وەزیری پلاندانان: بەردەوام دەبین لە خزمەتكردنی ناوچەی گەرمیان

کوردستان

18/10/2020     ژمارەی بینراو 192

د. دارا رەشید داوای لە سەرپەرشتیار و بەرپرسانی ئیدارەی گەرمیان كرد ئەو پڕۆژانە بخەنەڕوو كە گرنگن بۆ دانیشتوانی ناوچەكە

راچڵەكین –

وەزیری پلاندانانی حكومەتی هەرێم لە سەردانێكیدا بۆ گەرمیان رایگەیاند، دانیشتوانی گەرمیان شایەنی هەموو خزمەتێكن و بەردەوامیش دەبن لەسەر خزمەتكرنی ئەو ناوچەیە.

ئەمڕۆ 18-10-2020 بەمەبەستی لەنزیكەوە ئاگاداربوون لەكێشەو گرفتەكان و ئاستی خزمەتگوزارییەكانی ناوچەی گەرمیان، د.دارا رەشید وەزیری پلاندانانی حكومەتی هەرێم، بەیاوەری شاندێك، سەردانی ئیدارەی گەرمیانی كرد و لەگەڵ سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان و بەڕێوەبەرانی گشتی ئەو سنورە كۆبویەوە.

بەگوێرەی راگەیاندراوێكی وەزارەتی پلاندانان، لەكۆبونەوەیەك گفتوگۆ لەبارەی پرۆژەخزمەتگوزارییەكان كرا، كە ئەنجامدراوەو بەشێك لەپرۆژەكانیش لەبواری جێبەجێ كردندان، لەوتەكیشدا وەزیری پلاندانان ڕایگەیاند: بەردەوام دەبین لەسەر خزمەتكرنی گەرمیان،چونكە دانیشتوانی ئەو ناوچەیە شایەنی هەموو خزمەتێكن.

د. دارا رەشید داوای لە سەرپەرشتیار و بەرپرسانی ئیدارەی گەرمیان كرد، ئەو پڕۆژانە بخەنەڕوو كە گرنگن بۆ دانیشتوانی ناوچەكە، بەتایبەتی لەسێكتەرەكانی پەروەردەو تەندروستی و رێگاوبان و كارەبا و بەنداو، وتیشی: وەك وەزارەتی پلاندانان دەمانەوێت ئەنجامدانی پرۆژەكان لەسەر خواستی دانیشتوانی ناوچەكە بێت بۆ ئەوەی بتوانرێت زۆرترین خزمەت بگەیەنێت.

وەزیری پلاندانان ئاماژەی بە سندوقی پەرەپێدانی كۆمەڵایەتی كردو رایگەیاند، هەموو هەوڵێك دەدەن بۆئەوەی لەداهاتوو ناوچەی گەرمیان سوود لەو سندوقە وەربگرێت، دواتر لە هەڵەبجەو وهەولێرو دەڤەری راپەرینیش پرۆژەكانی ئەو سندوقە بكەوێتە بواری جێبەجێكردن، بەتایبەت لەو ناوچانەی كە هەژارنشینن و لەسەر خواستی دانیشتوانی گوندەكان پێشنیاز بكرێت لەبوارەكانی ریًَگاوبان و پەروەردە وتەندروستی و كارەبا و ئاو ئاوەڕۆ.

پاشان وەزیری پلاندانان باسی لەگرنگی پرۆژەی هاوبەشی كەرتی تایبەت و گشتی لەبوارەكانی خزمەتگوزاری و باشترگەیاندنی بەهاوڵاتیان كەلەم كابینەیە وەزارەتی پلاندانان پرۆژەیەكی گشتگیری پێشكەشی ئەنجومەنی وەزیران كردوە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن