باڵیۆزی ئەمریكا لە بەغدا دڵنیایی دەدات

عێراق

03/12/2020     ژمارەی بینراو 260

راچڵەكین –

باڵیۆزی ئەمریكا لە عێراق، روونكردنەوە لەبارەی كەمكردنەوەی ژمارەی دیبلۆماتكارەكانی دەدات و رایدەگەیەنێت، كەمكردنەوەكە كاتییەو كاریگەری لەسەر كارەكانمان نابێت، لە كارەكانیشمان بۆ خزمەتكردنی هاووڵاتیانی عێراق بەردەوام دەبین.

ماتیۆ تولەر باڵیۆزی ئەمریكا لە عێراق، لە پەیامێكی ڤیدیۆییدا كە ماڵپەڕی باڵیۆزخانەكە بڵاویكردووەتەوە، لەبارەی بڕیاری كەمكردنەوەی ژمارەی كارمەندو دیبلۆماتكارەكانی باڵیۆزخانەكە بۆ نیوەی ژمارەی ئێستا، وتی:" دەمەوێ عێراقییەكان دڵنیا بكەمەوە كە بڕیارەكە كاتییەو من و ستافێكی سەرەكیی باڵیۆزخانەش لە كارەكانمان بەردەوام دەبین".

باڵیۆزی ئەمریكا لە بەغدا ئاماژەی بەوەشكرد، لەگەڵ وەزیرەكانی حكومەتی عێراق بەردەوام لە پەیوەندیدا دەبن بۆ هاوكاریكردنیان لەبوارەكانی ئەمنی و ئابووری و تەندروستی، راشیگەیاند: لەماوەی رابردوودا زیاتر لە 345 ملیۆن دۆلارمان خەرجكردووە بۆ هاوكاریكردنی ئاوارەكانی ناوخۆی وڵات بەمبەستی گەڕانەوەیان بۆ زێدی خۆیان، لەبواری تەندروستیش یارمەتی بەغدامان داوە لە بەدەستهێنانی ڤاكسینی دژ بە كۆرۆنا.

ماتیۆ تولەر جەختیشی كردەوە لەسەر بەردەوامبوونی ئەمریكا لە هاریكاریكردنی سوپای عێراق لەڕووی لۆجیستی و مەشق و راهێنان و هەماهەنگیی یەكتر لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر.

ئیدارەی ئەمریكا بڕیاریدا نیوەی كارمەندانی باڵیۆزخانەی وڵاتەكەی لە بەغدای پایتەختی عیراق بكێشێتەوە، ئەوەش وەك هەنگاوێكی خۆپارێزی لەگەڵ نزیكبوونەوەی ساڵیادی كوشتنی قاسم سولەیمانی- فەرماندەی پێشووی سوپای قودس و ئەبومەهدی موهەندیس- جێگری سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی، كە رۆژی 3-1-2020 لەنزیك فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا كوژران.




داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن