نیشانە ڕۆماتیزمییەکانی کۆرۆنا

تەندروستی

04/12/2020     ژمارەی بینراو 455

کۆرۆنا


ڕاچڵه‌كین-

بەپێچەوانەی هەڵامەت، کۆرۆنا زۆرکات نیشانەکانی، بە قوڕگ و لووت و تەنانەت سییەکانیشەوە ناوەستن و لە بەشی زۆری سیستمەکانی جەستەی مرۆڤدا خۆیان دەنوێنن، هەندێکیان وادەکەن کەسەکە نیشانەی هاوشێوەی ڕۆماتیزمی هەبێت و زۆرکات یەکەم پزیشک کە تووشبوویەکی کۆرۆنا سەردانی دەکات، پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی جومگە و ڕۆماتیزمە، دكتۆر سه‌روه‌ر پسپۆڕی نه‌خۆشییه‌كانی ڕۆماتیزم له‌م بابه‌ته‌دا نیشانه‌ ڕۆماتیزمیه‌كانی كۆرۆنا ڕوون ده‌كاته‌وه‌.


ئەمانە ئەو نیشانانەن کە لە بەشێکی بەرچاوی تووشبووانی کۆرۆنادا هەن و هەمانکات لە ڕۆماتیزمیشدا بڵاون و دەکرێت پزیشکی جومگە و ڕۆماتیزمیان لێ ئاگاداربکرێتەوە:

1- ئازاری جومگە: هەبوونی ئازار وەکوو نیشانەیەک لە جومگەکاندا تاڕادەیەک بڵاوە لە تووشبووانی کۆرۆنادا، بەڵام ئەوەی کە تەنها ئازاری جومگە هەبێت وەکوو نیشانەی سەرەتای تووشبوون بە کۆرۆنا لە ٢.٥%ی تووشبوواندا تێبینی کراوە.

2- ئازاری ماسولکە: ئازاری ماسولکە لە ئازاری جومگەکان بڵاوترە و لە ١٨%ی حاڵەتەکاندا تێبینیکراوە.

3- لەش داهێزران: ئەمەش نیشانەیەکی بڵاوە لە بەشێکی بەرچاوی تووشبووانی کۆرۆنادا و ٣١.٧%ی تووشبووان بەدەست ئەم گرفتەوە ناڵاندوویانە.

4- هەوکردنی لوولەکانی خوێن: نەخۆشیی هەوکردنی لوولەکانی خوێن بەشێوەی نەخۆشیی کاواساکی لە منداڵاندا لە سەردەمی کۆرۆنادا زۆر زیادیان کردووە، بەجۆرێک لە چەند ناوچەیەکی ئیتاڵیا تێبینیکراوە کە ٨٠%ی حاڵەتە نوێیەکانی هاوشێوەی نەخۆشیی مەترسیداری کاواساکی بەهۆی کۆرۆناوە بوون! کاواساکی هەوکردنی لوولە قەبارە مامناوەندەکانی خوێنە لە منداڵاندا، بە تایبەت لوولە خوێنە خوێنبەرەکانی دیواری دڵ، کە مەترسیی کتوپڕی و درێژخایەن لەسەر منداڵ دروستدەکەن. لە کەسانی پێگەیشتووشدا هەوکردنی لوولە بچووک و مامناوەندەکانی خوێن روویانداوە، کە بەشێوەی پەڵەی پێست، گرفتی لوولە خوێنی سییەکان و گورچیلەکان خۆیان نواندووە.

5- دروستبوونی دژەتەنە ڕۆماتیزمییەکان: بەشێک لە تووشبووان ئەو دژەتەنانە لە خوێنیاندا دروستدەبێت کە لە کەسانی ئاساییدا دەرکەوتە یان هۆکاری ڕۆماتیزمەی درێژخایەنن. جارێ روون نییە ئەم دژە تەنانە تاوەکوو کەی بەردەوامدەبن و ئایا ئەمانیش دەبنە دەرکەوتە و هۆکاری ڕۆماتیزمی درێژخایەن یاخود نا.

6- گۆڕان لە خانەکانی خوێن هاوشێوەی ڕۆماتیزم: بەشێک لە تووشبووان تووشی شیبونەوەی خڕۆکە سوورەکانی خوێن، کەمبوونەوەی لیمفەخانەکانی خوێن یان دابەزینی خەپلەکانی خوێن دەبن کە نیشانە و ئاڵۆزکاریی بەشێک لە نەخۆشییە ڕۆماتیزمییەکانن.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن