کاریگەری شەکرە لەسەر سکپڕی

تەندروستی

26/11/2020     ژمارەی بینراو 747

کاریگەری شەکرە لەسەر سکپڕی


ڕاچڵه‌كین-

زۆربەی ئەو دەرهاویشتانەی کە شەکرە لەسەر سکپڕی دروستی دەکات بە هۆی کەڵەکەبوونی شەکرە لەناو خوێندا، دكتۆر شاهۆ پسپۆری هەناوی له‌م بابه‌ته‌دا كاریگه‌ری شه‌كره‌ له‌سه‌ر سكپڕی باسده‌كات.

1- شەکرە یەکێکە لە هۆکارەکانی لەبارچوونی کۆرپەلە لە سەرەتای دووگیانی دا.
2- بەرزی شەکرە هۆکارێکی گرنگە بۆ تووشبوونی کۆرپەلە بە نەخۆشی زگماکی دەمار و دڵ.
3- شەکرە دەبێتە هۆی گەورەبوونی قەبارەی کۆرپەلە زیاتر لە ڕێژەی ئاسایی خۆیی و ئەمەش کاریگەری لەسەر شێوازی لەدایکبوونی منداڵ دەبێت و ڕێژەی منداڵبوون بە نەشتەرگەری زیاد دەکات.
4- شەکرە لەدوای لەدایکبوونیش کاریگەری لەسەر تەندروستی کۆرپەلە دەبێت و هۆکارێکە بۆ دابەزینی شەکر ڕاستەوخۆ دوای لەدایکبوون.
5-  هۆیەکە بۆ لەدایکبوونی کۆرپەلە بە ناکامی، واتە پێش کاتی خۆی.
6- ئەگەری بەرزبوونەوەی فشاری خوێن و کاریگەری لەسەر ئەندامەکانی تری لەش زیاد دەکات.
7- ئەگەر خوێن بەباشی نەگەیشتە کۆرپەلە ئەوا دەبێتە هۆی بچووکبوونەوەی قەبارەی کۆرپەو، دواکەوتنی گەشەی.

بۆچی گرنگە ڕاوێژ بە پزیشک بکرێت سەبارەت بە بەکارهێنانی دەرمانی شەکرە لەکاتی دووگیانیدا؟
1- هەندێک نەخۆش هەن کە ئینسۆلین بەکار دەهێنن بۆ شەکرە، ڕەنگە پێویست بە زیادکردنی رێژەی ئینسۆلین بکات.
2- هەندێک دەرمان هەیە پێویستە ڕابگیرێت لە کاتی سکپڕی دا تا کاریگەری لاوەکی لەسەر کۆرپەکە دروست نەکات.
3-ئەوانەی کە شەکرەیان هەیە و پێش دووگیانی دەرمانیان پێویست نەبووە، ڕەنگە لەکاتی سکپڕی دا پێویستیان بە چارەسەر هەبێت تا بە دوور بن لە کاریگەریە نەرێنییەکانی شەکرە لەسەر دووگیانیەکەیان.

 کاریگەریەکانی دووگیانی لەسەر شەکرە:
-سکپڕی ڕەنگە ببێتە هۆی خراپتر کردنی ئەو کاریگەریەی کە شەکرە پێش دووگیانی لەسەر چاو و گورچیلە دروستی کردووە، هەروەها دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی فشاری خوێن. بۆیە پێویستە :
1- پشکنینی تاقیگەیی خوێن و میز بکرێت تا لە تەندروستی گورچیلەکان دڵنیا ببینەوە.
2- پشکنینی چاو بکرێت.
3- فشاری خوێن بپشکنرێت لە هەموو سەردانێکدا.

ئایا کەسێک کە شەکرەی هەبوو دووگیان بوو دەتوانێت بە ئاسایی و بە بێ نەشتەرگەری منداڵەکەی ببێت؟
کەسی دووگیانی تووشبوو بە شەکرە ئەگەری لەدایکبوونی منداڵەکەی بە ڕێگەی سروشتی و بە بێ نەشتەرگەری زۆرە ، بەڵام ئەگەری لەدایکبوون بە نەشتەرگەری لە کەسانی ئاسایی زیاترە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن