بەهای لیرەی توركی بۆ نزمترین ئاست دابەزی

ئابوری

23/10/2020     ژمارەی بینراو 1913

راچڵەكین –

نرخی لیرەی توركی بەردەوامە لە دابەزین و لەدەستدانی بەهاكەی لە بەرامبەر دراوە بیانییەكانی دیكەو ئەمڕۆ هەینی گەیشتە نزمترین ئاست لە مێژووداو نرخی 100 دۆلار بۆ 798 لیرە بەرزبووەوە.

ئەمڕۆ 23-10-2020 لەمیانەی مامەڵەی ئاڵوگۆڕی دراو لە توركیا، بەهای لیرە جارێكی دیكە دابەزینێكی گەورەی تۆماركردو بەڕێژەی 2.1% بەهاكەی لە بەرامبەر دۆلاری ئەمریكی لەدەستدا.
 
لە ئێستادا نرخی 100 دۆلار لەناوخۆی توركیا بەرامبەرە بە 798 لیرە، ئەمەش پێشبینییەكانی ئابووریناسی ئەو وڵاتە دەسەلمێنێت كە بەر لە كەمتر لە مانگێك پێشبینییان كردبوو بەهای دراوەكەیان بگاتە ئاستێكی پێوانەیی لە دابەزین و 100 دۆلار بە 800 لیرە مامەڵەی پێوەبكرێت.

دابەزینی ئەمجارەی نرخی لیرە، بەهۆی بڕیارەكەی بانكی ناوەندیی توركیا دێت بە هێشتنەوەی نرخی سوو وەك خۆی، ئەمەش بە ئامانجی بەرزكردنەوەی بەهای دراوەكەیان، بەڵام ئەنجامەكەی پێچەوانە بووەوەو ئەمڕۆ بەشێك لە بەهاكەی لەدەستدایەوە. 

لە سەرەتای ئەمساڵەوە تائێستا، لیرەی توركی زیاتر لە 25%ی بەهاكەی لەدەستداوە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن