ئەتڵەتیكۆ مەدرید دوای 10 ساڵ.. ڕاوی مێسی و بارسیلۆنەی كرد

وەرزش

22/11/2020     ژمارەی بینراو 228

راچڵەكین-

دوای چاوەڕوانییەك كە 10 ساڵی خایاند، دواجار یانەی ئەتلەتیكۆ مەدرید، ڕاوی لیۆنێل مێسی و یانەی بارسیلۆنەی كردو سەركەوتنی بەرامبەر یانە كەتەلۆنییەكە بەدەستهێنا.

شەوی رابردوو لەمیانی بەڕێوەچوونی یاریەكانی گەڕی 10ی خولی تۆپی پێی ئیسپانیا، یانەی ئەتلەتیكۆ مەدرید میوانداری یانەی بارسیلۆنەی كرد.

گێمی یەكەمی یاریەكە ئاستێكی مامناوەندی بەخۆوە بینی و نزیك بوو لەوەی بەیەكسانی هەردوو تیپ كۆتایی پێ بێت، بەڵام هەڵەیەكی كارەساتهێنی (تێر شتیگن)ی گۆڵپارێزی یانەی كەتەلۆنی لە خولەكی سێی زیادكراوی ئەو گێمە، وای كرد یانەی خاوەن ماڵ ببێتە خاوەنی گۆڵی یەكەم كاتێك (یانیك كاراسكۆ)ی یاریزانی ئەتلەتیكۆ مەدرید لێزانانە ئەو هەڵەیەی قۆستەوەو یانەكەی كرد خاوەنی گۆڵی یەكەم و سەركەوتن لەیاریەكەدا.

لەگێمی دووەمی یاریەكەشدا، تەواوی هەوڵەكانی مێسی و هاوڕێكانی بۆ یەكسان كردنەوەی ئەنجامەكە شكستیان هێناو بەوجۆرە یاریەكە لەبەرژەوەندی كوڕانی سیمیۆنی كۆتایی هات و لەدێوەزمەی سەركەوتن بەسەر یانەی بارسیلۆنەدا رزگاریان بوو لەكاتێكدا ماوەی 10 ساڵە لەخولی ئیسپانیادا نەیانتوانیوە سەركەوتن بەسەر یانە كەتەلۆنیەكەدا دەستەبەر بكات.

بەم بردنەوەیەش یانەی ئەتلەتیكۆ مەدرید بووە خاوەنی 20 خاڵ و لەریزبەندی دووەمی خولەكەدایە و بەجیاوازی گۆڵ لەدوای یانەی ریال سۆسیداد دێت كەلەپلەی یەكەمدایە.

یانەی بارسیلۆنەش لەئێستادا خاوەنی تەنها 11 خاڵەو لەریزبەندی دەیەمی خولەكەدا دێت پاش ئەوەی لەو هەشت یاریەی ئەنجامی داوە، تەنها سێ یاری بردووەتەوەو لەبەرامبەردا سێ یاری دۆڕاندووەو دووانی تریش یەكسان بووە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن