10 ساڵە هونەرمەندەكەی شاخ جێی هێشتووین

مەڵتی میدیا

01/10/2020     ژمارەی بینراو 437

راچڵەكین-

ئەمڕۆ 1-10-2020،  دە ساڵ بەسەر كۆچی دوایی هونەرمەندو پێشمەرگە "حەمە جەزا" دا تێدەپەڕێت.

ژیاننامەی حەمەجەزا....

* "حەمە جەزا عەلی" لەساڵی 1949 لەشاری سلێمانی لەدایكبووە، هەر لەمنداڵییەوە ئارەزووی هونەرو سترانی كردووە.* زۆرینەی بنەمەڵەكەیان بەكەسانی دەنگخۆش دەناسرێن و ژمارەیەكی زۆریان ناوبانگێكیان لەناو هونەری كوردیدا پەیدا كردووە.* لەتەمەنی 19 ساڵیدا ژیانی هاوسەری پێكهێناوەو خاوەنی 6 منداڵە (2 كوڕو 4 كچ).

* لەساڵی 1969 دا دەبێتە ئەندامی "تیپی هونەرو وێژەی كوردی" و لەگەڵ هاوتەمەنەكانی خۆیدا وەك "عوسمان عەلی" و "سەلاح مەجید" و "حەمەی نێرگز" و هتد.. بەشداری چەندین ئاهەنگی موزیكی دەكات.

* بۆ یەكەمجار لەساڵی 1970 بەرەو شاری هەولێر دەڕوات و لەئاهەنگی 16ی ئابدا بەشداری دەكات، هەروەك خۆی لەیادگارییەكانیدا دەگێڕێتەوە دواتر بەتەواوەتی لەهەولێر نیشتەجێ دەبێت و بەهۆی خۆشی دەنگییەوە ژمارەیەكی زۆر لەدۆست و هاوەڵانی بۆ پەیدا دەبێت و بەتەواوەتی لەنێو هونەرمەندان و ڕۆشنبیراندا دەناسرێت.

* یەكەمین بەرهەمی تۆماركراوی لەساڵی 1971 بەناوی "بیبی خانم" بڵاودەكاتەوە، كە لەسلێمانی لەگەڵ چەند ئەندامێكی "تیپی موزیكی باواجی كۆیە" تۆماری دەكات.

* ساڵی 1977 بەرهەمێكی تری بەناوی "ئیشق و ئازادی" هۆنراوەی "هێمن موكریانی" و بەژەنینی ئامێری عود لەلایەن "رزگار خۆشناو" بڵاودەكاتەوە. ئەم بەرهەمە نوێیەش ناوبانگێكی باش بە "حەمە جەزا" دروستدەكات و لەماوەی تەنها دوو ڕۆژدا لەسەرتاسەری كوردستاندا بڵاودەبێتەوە.

* لەساڵی 1977 دا دوو ستران لەگەڵ "تیپی موزیكی هەولێر" تۆماردەكات و لەساڵی 1978 دا "حەمە جەزا" چوار سترانی تری لەگەڵ هەمان تیپدا بڵاودەكاتەوە. لەساڵی 1980 دا دوو سترانی تر لەگەڵ "تیپی موزیكی هەولێر" بەئەنجام دەگەیەنێت.

* "حەمە جەزا" زۆربەی بەرهەمە بەپێزەكان لەگەڵ هونەرمەندی عودژەن "رزگار خۆشناو" بەئەنجام گەیاندووە.* دوای بەئەنجام گەیاندنی بەرهەمی "ئیشق و ئازادی" هونەرمەند "حەمە جەزا" لەساڵی 1977 دا "شەنگەبێری" تۆماردەكات و لەساڵی 1978یشدا "بوكی ئازادی و جوانی ناو چیا" بەئەنجام دەگەێنێت. هەر هەمان ساڵ "ناڵەی جودایی" مامۆستای هێمن "گلەیی لەكەس ناكەم" ئاوێتەی هونەری كوردی دەكات.

* سەرجەم سترانە تۆماركراوەكانی "حەمە جەزا" 212 ن، ئەمە جگە لەبەشداربوون لەسەدان ئاهەنگ و میهرەجان و ئاهەنگی تایبەت.* پاش بێزارییەكی زۆرو هەراسانكردن و راوەدوونان لەلایەن رژێمی بەعسەوە لە 23-5-1981 شاری هەولێر بەجێدەهێڵێت و بەرەو شاخ دەڕوات. سەرەڕای سەختی ژیانی شاخ و پێشمەرگایەتی هونەرمەندی ناوبراو لەهونەر دوورنەكەوتەوەو چالاكی خۆی لەگەڵ "تیپی موزیكی شەهید كارزان" درێژە پێداو كۆمەڵێك لەسروودی نیشتمانی بۆ پێشمەرگەو خەباتی رزگاریخوازی كوردستان تۆماركرد.

* پاش راپەڕینی بەهاری 1991 "حەمە جەزا" ئاهەنگی "یانەی مامۆستایان"ی لەگەڵ "تیپی هونەری هەولێر" لەشاری هەولێر سازكرد.

* "حەمە جەزا" ساڵی 1990 لەگەڵ خانەوادەكەی بەرەو وڵاتی دانیمارك رۆیشتن و زۆرجار سەردانی كوردستانی دەكردەوەو بەشداری چالاكی هونەری دەكرد. لەدوای 2000ـەوە چەندین ئاهەنگی لەهەولێر، سلێمانی، كەركوك، رۆژهەڵاتی كوردستان سازداوەو بە‌شداری دەیان بەرنامەی رادیۆیی و تەلەفزیۆنی كردووە.

* ساڵ 2007 "حەمە جەزا" دووچاری شێرپەنجەی پەنكریاس بوو و بەمەبەستی چارەسەری پزیشكی سەردانی وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمریكاو زۆر شوێنی تری كرد.

* "حەمە جەزا" لەپاڵ دەنگە سازگارییەكەی، خەریكی نووسینی هۆنراوەش بوو و دیوانێكی گەورەی بەچاپ گەیاندووەو لەلاپەڕەی 239 دا كە لەشاری "هێرلیو لەدانیمارك لە 10-11-2008 لەسەر نەخۆشییەكەی دەینووسێت: "بۆكرۆزی دێ لە سینەم، قرچەی سوتانی جگەرمە ئەتاسێنی هەناسەو دڵ، زۆر لەسەرخۆ نەرمە نەرمە هێدی هێدی گڕ ئەسێنێ، ئازار وا گەیشتە جەستەم، دەزانم دەردم گران، من دەردەداری شێرپەنجە، مەرگم نزیكەو لێم حاڵی، دەوایەك بۆ سەرەتانم، تا ئەوكاتەی چاولێك ئەنێم، بەهێوای خۆشی ژیانم".

* لەساڵی 2009 "وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان" لەشارە دێرینەكەی كوردان، شارە خۆشەویستەكەی "حەمەجەزا"ی هونەرمەند كە تەمەنێكی زۆری لەوێ بەسەربردبوو، لە "هۆڵی پێشەوا"ی هەولێر خەڵاتی رێزلێنانی بەخشییە هونەرمەندو پێشمەرگە "حەمەجەزا".

* ئێوارەی 1-10-2010 دڵە گەورەكەی لەلێدان كەوت و بەیەكجاری ماڵئاوایی لەژیان كرد. هەر هەمان رۆژ لەكەژاوەیەكی پڕشكۆی شایستەداو بەئامادەبوونی ژمارەیەكی زۆری بنەماڵەو كەسوكارو دۆستان و هاوڕێیانی هونەرمەند، لەگردی سەیوان لەسلێمانی بەخاكسپێردرا.
س/ خاك تیڤی

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن