ئایا دەرمانی کۆرۆنا نەخۆش دەکوژێت ؟

تەندروستی

27/09/2020     ژمارەی بینراو 445

ئایا دەرمانی کۆرۆنا نەخۆش دەکوژێت ؟


ڕاچڵه‌كین-

زۆر كه‌س له‌ ماوه‌ی‌ ڕابردودا باسیان له‌ دیارده‌یه‌کی ترسناک ده‌کرد، ئه‌ویش کوشتنی تووشبوانی پەتای کۆرۆنایه‌ لە کوردستان، بە تایبەتی لە شاری دھۆک، یەکێک لەو په‌یوه‌ندیانه‌ ڤیدیۆیه‌کی ره‌وانه‌ کردبوو، که‌تیایدا کەسێک دکتۆرەکانی کوردستانی به‌وه‌ تۆمه‌تبار دەکرد، کە بە ھۆی لێدانی جۆرێکی دەرزی نەخۆشەکان دەمردن، وایلێکده‌دایه‌وه‌، ئه‌و نه‌خۆشانه‌ لە لایەن دکتۆرەکان دەکوژرێن، ئه‌مه‌ش جۆره‌ په‌یامێکی ناراسته‌وخۆیه‌ بۆ خەڵک تاکوو نەچن بۆ نەخۆشخانەکان و چارەسەری دەرزی وەرنەگرن، ئه‌مه‌ پێشه‌كی بابه‌تێكی دكتۆر عارف ه‌ كه‌ پسپۆڕی ڕاوێژکاری نەخۆشیەکانی ھەناوه‌ له‌ لەندەن و تیایدا وه‌ڵامی ئه‌و ده‌نگۆیانه‌ ده‌داته‌وه‌ كه‌ له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ هه‌بوو.

ئەو دەرمانەی باسی لێوەدەکرێت پێی دەگوترێت تۆسیلیزوماب (Tocilizumab ) کە زیاتر بە ناوی ئەکتێمرا دەناسرێت، دەرمانێکی بایۆلۆجیە بۆ چارەسەری ڕۆماتیزم ، بە تایبەتی جۆرێک له‌ ڕۆماتیزم، کە لە کەسانی گەنج دەردەکەوێت بەکاردەھێنرێت. ئه‌و دەرمانه شتێکی نوێ نیه‌ بەلکو له‌ ساڵی (٢٠١١) وە که‌وتۆته‌ ده‌رمانخانه‌کان و کاری پێده‌کرێت.

وه‌ک له‌ بابه‌ته‌کانی پێشووترماندا باسمانکرد، بەشی ھەرە زۆری تووشبوانی کۆرۆنا بە سووکی پەتاکە دەگرن و تەنانەت پێویست بە سەردانی دکتۆریش ناکات، نزیکەی سەدا پازدەی نەخۆشەکان تووشی ھەوکردنی سیەکان دەبن و پێویستیان به‌ سەردانی دکتۆر ده‌بێت و پێویست ده‌کات چارەسەری وەربگرن، لەو ڕێژەیەش ژمارەیەکی ئێجگار کەم دۆخی تەندرووستیان داده‌ڕمێت و تێکدەچێت و ده‌که‌ونه‌ ژێر چارەسەری چڕه‌وه‌. لەم گروپە کەمەدا تێبینی دیارده‌یه‌ک کراوە، کە بەرگری لەش بە شێوەیەکی سه‌خت ده‌وروژێت، له‌ ئه‌نجامی ئه‌وه‌شدا کۆمەلێک گۆڕانکاری لەجه‌سته‌ روودەدات و لەشی مرۆڤ بڕێکی زۆر لە ھەندێک مادە درووست دەکات، کە زیان بە لەش به‌گشتی و بە تایبەتی بە سیەکان دەگەیەنێت، ئەو مادانە پێیان دەگوترێت سایتۆکاین و یەکێک لەوانەش بە دیاریکراوی بە مادەی ئینتەرلیوکین ٦ (interleukin 6) ده‌ناسرێت، پسپۆڕان دەرزی تۆسیلیزۆماب دژ بەو مادەیە به‌کارده‌هێنن ، ھەر لەبەر ئەو ھۆیەیه‌، کاتێک‌ تووشبوانی کۆرۆنا جه‌سته‌یان ده‌گاته‌ قۆناغی ده‌دردانی شەپۆلی سایتۆکاین(Cytokine storm) تەندرووستیان جێگیر نابێت و ده‌که‌ونه‌ مه‌ترسیه‌وه‌.

دەبێت ئەوە بگوترێت کە تا ئێستا ڕۆڵی ئەو دەرمانە بە تەواوی یەکلانەبۆتەوە ، بەلام لە ھەندێک لێکۆلینەوە وا دەردەکەوێت کە ئەگەری ئەوە ھەیە کە تۆسیلیزوماب‌ یارمەتی بەشێک لەو نەخۆشانە بدات کە لە دۆخێکی زۆر خراپدان .ده‌بێت چاوەڕوانی لێکۆلینەوەی پوخت تر بکه‌ین، تاوه‌کو ڕۆلی ئەو دەرمانە لە چارەسەری ئەو پەتایە به‌ وردی یەکلایی ده‌کاتەوە، هه‌رچه‌نده‌ ئێستا زۆر وڵات ئه‌و ده‌رمانه وه‌ک ده‌رمانێکی باوه‌ڕپێکراو‌ بۆ چاره‌سه‌ری ئه‌و په‌تایه‌ به‌کارده‌هێنن. یه‌کێک له‌وانه‌ وەزارەتی تەندرووستی عێراقه‌، به‌ڵام پێویسته‌ ئەو دەرمانە لە ژێر چاودێریەکی ووردی دکتۆری پسپۆر بەکاربھێنرێت.

به‌ کورتی ده‌مه‌وێت بڵێم هۆکاری مردنی ئه‌و نه‌خۆشانه‌ ئه‌و ده‌رزیانه‌ نیه‌ وه‌ک ده‌ڵێن، به‌ڵکو خودی نه‌خۆشیه‌که‌ خۆیه‌تی، هه‌رچه‌نده‌ که‌م ده‌رمان هه‌یه‌، که‌ کاریگه‌ری لاوه‌کی نه‌بێت به‌ڵام وه‌ک ده‌ڵێن که‌سی خنکاو په‌نا بۆ پوشێک ده‌بات، دکتۆریش له‌پێناو رزگارکردنی ژیانی نه‌خۆشه‌که‌ی په‌نا بۆ هه‌موو ده‌رمانێک ده‌بات، ئه‌گه‌ر ئه‌گه‌ری کاریگه‌ریشی ئێجگار که‌م بێت.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن