راچڵەكین-
لیژنەی ھێزی لەش كلاسیكی عێراق، بۆ یەكەمجار پاڵەوانێتی ھێزی لەشی ئافرەتان لەھۆڵی ئیمپراتۆری قوەی شاری كەركووك رێكخست كە بەبەشداری ( ٤٥ ) یاریزانی ھێزی لەش لە سەر ئاستی پارێزگاكانی سلێمانی و ھەولێر و ھەڵەبجە و كەركووك ئەنجامدرا.
پاڵەوانێتیەكە بۆ كێشی ( ٤٨ و ٥٢ و ٥٦ و ٦٠ و ٦٧ و ٨٢ ) كیلۆ گرام بۆ ھێزی لەشی ئافرەتان رێكخراوە.
محەمەد شەمسەدین- جێگری سەرۆكی لیژنەی ھێزی لەشی عێراق كلاسیك، رایگەیاند، بۆ ئەوان شانازیەكی گەورە و مێژوییە كە بۆ یەكەمجار لەسەر ئاستی عێراق، پاڵەوانێتیەكی گرنگ بۆ یاریزانانی ھێزی لەشی ئافرەتان رێكدەخرێت .
محەمەد شەمسەدین باسی لەوەشكرد ئەوەی پلەی یەكەمی پاڵەوانێتیەكە بەدەست دەھێنێت راستەخۆ دەبێتە یاریزانی ھەڵبژاردەی عێراق و وتی:"یاریزانانی پارێزگای نەجەف و بەغداد بەھۆی ڤایرۆسی كۆڕۆناوە، نەیانتوانی بەشداری لە پاڵەوانێتیەكەدا، بكەن".
شەرمین رەحیم- یاریزانی یانەی كەركووك، لەسەر بەشداریكردنی لەپاڵەوانێتی ھێزی لەشی ئافرەتان رایگەیاند: "ئێمە وەك یاریزانانی ھێزی لەشی ئافرەتان بۆ یەكەمجارە بەشداری پاڵەوانێتی وەرزشی دەكەین و ئەمەیش ھەنگاوێكی گرنگ و گەورەیە بۆ ئێمەی ئافرەت كە لە پاڵەوانێتییەكەدا بەشداری دەكەین و ھێزی راستەقینەی خۆمان بزانین".
وتیشی: "من ماوەی دوو ھەفتە ئامادەكاریم كردووە و ئەمڕو بەكێشی ٨٢ كیلۆگرام بەشداریم لەپاڵەوانێتیەكەدا، كردوە".
ئەنجامی پاڵەوانێتیەكەیش لەسەر ئاستی پارێزگاكان بەم شێوەیەبوو، لەسەر ئاستی پێشكەووتوان پارێزگای ھەڵەبجە پلەی یەكەمی پاڵەوانێتیەكەی بەدەستھێنا و پارێزگای سلێمانیش پلەی دووھەم و پارێزگای كەركووكیش پلەی سێھەمی پاڵەوانێتیەكەی بەدەستھێناوە لەسەر ئاستی لاوانیش پارێزگای كەركووك پلەی یەكەمی بەدەستھێناوە و پارێزگای ھەڵەبجەیش بووەخاوەنی پلەی دووھەم و پلەی سێھەمیش بەر پارێزگای سلێمانی كەوتووە.
پاڵەوانێتی ھێزی لەشی ئافرەتانی عێراق بە سەرپەرشتی یاریزان محەمەد شەمسەدین پاڵەوانی كیشوەری ئاسیا بۆ یاری ھێزی لەش و میدیا فەیزڵ پاڵەوانی ئاسیا بۆ یاری ھێزی لەشی ئافرەتان بۆ ماوەی دوو رۆژ بەردەوامبوو .