تەندروستی عیراق: پلانمان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ ئامادەكردووە

عێراق

29/09/2020     ژمارەی بینراو 240

راچڵەكین-

وەزارەتی تەندروستیی و ژینگەی عێراق رایگەیاند، هاوكات لەگەڵ گۆڕان لە كەشوهەوا و دابەزینی پلەكانی گەرمادا، پلانیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ (COVID-19) ئامادەكردووە.

سەیف بەدر -وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی و ژینگەی عێراق، لە لێدوانێكی رۆژنامەوانییدا ئاماژەی بەوەدا،ژمارەیەك لە شارەزایانی بواری تەندروستیی، پێشبینی ئەوەیان كردووە كە هاوكات لەگەڵ گۆڕان لە كەشوهەوا و دابەزینی پلەكانی گەرمادا، تووشوبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە عێراق زیاتر بێت و وتی: "ئەگەر هاووڵاتییان پابەند نەبن بە رێوشوێنەكانی خۆپارێزیی بە تایبەتیش لە میانی رێورەسمی چلەی ئیمام حوسێن-دا، ئەوا ژمارەی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە عێراق، زیاد دەبێت".

وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی و ژینگەی عێراق، راشیگەیاند:" وەزارەت لە میانی ئەو پلانەی دایناوە، تیمی تایبەتی بۆ چارەسەركردنی هەر حاڵەتێكی نەخوازراو و پێویست دەست نیشانكردووە، هەروەها ماسكی زیاتر و دەرمانی چارەسەركردن بۆ تووشبووانی ڤایرۆسی كۆرۆنا كە لە پرۆتۆكۆلە پشت پێبەستراوەكاندا، هاتووە دابینكردووە."

سەیف بەدر باسی لەوەشكرد:" هەر كاتێك ڤاكسینێك دژبە ڤایرۆسی كۆرۆنا لەهەر وڵاتێكی جیهان بەرهەمێندراو پەسەندكرا، ئەوا عێراق ئەو ڤاكسینە دەكرێت."

بەپێی ئامارە فەرمییەكان، تا ئێستا 353 هەزار و 566 كەس لە عێراق تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ بوون و لەو ژمارەیەش نۆ هەزار و 52 كەس گیانیان لەدەستداوە و 284 هەزار و 784ی دیكەیش چاكبوونەتەوە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن