راچڵەكین-
بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە لەڕێی چەند درۆنێكەوە كۆگایەكی تایبەت بە رۆنی ئۆتۆمبێل و كەرەستەی كشتوكاڵی لەشاری هەولێر كرایە ئامانج.
گرووپی كۆمپانیاكانی سەردار، لەڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردووەتەوە، كاتژمێر 7:20ـی بەیانی لە رێگەی فڕۆكەیەكی بێفڕۆكەوانەوە هێرش كرایە سەر كۆگای رۆنی كاسترۆڵ ، لەكاتی هەوڵدانی تیمەكانی ئاگركوژێنەوە بۆ كۆنتڕۆڵكردنی ئاگرەكە، جارێكی دیكە شوێنەكە كرایەوە ئامانج. دواتر بەدرۆنی سێیەم هەمان شوێنە كراوەتەوە ئامانج.
گرووپی سەردار و كۆمپانیای كاسترۆڵ جەختیان لەوەكردەوە، ئەوان هیچ پەیوەندییەكیان بە ململانێ سیاسی و سەربازییەكانی ناوچەكەوە نییە:" چالاكییەكانی ئێمە تەنیا لە چوارچێوەی وەبەرهێنان و خزمەتگوزاریدایە لە عیراق و هەرێمی كوردستان، ئێمە بەردەوامین لە پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكانمان بە هاووڵاتییان لە سەرجەم پارێزگاكاندا."
" ئەم كۆگایانە تایبەتن بە دابینكردنی زەیتی ئۆتۆمبێل، ئامێرە كشتوكاڵییەكان و كەرەستەكانی بیناسازی، ئامانجیان تەنیا دابینكردنی پێداویستییەكانی بازاڕ و بەردەوامیدانە بەو خزمەتگوزارییانەی پەیوەستن بە ژیانی رۆژانەی هاووڵاتییان و كەرتە زیندووەكانی وڵات." گرووپی سەردار و كۆمپانیای كاسترۆڵ لەڕاگەیەندراوەكەیاندا وا دەڵێن.