ئەنجوومەنی وەزیرانی عیراق تاوتوێی پرۆژە یاسای بودجەی 2021 دەكات

عێراق

05/12/2020     ژمارەی بینراو 475

كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عیراق- ئەرشیف

راچڵەكین-

ئەنجوومەنی وەزیرانی عیراق بۆ تاوتوێكردنی پرۆژەیاسای بودجەی گشتی بۆ ساڵی 2021 كۆدەبێتەوە.

كۆبوونەوەكە ئەمڕۆ شەممە بەسەرۆكایەتی مستەفا كازمی- سەرۆكوەزیرانی عیراق بەڕێوەدەچێت، بەپێی زانیارییەكانیش، سەرجەم بڕگەكانی پرۆژە یاسای بودجەی 2021 ئامادەكراون و تەنیا ئەو بەشەی ماوە پەیوەندی بە هەرێمی كوردستانەوە هەیە.

ئەوەش لەكاتێكدا دێت شەوی 3/4ی ئەم مانگە شاندێكی تەكنیكیی هەرێمی كوردستان بەسەرۆكایەتی ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی بۆ دانوستاندن لەگەڵ حكومەتی عێراق گەیشتە بەغدای پایتەخت. 
 
هەر یەك لە خالید شوانی، وەزیری هەرێم بۆ كاروباری بەغدا و عەبدولحەكیم خەسرۆ، سەرۆكی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون لە حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەندامانی شاندەكەن، بڕیارە لەماوەی مانەوەیان لەبەغدا لەگەڵ حكومەتی عێراق لەبارەی ناردنی 320 ملیار دینارەكە، بودجەی ساڵی 2021 و گفتوگۆ بكەن.

هەرچەندە بەپێی یاسای بەڕێوەبردنی دارایی، دەبێت حكومەتی عێراق تا رۆژی 15ی تشرینی یەكەمی هەموو ساڵێك پرۆژە یاسای بودجە رەوانەی پەرلەمان بكات،  بەڵام تا ئێستا50 رۆژ بەسەر وادەی یاسایی ناردنی پرۆژەكەدا بۆ پەرلەمان تێپەڕیوە، دیاریش نییە چ كاتێك رەوانەی پەرلەمان دەكرێت.

بودجەی گشتیی عێراق پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێت، هەر لەبەرئەوە بەغدا بۆ ئامادەكردنی بودجەی 2021 نرخی نەوتی بە 43 دۆلار خەمڵاندووە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن