به‌وێنه‌.. ئه‌و خانمانه‌ی‌ به‌ ئازایه‌تی به‌ره‌نگاری شێرپه‌نجه‌ی‌ مه‌مك بونه‌ته‌وه‌

تەندروستی

14/10/2020     ژمارەی بینراو 789

به‌وێنه‌.. ئه‌و خانمانه‌ی‌ به‌ ئازایه‌تی به‌ره‌نگاری شێرپه‌نجه‌ی‌ مه‌مك بونه‌ته‌وه‌

ڕاچڵه‌كین-

 

مانگــی ده‌ (ئۆكتـۆبه‌ر) هه‌ڵمـه‌تی هۆشیاری بۆ به‌ره‌نگاربوونـه‌وه‌ی شێرپه‌نجه‌ی مه‌مك، كه‌ هه‌ڵمه‌تێكـی نێوده‌وڵه‌تی ساڵانه‌یه‌، لـه‌ هه‌ڵمه‌كه‌ته‌دا به‌زۆری ڕه‌نگــی په‌مه‌یــی به‌كارده‌هێنرێت وه‌ك هێمایـه‌ك بۆ تایبه‌تبوونـی نه‌خۆشییه‌كه‌ به‌ ئافره‌تانه‌وه‌، سیمبولــی ئه‌م هه‌ڵمه‌ته‌ش قردێلــه‌ی په‌مه‌یـی كاڵـه‌.

له‌م بابه‌ته‌دا وێنه‌ی‌ ئه‌و خانمانه‌ ده‌بینن كه‌ ئازایانه‌ به‌ره‌نگاری شێرپه‌نجه‌ی‌ مه‌مك بونه‌ته‌وه‌ و سه‌ركه‌وتنیان به‌سه‌ر نه‌خۆشییه‌كه‌ به‌ده‌ست هێناوه‌ هاوكات هۆكار و نیشانه‌ و چۆنیه‌تی چاره‌سه‌ری ئه‌م نه‌خۆشییه‌ش ده‌زانن كه‌ له‌ناو خانماندا زۆر بڵاوه‌ و ئه‌م مانگه‌ش تایبه‌ته‌ به‌ ئاگاداركردنه‌وه‌ی‌ خانمان له‌م نه‌خۆشییه‌.


شێرپەنجە بریتیە لە نەخۆشی خانەکانی لەشی مرۆڤ بە سیستەمێك بەڕێوە دەچن کە لەلایەن بۆهێڵه‌كانه‌وه‌ دیاری دەکرێت، بۆیە ئەگەر هەڵە لە ئیش و کاری بۆهێڵه‌كان دروست بوو، ئەوا هەڵە لە سیستەمی بەڕێوەچوونی خانەکان دروست دەبێت، وە چەند هۆکارێکی بۆماوەیی و ژینگەیی بەیەکەوە دەچنە پاڵ یەك و دەبنە هۆی دروست بوونی بازدان لە جینەکان، دكتۆر سه‌ركه‌وت پسپۆری گرێ و نەخۆشیەکانی شێرپەنجە له‌م بابه‌ته‌دا باس له‌ هۆكار و چۆنیه‌تی خۆپاراستن له‌ توشبوون به‌ شێرپه‌نجه‌ی‌ مه‌مك ده‌كات.

له‌ هۆكاره‌كانی توشبوون به‌ شێرپه‌نجه‌ی‌ مه‌مك:

1- تەمەن: زیاد بوونی تەمەن یەکێكە لە گەورەترین هۆکارەکانی تووش بوون بە شێرپەنجەی مەمك. هەتا تەمەن زیاتر بێت، ئەگەری ڕوودانی هەڵە لە ئیش و کاری بۆهێڵه‌كان زیاتر دەبێت، چونکە لە ناو خانەکانی لەش سیستەمی ڕێگریکردن لە ڕوودانی هەڵەی بۆهێڵه‌كان هەیە، وە ئەو سیستەمە لەگەڵ زیاد بوونی تەمەن بەرە بەرە لاواز دەبێت. ٨٠٪ ی شێرپەنجەی مەمك لەوانە ڕوو دەدات کە تەمەنیان لە ٥٠ ساڵ زیاترە.

2- جێندەر: هەتا یەك پیاو تووشی شێرپەنجەی مەمك دەبێت، ١٠٠ ئافرەت تووش دەبێت.

3- ڕەنگی پێست: لە ئەمریکا و ئەوڕوپا ئافرەتە سپی پێستەکان زیاتر تووشی شێپرنجەی مەمك دەبن بە بەراورد لەگەڵ ئافرەتە ڕەش پێستەکان.

4- قەڵەوی: شێرپەنجەی مەمك دوای ٥٠ ساڵی دوو جار زیاترە لە ئافرەتانی قەڵەو بە بەراوورد لەگەڵ ئەو ئافرەتانەی قەڵەو نین.

6- درێژی باڵا: لە توێژینەوەیەك تێبینی کرا کە ئەو ئافرەتانەی درێژیان زیاترە لە ١٧٥سم، ئەگەری تووشبوونیان بە شێرپەنجەی مەمك ٢٠٪ زیاتە بە بەراوورد لەگەڵ ئەو ئافرەتانەی درێژیان لە ١٦٥سم کەمترە.

7- هۆکارە هۆڕمۆنیەکان: هەندێك لە هۆڕمۆنەکان وادەکەن خانەکانی مەمك زۆر ببن و گەشە بکەن. ئەو هۆکارانەی کە وائەکەن خانەکانی مەمك زۆرتر بکەونە ژێر کاریگەری هۆڕمۆنەکان بریتین لە: 
-دەستپێکردنی سووڕی مانگانە لە تەمەنێکی بچووك
- ڕاوەستانی سووڕی مانگانە لە تەمەنێکی گەورە
- شیرنەدان
- منداڵ نەبوون
- بەکارهێنانی هۆڕمۆنی ژنانە
 تێبینی کراوە کاتی نێوان یەکەم سووڕی مانگانە و یەکەم دووگیان بوون زۆر گرنگە، هەتا ئەو ماوەیە کەمتربێت ئەگەری تووش بوون بە شێرپەنجەی مەمك کەمتر دەبێت. بێگومان هەموو هۆکارە هۆڕمۆنیەکان بەدەست ئافرەت نین (بۆ نموونە کاتی نێوان یەکەم سووری مانگانە و یەکەم دووگیان بوون)، بەڵام هەندێك هۆکاری هۆڕمۆنی دەکرێت لە ژێر کۆنترۆڵ و ویستی ئەفرەتەکە بن، بۆ نموونە شیردان بە منداڵ (کە ڕێژەی هۆرمۆنەکان دەگۆڕێت)، وە وەرگرتن یان وەرنەگرتنی چارەسەری هۆڕمۆنی.

 

هۆکارە هەڵسوکەوتیەکان:
1- خواردنەوەی کحول: چەندەها توێژینەوە ئەوەیان پشت ڕاست کردۆتەوە کە خواردنەوەی کحول ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجە مەمك زیاد دەکات.

2- جگەرە کێشان: توێژینەوەکان پیشانیان داوە کە جگەرە کێشانێکی زۆر بۆ ماوەیەکی زۆر وە بەتایبەتی ئەگەر پێش یەکەم دوو گیان بوون دەست پێ بکرێت ئەگەری تووش بوون زیاد دەکات.

3- وەرزش کردن: تێبینی کراوە کە ئەو ئافرەتانەی بەشێوەیەکی بەردەوام وەرزش دەکەن ئەگەری تووش بوونیان ١٠٪ کەمترە.

4- جۆری خواردن: خواردنێك کە دەوڵەمەند بێت بە سەوزە و میوە، ماسی و ڕۆنی زەیتوون ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجەی مەمك کەم دەکاتەوە، بەڵام کاریگەری چەوری و گۆشت یەكلا نەبۆتەوە.

5- ئیش کردن بەشەوان بۆ ماوەیەکی زۆر ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجەی مەمك زیاد ده‌كات.

6- وەرگرتنی چارەسەری تیشكی بۆ گرێ لیمفاویەکانی سنگ لە نێوان تەمەنی ١٠-٣٠ ساڵی، بۆ نموونە بۆ چارەسەری لیمفۆما ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجەی مەمك زیاد دەکات.

 


هۆکارە بۆماوەییەکان:

هەندێك لە گۆڕانی بۆهێڵه‌كان بە بۆماوە لە دایك و باوك دەگوازرێنەوە بۆ منداڵەکانیان. بۆیە ئەو ژنانەی کە کەسێکی نزیکیان تووشی شێرپەنجەی مەمك بووە ئەگەری تووشبوونیان زیاترە. بۆ نموونە ئەگەر ئافرەتێك یەك کەسی نزیکی تووش بووبێت، ئەوا ئەگەری تووش بوونی ئەو ٢ جار زیاترە لە خەڵکی دی، بەڵام ئەگەر دوو یان زیاتر لە کەسە نزیکەکانی تووش بووبن، ئەوا ئەو ئەگەرە بەرز دەبێتەوە بۆ ٣-٤ جار. وە ئەو ئەگەرە زیاتریش دەبێت ئەگەر کەسە نزیکەکان لە تەمەنێکی زۆر گەنج تووش بووبن یان شێرپەنجە لە هەردوو مەمکیان دروست بووبێت. 

نەك تەنها شێرپەنجەی مەمك، بەڵکو شێرپەنجەی هێلکەدانیش لە کەسێکی نزیك ئەگەری تووش بوون بە شێرپەنجەی مەمك زیاد دەکات.

بۆیە ئەو ئافرەتانەی کە کەسانی نزیکیان تووشی شێرپەنجەی مەمك یان هێلکەدان بووبن (بەتایبەتی لە تەمەنێکی بچووك)، لەوانەیە بازدانی جینیان (Gene mutation) هەبێت لە هەندێك جین کە گرنگترینیان دوو جینن پێیان ئەڵێن BRCA1 و BRCA2. ئەو بازدانە جینیانە بەرپرسن لە دروست بوونی ٥-٦٪ی هەموو شێرپەنجەکانی مەمك لە ئافرەتان. وە ئەگەر ئافرەتێك ئەو بازدانە جینیانەی هەبێت، ئەگەری تووش بوونی بە شێرپەنجەی مەمك ٥-٧ جار زیاد دەکات بە بەراوورد لەگەڵ ئەفرەتانی دیکە.

ئەوەی کە گرنگە ڕەچاو بکرێت ئەوەیە کە زۆربەی ئەو ئافرەتانەی کە کەسێك یان زیاتر لە کەسێکی نزیکیان تووشی شێرپەنجەی مەمك بووە قەت تووشی شێرپەنجەی مەمك نابن (لەگەڵ ئەوەی کە ئەگەری تووش بوونیان زیاترە لە ڕووی سه‌رژمێریه‌وه‌)، وە زۆربەی ئەوانەی تووشی شێرپەنجەی مەمك بوون هیچ کەسێکی نزیکیان پێشتر تووش نەبووە.

لەبەرکردنی ستیان:
پێشتر ئەو گومانە بڵاوبووبوەوە کە گوایە ستیان جووڵە و تێپەڕبوونی شلەی لیمف لە بۆڕیە لیمفاویەکانی ناو مەمك سست دەکات یان ڕایدەگرێت و دەبێتە هۆکارێك بۆ تووش بوون بە شێرپەنجەی مەمك، بەڵام توێژینەوەیەکی نوێ کە زیاتر لە ١٥٠٠ ئافرەت به‌شداریان تێدا کردبوو، پیشانی دا کە هیچ پەیوەندیەك نیە لە نێوان شێرپەنجەی مەمك و لەبەرکردنی ستیان.

بەکارهێنانی حەبی مەنعی حمل:
بەپێی ئەو توێژینەوانەی هەتا ئێستا کراون، پەیوەندیەکی بەهێز لە نێوان بەکارهێنانی ئەو حەبانە و شێرپەنجەی مەمك تێبینی نەکراوە.

شێوازەکانی خۆپاراستن لە تووشبوون بە شێرپەنجەی مەمك:
بێگومان گەورە بوونی تەمەن و هۆکارە بۆماوەییەکان بەدەست مرۆڤ نین، بەڵام هۆکارە ژینگەییەکان (کە بەشێکیان هۆکاری هەڵسوکەوتین) دەکرێت مرۆڤ خۆیان لێ بپارێزێت. تێبینی کراوە نزیکەی ١/٣ (٣٣٪) ی ئەو شێرپەنجانەی مەمك کە لە دوای تەمەنی ٥٠ ساڵی تووشی ئافرەتان ئەبن بە هۆی چەند هۆکارێکن کە دەکرێت ڕێگریان لێ بکرێت، بۆ نموونە قەڵەوی، بەکارهێنانی هۆڕمۆنات، خواردنەوەی کحول، وە شیر نەدان.

کەواتە بۆ خۆپاراستن دەکرێت ئەو ڕێکارانە بگیرێنە بەر:
- وازهێنان لە خواردنەوەی کحول و جگەرە کێشان
- خواردن بە شێوەیەکی تەندروست
- وەرزش کردن
- شیردان بۆ ئەوانەی کە منداڵیان دەبێت
- وەرنەگرتنی چارەسەری هۆڕمۆنی لە لایەن ئەوانەی سووری مانگانەیان وەستاوە تەنها لە ژێر چاودێری پزیشکی پسپۆری ئافرەتان نەبێت، وە دەبێت بۆ ماوەیەکی دیاری کراو بدرێت بەپێی پێویستی.
- بڵاوکردنەوەی هۆشیاری تەندروستی لەوانەیە ببێتە هۆی زوو دەستنیشانکردنی شێرپەنجەی مەمك و کەمکردنەوەی ڕێژەی مردن بەو نەخۆشیە.
- پشکنینی پێشوەختە (Screening) ڕێژەی مردن کەم دەکاتەوە لە ڕێگای زوو دەستنیشانکردنی شێرپەنجەی مەمك.

 


پشکنینی پێشوەختە لە کێ پێویستە بکرێت؟
هەموو دامه‌زراوه‌ پزیشکیەکانی جیهان کۆکن لەسەر ئەوەی کە ئافرەتانی تەمەن ٥٠-٧٠ ساڵ دەبێت ٢-٣ ساڵ جارەك وێنه‌ی‌ تیشكی  مەمكیان بۆ بکرێت، بۆ ئەوەی ئەو گرێیە بچووکانەی کە بە دەست هەستیان پێ ناکرێت ببیندرێن.

 بەو شێوەیە، شێرپەنجەی مەمك لە قۆناغێکی زۆر سەرەتایی دەستنیشان دەکرێت و چارەسەری ئاسانتر دەبێت. لە هەندەك وڵاتیش، ساڵانە مامۆگرام بۆ ئەفرەتان ئەکەن و لە تەمەنی ٤٥-٤٧ ساڵی دەست پێ دەکەن.

بۆ ئافرەتانی کوردستان، پێشنیار ئەکەم هەموو ئافرەتان (بەتایبەتی ئەوانەی سەرووی ٣٥ ساڵن) دەست پێ بکەن مانگێ جارەك بەخۆیان مەمکەکانیان بپشکنن (لە ڕۆژی دەیەمی سووڕی مانگانە)، وە ئەگەر لە کاتی پشکنین هەستیان بە شتێكی نا سروشتی کرد با لە ماوەی چەند ڕۆژێكدا سەردانی پزیشك بکەن. وە ئەوانەشیان تەمەنیان ٤٥ ساڵ یان زیاترە با بۆ یەکەم جار مامۆگرام بکەن (ئەگەر پێشتر نەیان کردوە) تەنانەت ئەگەر هەست بە هیچی ناسروشتیش  نەکەن لە کاتی پشکنینی مانگانەی خۆیان، وە با ٢ یان ٣ ساڵ جارەك مامۆگرام دووبارە بکەنەوە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن