راچڵەكین-
لە یاری كۆتایی پاڵەوانێتی تێنسی كراوەی فەڕەنسا (رۆلاند گارۆس)، لەسەر ئاستی پیاوان، یاریزانی ئیسپانی رافائێل نادال، بە ئەنجامی سێ كۆمەڵەی بێبەرامبەر لە یاریزانی سڕبی، نۆڤاك جۆكۆڤیچ-ی بردەوە و بووە پاڵەوان.
لە یاریی كۆتایی پاڵەوانێتی گراند سلامی كراوەی فەڕەنسا كە لە پاریس-ی پایتەخت بەڕێوەچوو، یاریزانی پلە یەكی جیهان، جۆكۆڤیچ رووبەڕووی یاریزانی پلە دووی جیهان نادال بوەوە.
نادال كۆمەڵەی یەكەمی بە ئەنجامی ٦-٠ و كۆمەڵەی دووەمی بە ٦-٢ بردەوە و پێشەنگی خۆی بە ئەنجامی دوو كۆمەڵەی بێبەرامبەر تۆماركرد.
هەروەها نادال باڵادەستی خۆی لە كۆمەڵەی سێیەمیشدا سەپاند و توانی دوای دوو كاتژمێر و ٤١ خولەك ئەو كۆمەڵەیەش بە ئەنجامی ٧-٥ بباتەوە و بۆ جارێكی تر وەكو پاڵەوانی پاڵەوانێتییەكە تۆماربكات.
نادال بە ١٣ جار بووەتە ئەو یاریزانەی كە زۆرترین جار جامی پاڵەوانێتی گراند سلامی بەرزكردووەتەوە.