ئەردۆغان: شوێنی هەدەپە یان شاخە یان سەرشەقام

جیهان

01/10/2020     ژمارەی بینراو 364

راچڵەكین - AA

رەجەب تەیب ئەردۆغان لەناو پەرلەمانی توركیا هێرشێكی توندی كردە سەر پارتی دیموكراتی گەلان و بوون و نەبوونی ئەو پارتەی وەك یەك وەسفكرد، راشیگەیاند: شوێنی هەمیشەی هەدەپە یان شاخە یان سەرشەقام.

سەرۆك كۆماری توركیا، ئەمڕۆ 1-10-2020، لەمیانەی بەشداریكردنی لە دەستپێكی كارەكانی یاسادانانی پەرلەمانی وڵاتەكەی، كە بەبێ ئامادەبوونی پەرلەمانتارانی هەدەپە بەڕێوەچوو، لە وتەیەكدا هێرشێكی توندی كردە سەر پارتی دیموكراتی گەلان و رایگەیاند:"هیچ جیاوازییەك لەنێوان بوون و نەبوونی هەدەپەدا نییە، چونكە شوێنی ئەوان هەمیشە یان شاخە یان سەرشەقامە''.

ئەردۆغان ئاماژەی بەوەشكرد هەركاتێك پەرلەمان بڕیارێكی ئەرێنیی لەبارەی سزای لەسێدارەدان دەركرد، ئەویش وەك سەرۆك كۆمارو دەسەڵاتی پەسەندكردن، بڕیارەكە پەسەند دەكات.

سەرۆك كۆماری توركیا پاڵپشتی تەواوی وڵاتەكەشی بۆ ئازەربایجان لە شەڕی دژە بە ئەرمینیا دووپاتكردەوەو دەوڵەتی ئەرمینیاشی بە دەوڵەتێكی چەتەكە وەسفكردو رایگەیاند، وەك توركیا بە هەموو توانا و ئیرادەمانەوە بەردەوام دەبین لەسەر پشتیوانیكردنی خوشك و برایانمان لە ئازەربایجان، كە خۆمان وەك دوو دەوڵەت و یەك گەل دەبینین، وتیشی:" رێگەی ئاشتیی هەمیشەیی لەم ناوچەیەدا، بە كشانەوەی ئەرمەنییەكاندا تێدەپەڕێت لەهەر خاكێكی ئازەربایجان كە داگیری كردووە''.

هۆشداریشی دایە ئەو وڵاتانەی كە پشتیوانی لە ئەرمینیا دەكەن و ئاگاداری كردنەوە كە لەبەردەم ویژدانی هاوبەشی مرۆڤایەتی، لێپرسینەوە لەگەڵ خۆیاندا بكەن.

ئەردۆغان سەرباری هەبوونی پەیوەندی دیبلۆماسی لەنێوان وڵاتەكەی و ئیسرائیل، جەختی لەسەر پشتیوانیكردنی توركیا لە دۆزی فەڵەستین كردەوەو ئەمەشی بە كارێكی شەرەفمەندانە ناوبرد.

سەبارەت بە كێشەكانی رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاستیش، ئەردۆغان ئاماژەی بەوەكرد كە بژاردەی لەپێشینەیان ئەوەیە لەسەر بنەمای مافی هاوبەش كێشەكانی ناوچەكە چارەسەر بكرێن.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن