ئەنجومەنی باڵای یەكێتی: تەنها ئەنجومەنی باڵای سیاسی بەرپرسیارە لە لێپێچینەوەی ئەندامەكانی و بەس

کوردستان

03/12/2020     ژمارەی بینراو 495

فۆتۆ: هاوژین شەریف

راچڵەكین –

ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یەكێتی، لەبارەی دۆخی ئێستای هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، دابیننەكردنی بژێوی زۆرینە، بەتەواوەتی تەنگی بە موچەخۆرانی كوردستان هەڵچنیوەو دەبێ حكومەتی كوردستان، سیاسەتی ئابووری و دارایی خۆی، چ بە دانوستان لەگەڵ بەغدا و چ بە داهاتی كوردستان، بەپێی خواستی خەڵك، بەشێوەیەك ساغ بكاتەوە كە دڵنیایی تەواو بە ڕای گشتی بدات.

ئەنجومەنی باڵای سیاسی لەبارەی لێپێچینەوەش لە ئەندامەكانی، جەختی لەوە كردووەتەوە كە بەپێی ئەو دەسەڵاتەی لە پەیڕەوی ناوخۆدا چەسپێنراوە، تەنها ئەنجومەنی باڵای سیاسی بەرپرسیارە لە لێپێچینەوەی ئەندامەكانی و بەس.

دەقی راگەیەندراوەكە: 

راگەیاندنی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی (ی.ن.ك)

سەرلەبەیانی 3/12/2020 بە سەرپەرشتی هەڤاڵ كۆسرەت رەسوڵ عەلی و ئامەدەبونی تەواوی ئەندامەكانی، لەم دۆخەدا ئەنجومەنی باڵای سیاسی كۆبووەوە، ئەنجومەنی باڵا پێیوایە كوردستان بە دۆخێكی ئابوری و سیاسی دژواردا تێدەپەڕێت، دابیننەكردنی بژێوی زۆرینە بەتەواوەتی تەنگی بە موچەخۆرانی كوردستان هەڵچنیوە.

شەقام بە داخوازی و ناڕەزایی و رەخنەو ئاراستەی جیاواز هاتوونەتە خرۆش. بۆیە ئەنجومەنی باڵا لەهەر هەلومەرجێكی رابردوو جیاوازتر، داوادەكات خێرا، حكومەتی كوردستان، سیاسەتی ئابووری و دارایی خۆی، چ بە دانوستان لەگەڵ بەغدا و چ بە داهاتی كوردستان، بەپێی خواستی خەڵك، بەشێوەیەك ساغ بكاتەوە، كە دڵنیایی تەواو بە ڕای گشتی بدات.

یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و كوردستانیش، لەبەردەم بەرپرسیارێتییەكی چارەنوسسازدایە، لە بەرامبەر داخوازی رەوای خەڵكدا، پێویستە بڕیارو بەرنامەكانی داكۆكیكردن بێت لە چۆنیەتی چارەسەركردنی كێشەی ئابوری و موچەی خەڵك، ئەمەش پێویستی بە گوتاری یەكگرتووە، بەپێی پرۆژەیەكی چارەسەری راستەقینە، لەپێشەوەی چارەسەری دۆخی ئابوری و دارایی. چارەسەری دۆخی ئابوری و دارایش لەكوردستان، مەحاڵە بەبێ ریشەكێشكردنی دیاردەی گەندەڵی لە سەرانسەری كوردستان، چ لەناو حكومەت و چ لەناو حیزبەكان.

ئاماژە بە دەسەڵاتەكانی ئەنجومەنی باڵا، لە پەیڕەوی ناوخۆدا چەسپێنرا، لێرەدا پێویستە رایبگەیەنین كەوا تەنها ئەنجومەنی باڵای سیاسی، بەرپرسیارە لە لێپێچینەوەی ئەندامەكانی و بەس.

ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان

 


داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن