كەوتنەخوارەوەی دوو مووشەك بەسەر ماڵێكدا لە بەغدا حەوت قوربانی لێكەوتەوە كەزۆربەیان منداڵن

عێراق

29/09/2020     ژمارەی بینراو 255

راچڵەكین-

دوێنێ‌ دوو مووشەكی كاتیوشا لەسەر خانوویەكی قەزای رەزوانییە لە بەغدا كەوتنەخوارەوە و لە ئاكامدا، پێنج هاوڵاتی سڤیل كە سێیان منداڵ و دوو كەسەكەی دیكە ئافرەت بوون كوژران، هەروەها دوو منداڵی دیكەش برینداربوون.

هاوپەیمانی فەتح لە عێراق بەسەرۆكایەتی هادی عامری رایگەیاند:"ئەو بۆردومانەی كە كرایە سەر ماڵێك لە قەزای رەزوانییە و بەهۆیەوە حەوت كەسی خێزانێك بوون بە قوربانی، تاوانێكی قێزەون و دوژمنكارانەیە بۆسەر گەلەكەمان".

راشیگەیاندووە "لە كاتێدا بە رەوشێكی هەستیاری ئەمنییدا تێپەڕدەبین، ئیدانەی ئەو بۆردومانە دەكەین ئەگەر لەلایەن هەر لایەكەوە ئەنجامدرابێت، چونكە ئەو بۆردومانە ژمارەیەك كەسی بێ تاوانی كردووەتە ئامانج و جگە لەوەیش پێشێلكردنی سەروەریی نیشتمانی و بەئامانجكردنی ئاشتی و ئاسایشی كۆمەڵایەتییە".

لە راگەیەندراوەكەدا ئەوەیش هاتووە "شانە و گرووپە تیرۆریستییەكان، هەڕەشەن بۆسەر ئاشتی، ئاسایش و سەقامگیری نیشتمان و هەوڵدەدەن لە میانی ئەنجامدانی ئەو كردانە، دووبەرەكی بڵاوبكەنەوە و گرووپەكانی بەرگریی پێ تۆمەتبار بكەن".

لە كۆتایی راگەیەندراوەكەدا، هاوپەیمانی فەتح داوای لە حكوومەت و هێزە ئەمنییەكان كردووە كە بە جیددی كار بكەن لە پێناو ئاشكراكردنی ئەو كەس و لایەنانەی كە ئەو بۆردومانەیان ئەنجامداوە و رێگەیش بە تیرۆریستان نەدەن یاری بە ئاسایشی گەلی عێراق بكەن و عێراقییەكان لە دووبەرەكی و هێرشی تیرۆریستان بپارێزن.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن