بەرپرسێكی باڵای عیراق بەشەش ساڵ زیندانی سزادرا

عێراق

01/10/2020     ژمارەی بینراو 400

راچڵەكین-

دەستەی دەستپاكی عیراق رایگەیاند، بەهۆی زیانگەیاندن بە سامانی دەوڵەت، دادگا بڕیاری زیندانیكردنی بۆ پارێزگاری پێشووتری دیالە دەركردووە.

دەستەكە لە بەیاننامەیەكدا كەئەمڕۆ پێنجشەممە بڵاوكراوەتەوە ئاماژەی بەوەكردووە:" تاوانبار لەو كاتەی پارێزگاری دیالە بووە، رەزامەندی لەسەر خەرجكردنی بڕی 500 ملیۆن دینار نیشانداوە بەپاساوی دابینكردنی خەرجی كەرەستە و ئۆتۆمبێلی بەكارهاتوو لە دیالە و سەڵاحەدین، لەسەر داوای بەڕێوەبەری شارەوانی بەعقوبە."

ئەوەش روونكراوەتەوە، هەرچەندە ئەو بڕە پارەیە بەنەختینە خەرجكراوەو لەلایەن لیژنەی ژینگەپارێزی بەعقوبە وەرگیراوە، بەڵام تەواوی پارەكە گواستراوەتەوە بۆ لایەنێكی نادیار، لەگەڵ ئەوەی بەڕێوەبەری ژمێریاری پارێزگای دیالە رەزامەند نەبووە لەسەر خەرجكردنی ئەو بڕە پارەیە.

لەبەشێکی تری راگەیەندراوەكەدا هاتووە، دوای پشتڕاستكردنەوەی بەڵگەكان، دادگا بڕیاریدا بەسزادانی پارێزگاری پێشووتری دیالە بەغیابی و بە 6 ساڵ زیندانی و دەستبیەسەرداگرتنی ماڵ و سامانەكەیی.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن