عێراق دوای سەردانەكەی كازمی بۆ واشنتۆن بەرەو كوێ هەنگاو دەنێت؟

ڕاپۆرت

31/08/2020     ژمارەی بینراو 471

راچڵەكین - AA

هەوڵەكانی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ گەڕاندنەوەی بڕیار و سەروەریی بۆ دامەزراوەكانی دەوڵەت لەگەڵ هەژموونی ئێران لە عێراق، رووبەڕووی بەرهەڵستیی بووەتەوە، ئەمریكاش لە میانی سەردانەكەی كازمی بۆ واشنتۆن، دانپێدانانێكی فەرمی سەبارەت بە گرنگی بوونی سەربازانی ئەمریكا لە عێراق، بەدەست هێناوە.

عێراقییەكان بە یارمەتی ئەمریكا لە رێگەی هەوڵەكانی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیران، بەو ئاراستەیە هەنگاو دەنێن كە لە هەژموونی ئێران رزگاریان بێت.

لە كاتی بەردەوامبوونی كازمی لە هەنگاونانی زیاتر بە ئامانجی گەڕاندنەوەی سەروەریی كە بەشێكی زۆری پەیوەستە بەو لایەن و گرووپە چەكدارانەی شیعە كە نزیك بە ئێرانن، ئەوا دوو بژاردەی لە بەردەمدایە، رووبەڕووبوونەوە یان دامركاندنەوە.

مستەفا كازمی پەیامی زۆری هۆشداری ئاراستە كراوە لە هەوڵەكانی بۆ بێ بەشكردنی گروپە چەكدارە شیعەكانی نزیك لە ئێران لە دەستكەوت، هەژموونیان لە بەشێكی زۆری بڕیارەكانی دەوڵەتی عێراق لە رووی ئەمنیی، سەربازیی، ئابووریی و هەروەها سیاسییش.

لە شەشی تەمووزی رابردوودا، كەسانێكی نەناسراو شارەزای بواری ئەمنیی، هیشام هاشمی-یان تیرۆر كرد، كە كەسێكی نزیكی مستەفا كازمی بوو و بۆ ماوەیەكی زۆر پێكەوە كاریان كردبوو، هاوكات دەستی تۆمەت لە تیرۆركردنی هیشام هاشمی بۆ یەكێك لە گروپەكانی شیعە درێژ كرا.

لەم مانگەوە، كردەی تیرۆركردن دژ بە چالاكوانانی خۆپیشاندانەكان ئەنجام دەدرێت كە تا ئێستا ژمارەیەك لە چالاكوانان تیرۆركراون، ئەوەیش بە ئامانجی شڵەژاندنی رەوشی ئەمنی و تەحەداكردنی توانا و هەوڵەكانی مستەفا كازمی لە رووبەڕووبوونەوەی گروپەكانی شیعە، جگە لەوەش سەرۆك وەزیرانی عێراق وەك كەسێكی سەربەخۆ لە حكومڕانیدا خۆی نیشانداوە و خۆی سەر بە هیچ پارتێك هەژمار نەكردووە، كە ئەوەیش یەكێكە لە داواكارییە سەرەكییەكانی خۆپیشاندەران.

ئێران لە میانی سەرپێچیكردنی سزاكانی ئەمریكادا، هەژموونی هاوپەیمانەكانی و بوونی گەندەڵی لە دامەزراوەكانی عێراقدا بە ئامانجی بەدەستهێنانی دەستكەوتی ئابووری و دەستكەوتی دیكە بە نایاسایی قۆستووەتەوە بە تایبەتیش كە عێراق كارەبا و غاز بۆ وەگەڕخستنی وێستگەكانی كارەبا لەو وڵاتەوە هاوردە دەكات.

لەئێستادا عێراق بە سەرچاوەی بووژانەوەی ئابووریی ئێران دادەندرێت، بە تایبەتیش كە لەئێستادا ئێران رووبەڕووی ئەو سزایانە بووەتە كە لە چواری تشرینی دووەمی 2018دا، لەلایەن ئەمریكاوە بەسەریدا سەپێندراوە.

رزگاربوون لە هەژموونی ئێران

سەرۆك وەزیرانی عێراق لە میانی سەردانەكەی رۆژی 21-7-2020 بۆ تاران، بە سەركردەكانی ئێرانی راگەیاندبوو كە عێراق دەوێت پەیوەندییەكی هاوسەنگی لەگەڵ تاران و وڵاتانی دیكەش هەبێت، ئەوەیش لەبری كاركردن لەگەڵ ئەو هێزانەی كە كاردەكەن بۆ لەناوبردنی هەوڵەكانی بناتنانەوەی دەوڵەتی عێراق.

مستەفا كازمی بە قۆناغبەندی هەوڵ دەدات عێراق لەژێر هەژموونی گروپەكانی شیعە و لایەنە سیاسییەكانی نزیك لە ئێران دەربهێنێت و جگە لەوەش هەوڵ دەدات عێراق لە ناكۆكی و ململانێیەكانی هەرێمیی و نێودەوڵەتیی دووربخاتەوە. 

وێڕای ئەوەی ئێران هەڵوێستێكی روونی لە حكومەتی عێراق بەسەرۆكایەتی مستەفا كازمی بەدی نەكردووە، بەڵام بێ گومان وا تەماشای ناوبراو دەكات كە هەڕەشە بۆسەر بەرژەوەندییەكانی ئێران لە عێراق دروست دەكات، چی لە رێگەی گرتنەبەری رێوشوێن بێت دژ بە گروپەكانی شیعە نزیك لە ئێران، یان كرانەوەی ئابووری بەڕووی وڵاتانی دیكەدا، ئەو هەوڵانەش كە كازمی بۆ گێڕانەوەی دامەزراوەكانی دەوڵەت و دەرهێنانیان لەژێر هەژموونی هاوپەیمانەكانی ئێران خستووەتەگەڕ.

بەر لە سازكردنی قۆناغی دووەمی گفتوگۆی ستراتیجیی نێوان واشنتۆن و بەغدا، هاوپەیمانەكانی ئێران، هێرشەكانیان دژ بە بەرژەوەندی و هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق زیاد كرد، ئەوەش وەك هەوڵێك بۆ ئەوەی فشار بخەنە سەر مستەفا كازمی تا سنوورێك بۆ پاڵپشتیكردنی لە بوونی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق دابنێت.

وەك ئەوەی شیكردنەوەی بۆكراوە، سەرۆك وەزیرانی عێراق  درك بەوە دەكات كە تا ماوەیەكی نزیك ناتوانێت دەستبەرداری هێزی سەربازیی ئەمریكا بێت لە عێراق، بە تایبەتیش كە هێشتا هەڕەشەكانی رێكخراوی تیرۆریستیی داعش بەردەوامە و كردە تیرۆریستییەكانی رێكخراوەكەش لە ژمارەیەك ناوچەی عێراق زیادی كردووە، هێزە ئەمنییەكانیش لە رووی زانیاری هەواڵگریی، مەشق، راوێژكاریی و پڕچەككردن پێویستیان بە پاڵپشتیكردنی هێزەكانی ئەمریكا هەیە.

گروپە چەكدارەكان كە گومان دەكرێت سەربە گروپە چەكدارەكانی نزیك لە ئێران بن، بەر لە سەردانەكەی مستەفا كازمی بۆ واشنتۆن، شەش هێرشی مووشەكی و پێنج هێرشی دیكەیان بە بۆمبی چێنراو دژ بە بەرژەوەندی و هێزەكانی ئەمریكا لە ماوەكانی 12 و 19ی ئەم مانگەدا ئەنجامدابوو.

ژمارەیەك لەو هێرشانە لە میانی سەردانەكەی فەرماندەی فەیلقی قودس سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران، ئیسماعیل قائانی بۆ بەغدا لە 16ی ئەم مانگە و كۆبوونەوەی لەگەڵ مستەفا كازمی ئەنجامدرابوون.

قائانی لە 16ی ئەم مانگە سەردانی بەغدای كردبوو و بۆ تاوتوێكردنی گفتوگۆی ستراتیجیی نێوان بەغدا و واشنتۆن، لەگەڵ مستەفا كازمی كۆببوویەوە و بەپێی راپۆرتە رۆژنامەوانییەكان، لە كۆبوونەوەكەدا سەبارەت بە داواكاری ئێران بۆ دەركردنی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق گفتوگۆ كرابوو.

بەرەنگاربوونەوەی داعش

لە 11ی مانگی حوزەیرانی رابردوودا، عێراق و ئەمریكا دەستیان بە سازكردنی گفتوگۆی ستراتیجیی كرد و یەكەم قۆناغی گفتوگۆكەیش لە بەغدا سازكرا.

لە یەكەم قۆناغی گفتوگۆی ستراتیجیی نێوان عێراق و ئەمریكا سەبارەت بە كۆمەڵێك تەوەر بیروڕا ئاڵوگۆڕ كرا لەوانە ئاسایش، بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، ئابووری، وزە و بابەتە سیاسیی و كولتوورییەكان.

قۆناغی دووەمی گفتوگۆی ستراتیجیی نێوان عێراق و ئەمریكا لە 19ی ئەم مانگە لە واشنتۆن سازكرابوو، كە لە میانیدا جەخت لەسەر شەراكەتی ستراتیجیی درێژمەودای نێوان هەردوو وڵات كرایەوە، ئەویش لەسەر بنەمای رێزگرتن لە سەروەریی عێراق و بەڵێنی بەغدا بۆ پاراستنی هێزەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی لە عێراق.

لە قۆناغی دووەمی گفتوگۆی ستراتجییدا، ئەمریكا پابەندبوونی خۆی دووپات كردەوە بۆ بەدیهێنانی ئامانجە هاوبەشەكانی لەگەڵ عێراق لە میانی هەماهەنگیی ئەمنی دووقۆڵیی و هاوكاریكردن لەگەڵ هێزە ئەمنییەكان عێراق بۆ شكستهێنان بە رێكخراوی تیرۆریستیی داعش و جەختی كردبووەوە كە بەردەوام دەبێت لە مەشق و پاڵپشتیكردنی هێزە عێراقییەكان.

لە میانی قۆناغی دووەمی گفتوگۆی ستراتجییدا، هەردوولا رێككەوتن لەسەر كەمكردنەوەی ژمارەی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق، دوای ئەو سەركەوتنانەی كە هەردوو وڵات لە قۆناغی یەكەمی شەڕی دژبە داعش بەدەستیان هێناوە، لەگەڵ مانەوەی بەشێك لە هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق بۆ مەشق و پێشكەشكردنی زانیاری هەواڵگریی بە هێزەكانی عێراق.

دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا، بەر لەوەی لەگەڵ مستەفا كازمی كۆببێتەوە لە 20ی ئەم مانگە، رایگەیاندبوو كە ژمارەیەكی كەمی سەربازانی ئەمریكا لە عێراق ماون، بەڵام بوونی ئەو سەربازانە لە عێراق بۆ یارمەتیدانە، ئەگەر ئێران هەر كارێكی نەشیاو ئەنجام بدات.

دوای گەڕانەوەی لە واشنتۆن، میدیاكانی عێراق لە زاری مستەفا كازمی بڵاویان كردبووەوە، سەرۆكی ئەمریكا ئەوەی دووپات كردووەتەوە كە لە میانی سێ ساڵی داهاتوودا، هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق دەكشێنێتەوەو لە دەرەوەی عێراق جێگیریان دەكات، بەڵام ژمارەیەكی كەمی سەربازانی ئەمریكا لە عێراق بۆ مەشق و پێشكەشكردنی زانیاری هەواڵگریی بە هێزە ئەمنییەكان لە عێراق دەمێننەوە.

ئەگەر هێزەكانی هاوپەیمانی ئێران وا پێشبینی دەكەن كە ئەوەی مستەفا كازمی لە ترەمپ گواستووەتەوە دەستكەوتە بۆ ئەوان، وێڕای ئەوەی لە هیچ راگەیەندراوێكی هاوبەشدا ئاماژەیان پێ نەكردووە، بەڵام لە هەمان كاتدا ئەمریكا لە میانی سەردانەكەی مستەفا كازمی بۆ واشنتۆن، دان پێدانانێكی فەرمی عێراقی سەبارەت بە گرنگی بوونی سەربازیی ئەمریكا لە عێراق بەدەستهێنا، جگە لەوەش مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا، جەختی لەسەر ئەوە كردووەتەوە كە هێزەكانی وڵاتەكەی لە عێراق دەمێننەوە تا ئەو كاتەی ئەركەكانیان كۆتایی دێت.

پێدەچێت مستەفا كازمی یارمەتیدانی بۆ رزگاركردن و دەرهێنانی دەوڵەتی عێراق لە هەژموونی ئێران لەگەڵ ئیدارەی ئەمریكا تاوتوێ كردبێت، بەڵام ئەو پرسە بەرپرسانی ئەمریكا یان عێراق لە لێدوان و بەیانی كۆتایی قۆناغی دووەمی گفتوگۆی ستراتیجیی ئاماژەیان بۆ نەكردووە.

بنیاتنانی عێراقێكی نوێ

ئەگەر ئەو رێوشوێنانەی كە مستەفا كازمی بۆ ئەنجامدانی چاكسازی لە كەرتەكانی ئەمنی و ئابووری گرتوویەتەبەر سەربكەوێت، ئەوا بنیاتنانی عێراقێكی نوێی لێ دەكەوێتەوە كە خاڵییە لە هەژموونی دەرەكی یان هەژموونی گروپە چەكدارە شیعەكان.

بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەی گروپە چەكدارەكانی شیعە، ئەوا پێویستە مستەفا كازمی توانای هێزەكانی دژەتیرۆر پتەوتر بكات، چونكە ئەو هێزانە لەلایەن ئەمریكاوە پێكهێنراوە و مەشقیشیان پێ كراوە، تەنانەت هەر لەلایەن ئەمریكاوە پڕچەككراون، جگە لەوەیش ئەو هێزانە لە شەڕكردندا، شێوازی سەربازانی ئەمریكا بەكاردەهێنن، كە بە پاڵپشتی ئەمریكا دەتوانن بەرەوڕووی ئەو گروپە چەكدارانە ببنەوە، لەوانەیە ئەو پرسە لەنێوان كازمی و ئیدارەی ئەمریكادا گفتوگۆی لەسەر كرابێت.

ئەستەمە مستەفا كازمی لەسەر داوای ئەمریكا دژبە گروپەكانی شیعە هیچ هەنگاوێك بنێت، لە كاتێكدا ئەمریكا بە روونی رایگەیاندووە كە لە میانی سێ ساڵی داهاتوودا، هێزەكانی لە عێراق دەكشێنێتەوە و تا ئەو ماوەیە ناتواندرێت توانای هێزە ئەمنییەكانی عێراق پتەوتر بكرێت، تا دەسەڵاتی دەوڵەت بسەپێنن بڕیاری سەروەریی وڵاتیش بگێرنەوە.

مستەفا كازمی بۆ چەند ئامانجێك كار دەكات، لەوانە گێڕانەوەی سەروەریی بۆ دامەزراوەكانی دەوڵەت، چەك تەنها لەدەستی دەوڵەتدا بێت، رێگەگرتن لە هێرشكردنە سەر هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەڵەتیی دژبە داعش، رێگەگرتن لە كردەكانی تیرۆركردن دژ بە چالاكوانانی خۆپیشاندەران و ئەو كەسانەی كە دژ بە هەژموونی ئێرانن لە عێراق.

هاوكات هەوڵەكانی سەرۆك وەزیرانی عێراق، لە گێڕانەوەی سەروەری بۆ دامەزراوەكانی دەوڵەت و بوونی هەژموونی ئێران لە عێراق رووبەڕووی بەرهەڵستی بووەتەوە.

لەوانە بەرهەڵستی ئێران لە رێگەی هاوپەیمانەكانی، ببێتە هۆی رووبەڕووبوونەوەی چەكداری لەنێوان هێزە ئەمنییەكانی عێراق و گروپە شیعەكان كە بەم دواییانە هێرشەكانیان دژبە هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی بەڕابەرایەتی ئەمریكا زیادی كردووە.     

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن