فێر دەكەن، لەگەڵ ئەوەشدا بەشداریی لە سمینارێك دەكەن بۆ ئەوەی دووبارە لە ژیانی ئێرە رابێنەوە".

سەنتەری تەكنەلۆجیا و راهێنانی ئەوروپی ماوەی زیاتر لە ١٠ ساڵە كارەكانی خۆی لە هەرێمی كوردستان ئەنجام دەدات و یەكێك لە پرۆگرامەكانی بریتییە لە پەرەپێدانی تواناكانی مرۆڤ، پەرەپێدانی ئابووری و راهێنان لە بوارە جیاجیاكانی دیكەدا و جێبەجێكردنی ئەو پڕۆژانەیش كە بەشداربووان پێشكەشی دەكەن بە ئامانجی ئەنجامدانی كاری سەربەخۆ، هەروەها هەماهەنگی و هاوكاری ئەو كەسانەش دەكەن كە دەیانەوێت لە وڵاتانی دەرەوە بگەڕێنەوە هەرێمی كوردستان، ساڵانەش لە چەندین بواری جیاوازدا كۆرسەكانییان دەكەنەوە و ژمارەیەك لە هاووڵاتییان بەشداری تیادا دەكەن.


كارۆخ عەبدوڵڵا

 

بارەگای سەنتەرەكە لە شاری هەولێرە و چەندین هۆڵی كۆبوونەوە و راهێنان و شوێنكاری تێدایە، جگە لە گەڕاوەكانیش، كارمەند و ستافی حكوومی یەكێكی دیكەیە لەو توێژانەی كە سەنتەری تەكنەلۆجیا و راهێنانی ئەورووپی لە بوارە جیاوازەكاندا راهێنانیان پێ دەكات و لەمبارەیەوە كارۆخ عەبدوڵڵا دەڵێت "توانیوومانە زیاتر لە ١٠ هەزار كارمەند و ستافی حكوومی راهیێنان پێ بدەین لە بواری پرۆتۆكۆڵ و بابەتی بەڕێوەبردن و شەفافیەت و چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ هاووڵاتییان، هەروەها لەگەڵ چەند وەزارەتێك هەماهەنگیمان هەیە بۆ ئەوەی بەشێك لە كارمەند و ستافەكانییان ئەو ئەزموونە سەركەوتووانەی وڵاتانی ئەورووپا ببینن، بۆ نموونە سێ گەشت كراوە بۆ ئەڵمانیا بۆ ئەوەی بتوانن لەوێ بارودۆخی ئاوارەكان ببینن و ئەزموونەكە بگوازنەوە بۆ ئێرە و كاری لەسەر بكەن".

لەبارەی داخوازییەكانی حكومەت بۆ هەڵبژاردنی بواری راهێنانەكانیان بە ستاف و كارمەندەكانییان، كارۆخ عەبدوڵڵا دەڵێت "حكومەت ماوە ماوە بابەتەكان دەگۆڕێت، جاری وا هەیە لەسەر بەڕێوەبردن بووە یان لەسەر چۆنیەتی مامەڵەكردنی كارمەند و هاووڵاتیی بووە، یان ئاشكراكردنی بەڵگەنامەی ساختە بووە لە هەموو فەرمانگەكانی وەك پاسپۆڕت و فڕۆكەخانەكان و بۆ ئەم مەبەستەش چەند شارەزایەكی ئەورووپایی رۆڵیان هەبووە و راهێنانی تایبەت بە كارمەندەكانی ئەو شوێنانە كراوە و دواتریش ئەنجامی باشی هەبووە بەپێی ئەو فۆڕمی هەڵسەنگاندنەی كە بۆ ئێمە گەڕاوەتەوە".

جگە لە گەڕاوەكان و ستاف و كارمەندی حكوومەت، ئاوارە و پەنابەرانیش بەشێكی گرنگی نێو پڕۆژەكانی سەنتەری تەكنەلۆجیا و راهێنانی ئەورووپی بوونە و بەپێی توانای ناوەندەكە پڕۆژەكانییان كەوتوونەتە كار و لەمبارەیەوە كارۆخ عەبدوڵڵا دەڵێت "لە هەندێك لە پڕۆژەكان بواری ئەوە هەیە كە ئاوارەكانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق و پەنابەرانی سووریا بەشداریان پێ بكرێت لە كۆڕسەكان یان لە شوێنێك دایانبمەزرێنین، خەڵكی خۆماڵیش لە زۆربەی پڕۆژەكان رێژەیەكی هەیە كە ئەمەش سیاسەتی رێكخراوەكانە بۆ ئەوەی خەڵكی خۆماڵیش ئەوانەی بەدوای كاردا دەگەڕێن دەتوانین راهێنانیان پێ بكرێت بۆ ئەوەی بتوانین باشترین گرووپ هەڵبژێرین".

ئەولەویەتی پڕۆژە جێبەجێكراوەكان بۆ خاوەن پێداویستی تایبەت، ئافرەت، ئەوانەی سەرپەرشتیاری خێزان دەكەن و ئەوانەیشی كە بێكارن، لەگەڵ ئەوەشدا پڕۆژەی فێربوون و كردنەوەی سەرتاشخانە و فیتەری، دوو پڕۆژەی باو بوونە كە لەماوەی رابردوودا زۆرترین خواستیان لەسەر بووە و لەمبارەیەوە بەڕێوەبەری چالاكییەكانی سەنتەری تەكنەلۆجیا و راهێنانی ئەورووپی، كارۆخ عەبدوڵڵا گوتی: "هەر پڕۆژەیەك مەرجی تایبەتی هەیە، بۆ نموونە ئەولەویەت بۆ خاوەن پێداویستی تایبەت، ئافرەت یان ئەوانەی كە ژمارەی ئەندامانی خێزانیان زۆرە و ئەوانەیشی كە بێكارن، هەر پڕۆژەیەك و مەرجی تایبەت بەخۆی هەیە، پڕۆژەكانمان زیاتر لەسەر دوو تەوەرە، یەكێكیان دامەزراندنە لە كەرتی تایبەت كە چەندین پڕۆژەمان جێبەجێكردووە لەم بوارەدا و توانیوومانە چەندین خەڵك لەسەر كار دابمەزرێنین، ئەوەی دیكەیان بەشداری كۆڕسەكانمان پێیان كردووە بۆ ئەوەی بتوانن ئەو پڕۆژەی هەیانە جێبەجێی بكەن و دەست بەكارەكانییان بكەن وەكو پڕۆژەكانی سەرتاشی، فیتەری و جلوبەرگ درووین لە هەموو هەنگاوەكان لەگەڵیاندا دەبین و كۆڕسی تایبەتیان پێ دەدەین كە چۆن بتوانن مامەڵە لەگەڵ خەڵك بكەن و چۆن وا بكەن كە كڕیاری بۆخۆیان رابكێشن، لەگەڵ ئەوەشدا فێری ئەوە دەكرێن كە چۆن شوێنی كارەكەیان هەڵبژێرن و چۆن كێبڕكێ لەگەڵ بازاڕدا بكەن، دوای ئەوە بڕە پارەیەكی تەرخانكراو هەیە بۆ ئەوەی كەلوپەلەكانی پێداویستی كارەكەی بۆ بكڕین و دواتر لەگەڵیدا دەبین و بەدواداچوونی بۆ دەكەین".

كارۆخ عەبدوڵڵا دەشڵێت "هەردەم لەگەڵ هاوبەشەكانمان لە گفتوگۆداین و زۆرێك لە پڕۆژەكانمان ژووری بازرگانیی و پیشەسازیی هەرێمی كوردستان كارمان لەگەڵدا دەكات، وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی و هەندێك جاریش كۆنسولخانەی ئەڵمانیا یان دەزگایەكی دیكە كارمان لەگەڵدا دەكات، دواتر كۆمیتەیەك دادەمەزرێنن و هەر كەسێك پڕۆژەكەی پێشكەش بكات، ئەوا ئەندامانی كۆمیتەكە بۆچوونی خۆیان لەسەر پڕۆژەكە دەردەبڕن و هەوڵ دەدرێت باشترینیان هەڵبژێردرێن".

لە ئەگەری هەڵوەشانەوەی پڕۆژەكە لەدوای دامەزراندنی و هەڵوێستی سەنتەری تەكنەلۆجیا و راهێنانی ئەورووپی، كارۆخ عەبدوڵڵا گوتی: "ناتوانین رێكاری یاسایی بەرامبەری بگرینەبەر، بەڵام قۆناغەكان باشن و كوالێتیی كارەكەمان باشە، زۆری ئەو كەسانەی هەڵدەبژێردرێن لە كارەكەیان سەركەوتووبوون و لە بەدواداچوونەكانیشمان ئەوەمان بۆ روونبووەتەوە".

كارۆخ عەبدوڵڵا دەشڵێت "ئەو كەسانەی لەلای ئێمە دەردەچن و پێویستییان بە جێبەجێكردنی پڕۆژەكان هەیە، ئەوا هەماهەنگیمان لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتیی كار و دەستەبەری كۆمەڵایەتی لە وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی هەیە و پشتگیری خۆی دەربڕیووە بۆ كارەكانمان، ژووری بازرگانیش ئامادەیی خۆیان دەربڕیووە كە هیچ رسووماتێك وەرنەگرن و بە گشتی حكوومەت درێخی نەكردووە و هاوكارمان بوونە".

عارف حیتۆ، بەڕێوەبەری گشتیی دەستەبەری كۆمەڵایەتی لە وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، ئاماژە بەوە دەكات كە سەنتەری تەكنەلۆجیا و راهێنانی ئەورووپی كارێكی باشی هەم بۆ وەزارەتی كار و هەم بۆ تەواوی حكوومەت كردووە بەوەی لە زۆربەی بوارەكاندا توانیوویانە راهێنەر لە دەرەوە بهێنن و ستاف و كارمەندەكانی حكوومەت بەشداری خولی تایبەت بكەن.

عارف حیتۆ ووتی: "سەنتەری تەكنەلۆجیا و راهێنانی ئەورووپی لە رۆژی دامەزراندنییەوە تا ئێستاش، كارێكی باشی كردووە نەك هەر بۆ وەزارەتی كار، بەڵكو بۆ هەموو حكوومەت لە هەموو بوارێكدا، هەر بوارێكی پیشەیی و تەكنیكی بێت ئەوا بەهاوكاری و پاڵپشتی ئەوان كە بۆردەكەیان لە ئەڵمانیایە و خەڵكی پسپۆڕ دەهێنن و راهێنان بە كارمەندانی حكوومەت دەكەن".


عارف حیتۆ

 

حیتۆ وتیشی: "دوای قەیرانی دارایی كە رێژەی بێكاری بەرزبووەتەوە، ستافەكانی وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی پێویستییان بە راهێنانی زیاتر هەبووە، بابەتی بەكارخستن و ستافەكانیان و چۆنیەتی رێكخستنی فۆڕمەكان بۆ كارخوازان یان ئەوانەی لە كار دەگەڕێن. لە هەموو ئەو بابەتانەدا توانیوومانە كارمەندەكان خولی تایبەت ببینن و لەئێستاشدا شەش خول دەكەینەوە لەسەر بەبازاڕكردن بۆ ئەوەی گەنجان فێربكەین چۆن دەچنە بازاڕەوە و هەموو ئەوانەش بە هاوكاری سەنتەری تەكنەلۆجیا و راهێنانی ئەورووپی بەڕێوەدەچێت".

لەبارەی بوونی ڤایرۆسی كۆرۆنا و كاریگەری لەسەر كرێكاران و كارمەندان لە كەرتی تایبەت و كەرتی گشتی، بەڕێوەبەری گشتیی دەستەبەری كۆمەڵایەتی لە وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، عارف حیتۆ وتی: "ڤایرۆسی كۆرۆنا كاریگەری لەسەر هەموو پڕۆژەكان هەبووە هەم لە كەرتی تایبەت و هەم لە كەرتی گشتی و هەم لە پڕۆژە بچووكەكان، بۆ نموونە كابرایەك لەسەر شەقام یان لەناو بازاڕ كاری رۆژانە دەكات، ئەم دۆخە تەندروستییە بووەتە هۆی ئەوەی كە زیانێكی گەورە بە داهاتی بكەوێت و لەگەڵ ئەوەشدا كارگەكان و پڕۆژەكانی دیكەش زەرەرمەند بوون".

عارف حیتۆ وتیشی: "پێش بوونی ڤایرۆسی كۆرۆنا رێژەی بێكاری گەیشتبووە سەدا ١٣ چونكە پڕۆژەكان لە كەرتی تایبەت نەیانتوانی كار بكەن یان راگیرابوون، جگە لەوەش نزیكەی شەش ساڵە لەشكرێكی دەرچووانی زانكۆ و پەیمانگاكان چاوەڕێی دامەزراندن دەكەن و ماوەی شەش ساڵە كەس لە حكوومەت دانەمەزراوە و ئێستاش سیاسەتی حكوومەتیش ئەوەیە كە كەرتی تایبەت وەكو كەرتی گشتی هەموو ماف و ئیمتیازاتی هەبێت بۆ ئەوەی گەنجان روو لە كەرتی تایبەت بكەن و یاسای دەستەبەری كۆمەڵایەتیش هەیە و بە جیددی كاری لەسەر دەكەین بۆ ئەوەی هەموو كارمەندێكی كەرتی تایبەت دەستەبەر بكرێت و ئەوكاتیش هەموو مافێكی وەك كەرتی گشتی دەبێت".

بەڕێوەبەری گشتیی دەستەبەری كۆمەڵایەتی لە وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، ئەوەیشی خستەڕوو كە دەستەی وەبەرهێنان لەگەڵ وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی بیر لەوە دەكەنەوە كە سیستەمێك یان ئالییەتێك دابنێن بۆ ئەوەی ئەو خەڵكانەی لە كەرتی تایبەت كار دەكەن مافەكانییان پارێزراوبێت.

سافیە رەزا عومەر، دوای تەواوبوونی راهێنانەكەی لە سەنتەری تەكنەلۆجیا و راهێنانی ئەورووپی، یەكێك لە دوكانەكانی بازاڕی گەڕەكی كوردستانی شاری هەولێری بۆ كاروباری بەرگدروو بەكرێ گرتووە و كەلوپەل و پێداویستییەكانیشی لەلایەن سەنتەرەكە بۆ دابین كراوە، ئەو لەبەیانییەوە تا ئێوارە خەریكی درووینی جلوبەرگە و كارەكەیشی سەرچاوەی بژێوی خێزانەكەیەتی.


سافیە رەزا عومەر

 

سافیە رەزا عومەر تەمەن ٤٣ ساڵ بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "لە تەمەنی ١٥ ساڵییەوە خولیای فێربوونی دروومان بووم و لە ماڵەوە كارم دەكرد، بەم دواییەش گەڕامەوە سەر خوێندن و وەرزی هاوین كارم دەكرد بۆ ئەوەی خەرجی خوێندنەكەم دابین بكەم و خۆشبەختانە ئامادەیی بازرگانیم تەواو كرد و پاشان لەلای هاوڕێیەكم بۆ ماوەی سێ ساڵ وەكو شاگرد كارم كرد بۆ ئەوەی بژێوی خۆم و دایك و باوك و خوشكەكەم دابین بكەم".

سافیە رەزا عومەر دەڵێت "دواتر لە رێگای سەنتەری تەكنەلۆجیا و راهێنانی ئەورووپی، توانیم راهێنانی تایبەت بە بواری بەرگدروو ببینم كە تیاییدا فێری ئەوەبووین كە چۆن مامەڵە لەگەڵ كڕیاردا بكەین و چ شوێنێك هەڵدەبژێردرێن بۆ كردنەوەی دوكان و كاركردن، لەدوای تەواوبوونی راهێنانەكەم پڕۆژەكەم كەوتە واری جێبەجێكردنەوە و هەموو ئەو پێداویستییانەی كە لەناو پڕۆژەكە نوسیبووم وەكو مەكینەی دروومان، مەكینەی ئۆڤەر، فێنككەرەوە، مۆلیدەی كارەبا، ئوتوو و هەندێك شتی دیكە، بۆم دابینكرا و كەوتمە سەر كاری خۆم و ئێستا بۆخۆم و خوشكەكەم بەردەوامین و لە ساڵی ئایندە پەرە بە بوارەكەم دەدەم".

لەبارەی دۆخی بازاڕیشەوە، سافیە رەزا عومەر وتی: "دۆخی بازاڕ بەهۆی قەیرانی دارایی و بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆنا خراپ بووە، ئێمەش رەچاوی دۆخی خەڵك دەكەین و نرخەكانمان بەپێی دۆخی دارایی خەڵك دیاری دەكەین".

ئایە غازی تەمەن ٢٣ ساڵ، خەونەكانی لە شاری قامشلۆی سووریا دەگوازێتەوە بۆ هەولێر و وەك خۆی دەڵێت كە لە منداڵییەوە خەونی ئەوەی هەبووە ببێتە خاوەن دوكانێكی تایبەت بە جلوبەرگی ئافرەتان و دوای هاتنی وەك پەنابەر بۆ شاری هەولێر، بەشداری كۆڕس و راهێنانەكانی سەنتەری تەكنەلۆجیا و راهێنانی ئەورووپی دەكات، پڕۆژەكەی جێبەجێ دەكرێت و ئێستاش لە یەكێك لە دوكانەكانی بازاڕی كوران خەریكی فرۆشتنی جلوبەرگ و پێداویستییەكانی ئافرەتانە.


ئایە غازی

 

ئایە غازی كە ماوەی هەشت ساڵە بەهۆی بارودۆخی سووریا وڵاتەكەی بەجێهێشتووە و وەك پەنابەر لە هەرێمی كوردستان نیشتەجێیە، ماوەی دوو مانگ دەبێت پڕۆژەكەی كە دوكانێكی فرۆشتنی جلوبەرگی ئافرەتانە جێبەجێكراوە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "من خەڵكی شاری قامشلۆی سووریام، ماوەی هەشت ساڵە بەهۆی بارودۆخی سووریا وەكو پەنابەر لە هەرێمی كوردستان نیشتەجێم، سەرەتا لە شاری دهۆك نیشتەجێ بووین و من تەمەنم بچووك بوو، نەمدەتوانی كار بكەم، بەڵام دوای ساڵ و نیوێك هاتینە هەولێر، دواتر لە بازاڕ خەڵكمان ناسی و لە دوكانێك شاگردبووم كە جلوبەرگی ئافرەتانی دەفرۆشت و هەتا ماوەیەكی زۆر".

ئایە غازی دەشڵێت "دواتر لە رێگای سۆشیال میدیاوە زانیارم وەرگرت لەسەر سەنتەری تەكنەلۆجیا و راهێنانی ئەورووپی كە ئەو پڕۆژانە وەردەگرن كە خەڵك پێشكەشیان دەكات و بۆ ئەم مەبەستەش چوومە ئەوێ و بەشداری كۆڕسێكی یەك مانگەم كرد و پڕۆژەكەم پێشكەش كرد و دوای تەوابوونی كۆڕسەكەش، پڕۆژەكەم بۆ جێبەجێكرا كە تایبەت بوو بە دانانی دوكانی جلوبەرگ و پێداویستی ئافرەتان كە ئەمە خەونی منداڵیم بوو حەزم دەكرد لەو بوارەدا كار بكەم".

ئایە غازی لە خێزانێكی پێنج كەسییە و تەنها خۆی و برایەكی كار دەكەن و سەرچاوەی بژێوی ماڵەوە پەیدا دەكەن، وەك خۆی دەڵێت "باوكم كەم كار دەكات، برایە بچووكەكەم نەخۆشە و برایەكی دیكەم لە كافتریایەك كار دەكات و دایكیشم لە ماڵەوەیە، من و برایەكەم و خەرجی رۆژانەی ماڵەوە دەكەین و ئێستاش بەهۆی دۆخی تەندروستی و قەیرانی دارایی، كاریگەری خراپ كەوتووەتە سەر بازاڕ و كارەكانمان وەك پێشووتر نین".

لەبارەی هۆكاری هەڵبژاردنی ئەو جۆرە كارەش، ئایە غازی گوتی: "بۆیە حەزم لەو بوارە كرد، چونكە دەزانم كاتێك ئافرەت دەیەوێت جلوبەرگ بكڕێت حەز دەكات فرۆشیارەكەی ئافرەت بێت و ئاسانتر دەتوانێت داخوازییەكەی خۆی بكات، جگە لەوەش برایەكەم كاری چاپی وێنە لەسەر پەرداخ و تیشێرت دەكات و ئەمەش بەپێی داخوازییەكانی موشتەرییەكانمانە كاتێك وێنەیەك دەهێنن و داوامان لێ دەكەن كە لەسەر پەرداخ یان تیشێرت بۆیان چاپ بكەین".

سەنتەری تەكنەلۆجیا و راهێنانی ئەورووپی لە ساڵی ٢٠٠٩ لەلایەن وەزیری پێشووی دەرەوەی ئەڵمانیا، فرانك ڤاڵتەر شتاینمەر دامەزراوە و تا ئێستا راهێنانی بە هەزارەها كارمەند و هاووڵاتی كردووە و چەندین پڕۆژەی لە بوارە جیاجیاكاندا جێبەجێكردووە. 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن