راچڵەكین-
ئەندامێكی پێشووی پەرلەمانی كوردستان لەفراكسیۆنی گۆڕان دەڵێت، بەشێك لەئەندامانی فراكسیۆنی بزوتنەوەكە لە پەرلەمانی عیراق خۆیان رۆڵیان هەبووە لەبڕیاردان بۆ رۆیشتنە ناو حكومەتەكەی مەسرور بارزانی.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، فراكسیۆنی گۆڕان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق بەیاننامەیەكی لەبارەی دۆخی ئێستای هەرێمی كوردستان و هەڵوێستی بزووتنەوەكە لەهەمبەر ئەو دۆخە بڵاوكردەوەو تیایدا داوایانكرد:" گۆڕان لە دەسەڵات بكشێتەوە و لەگەڵ سەرجەم هێز و كەسایەتییە چاكسازیخوازەكانی دیكەی هەرێم، دژی بێدادی و بەردەوامیی گەندەڵی و سەروەرنەبونی یاسا فشاری جدی دروست بكەنەوە. "
ئەوەش روونكراوەتەوە:" ئەوەی جێگای نیگەرانیی قوڵی ئێمە و جەماوەرە دڵسۆزەكەمانە، ئەو بەشدارییە شەرمنانەیەی ئێستای گۆڕانە لەم دەسەڵاتە شكستخواردوەی هەرێم و، دەستەوەستان و بێدەنگیی نوێنەرەكانێتی لەناو حكومەتدا لە بەرامبەر ئەجێندا دژە خەڵكەكەی دەسەڵاتی هەرێم."
لەبەرامبەر ئەو بەیاننامەیەدا، عەبدوڵای مەلانوری، كەئێستا یەكێكە لەدەنگە ناڕازییەكانی نێو بزووتنەوەی گۆڕان لەنووسینێكدا ئاماژەی بەوەكردووە:بەیاننامەكەی فراكسیۆنی گۆران لە بەغا كارێكی خراپ نیە؛ بەڵام زۆر درەنگ وەختە."
دەشڵێت: لەگەڵ ئەوەشدا نابێ ئەو راستیە لە بیر بكەین؛ كە بەشێك لەو برادەرانە راستەخۆ رۆڵیان هەبووە لە:-
یەك: بە بنەماڵەیی كردنی گۆڕان و دەستگرتن بە سەر موڵك و میدیای گۆڕاندا.
دو: درێژكردنەوەی یاسای تیرۆر.
سێ: زیندوكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم بۆ پارتی و نێچیرڤان بارزانی.
چوار: رۆشتن بۆ بەغدا بۆ دەنگدان بە فوئاد حوسێن.
پێنج: بریاردان بۆ رۆشتنە ناو حكومەتەكەی مەسرور بارزانی.
شەش: تەسفیەكردنی خەڵكانی ناڕازی ناو گۆڕان.
حەوت: كەمپینكردن و دەنگدان بە رێكخەرو خانەی راپەراندنی ئێستا.
عەبدوڵای مەلا نوری دەڵێت:" ئەگەر ئەم بەیاننامەیە بەرهەمی گۆڕانی عەقڵیەت و فكر بێت باشە، بەڵام كەمپینی هەڵبژاردنی پێشوەختە بێت خراپە."
دەقی بەیاننامەكە
بەیاننامەی فراكسیۆنی گۆڕان لە ئەنجومەنی نوینەرانی عێراق:
هاونیشتیمانییانی ئازیز..
وا بۆ جارێكی تر دەسەڵاتی هەرێمی كوردستان سەرەڕای ناردنی 320 ملیار دینار لە بەغدا و سەرباری فرۆشتنی نەوت و داهاتی ناوخۆ بێ ناردنی یەك دینار و یەك بەرمیل نەوت بۆ بەغدا، جارێكی تر دوای دواكەوتنی زیاتر لە چل ڕۆژ، دەستی بردەوە بۆ بڕینی موچەی موچەخۆرانی هەرێم.
هەمو ئەمانەش لە كاتێكدایە كە تا ئێستا نە داهاتی نەوت، نە داهاتی ناوخۆی هەرێم (داهاتی دەروازە سنورییەكان و باج و رسومات) شەفاف نین و، بەپێی زانیارییەكانمان هەریەك لەم داهاتانە زۆر زیاترن لەو بڕەی ڕاگەیەنراوە.
دەسەڵاتی هەرێم بە هۆی بەردەوام بونی لە هەنگاوە چەوتەكانی رابردوی نەك هەر ناتوانێ ئەركەكانی بەرامبەر هاونیشتیمانیان جێبەجێ بكات، بەڵكو پێگەی سیاسی و دەستوریی هەرێمی لە عێراق و بەرامبەر دراوسێكانی تا ئاستی وابەستەیی لاواز كردوە. دڵنیاشین بەم شێوەی ئێستای و بێ راست كردنەوەی هەڵە كوشندەكانی، هەرێم ناتوانێ ڕێكەوتنێكی دور مەودا و یەكجاری لەگەڵ بەغدا بكات كە لە بەرژەوەندیی خەڵك دابێ.
ئەوەی جێگای نیگەرانیی قوڵی ئێمە و جەماوەرە دڵسۆزەكەمانە، ئەو بەشدارییە شەرمنانەیەی ئێستای گۆڕانە لەم دەسەڵاتە شكستخواردوەی هەرێم و، دەستەوەستان و بێدەنگیی نوێنەرەكانێتی لەناو حكومەتدا لە بەرامبەر ئەجێندا دژە خەڵكەكەی دەسەڵاتی هەرێم.
ئەم دۆخەی ئێستای گۆڕان جا چ لە تەقلیدی كردنەوەی كەرەستەكانی حیزبایەتی و گوتارە رەسمییەكەی و، چ لە شێوازی بەشداریی لە دەسەڵات، بوەتە مایەی نیگەرانی و توڕەییەكی گەورەی جەماوەری ناڕازی كە جاران پشتیوانی سەرەكی بون لێی. هەمو ئەمانەش بونەتە هۆی ئیحراجییەكی گەورەی ئێمە بەرامبەر بە دەنگدەرانمان.
ئەمانە هاوكاتن لەگەڵ داخورانی شەرعییەتی دامەزراوەكانی بڕیاردانی گۆڕان لە ئەنجامی دواخستنی بەردەوامی هەڵبژاردنە ناوخۆییەكان و كۆنفڕانسی نیشتیمانیی گۆڕان.
لێرەوە و لە روانگەی بەرپرسیارێتیمان بەرامبەر خەڵكی كوردستان و جەماوەری ناڕازی و گۆڕانخوازان، داوا دەكەین كە:
1. بە زوترین كات گۆڕان لەم بەشدارییە بێكاریگەریەی لە دەسەڵات بكشێتەوە و روبكاتەوە جەماوەرەكەی و، لەگەڵ سەرجەم هێز و كەسایەتییە چاكسازیخوازەكانی دیكەی هەرێم، دژی بێدادی و بەردەوامیی گەندەڵی و سەروەرنەبونی یاسا فشاری جدی دروست بكەنەوە.
2. بە زوترین كات لەڕێی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ناوخۆیی، شەرعییەت بۆ سەرجەم ئۆرگانەكانی گۆڕان بگەڕێنرێتەوە و نوێ بكرێنەوە. هەروەها لەڕێی ئەنجامدانی كۆنفڕانسی نیشتیمانی دوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنە ناوخۆییەكان، گۆڕان كێشە گشتی و تایبەتییەكان بخاتە ناو گفتوگۆی ئەندام و دڵسۆزانی و، جارێكی تر بە گوڕوتینێكی نوێوە درێژە بە ئەركە سەختەكانی لە هەرێمی كوردستان بدات.
بەپێچەوانەوە و گوێنەگرتن لەو داواكاریانە كە بە دیدی ئێمە داواكاریی زۆرینەی هەرە زۆری بنكەی جەماوەریی گۆڕان و شەقامە، لەگەڵ بڕیاربەدەستانی ئێستای گۆڕان دەمانگەیەنێتە بنبەست.
جەماوەر ی گۆڕانخوازی خۆشەویست..
ئێمە لە فراكسیۆنی گۆڕان هەمومان بەردەوامین لەسەر ئەو بەڵێنانەی لە هەڵبژاردنەكانی 2018 بۆ بەدەستهێنانی متمانەتان داومانە و، دژی هەر لادانێك دەبین لە پرەنسیپە بنچینەییەكانی گۆڕان بۆ بەدیهێنانی ژیانێكی كەرامەتمەندانە بۆ هاوڵاتیانی هەرێم و، بەردەوامین لەسەر ئەو ئامانج و بەڵێنانەی كە لە سەرەتاوە گۆڕان بە خەڵكی كوردستانی داوە.
فراكسیۆنی گۆڕان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
20/ 8/ 2020