شەهیدی فەرماندە (خاڵە مامەند مەنتك) كێ بوو؟

کەلتوور

27/12/2020     ژمارەی بینراو 1304

حەیدەر مەنتك

شەهیدان سمبولی بەرگری و بەرخودانی شۆڕش و گەورەترین هێزی نیشتمانن، شەهیدان جوانترین دیاری خواوەندن بۆ میلـلەتەكەیان، هەست و نەستی ئەوانەی ئەوێ رۆژێ بوونە پێشمەرگە و بڕیاری بەرگریان دا لە كوردستان لەوپەڕی باوەڕو ئینتیمای نیشتمانی بوو. خۆشەویستی ئەوان بۆ خاك گەورەتر بوو لە بەرژەوەندییە تایبەتییەكان، بۆیە ئازاو خۆنەویست و بەهێز بوون بەرامبەر دوژمن.

یەكێك لەو شەهیدانەی دەمانەوێ تیشك بخەینە سەر ژیاننامەكەی، شەهید (خاڵە مامەندە) ە  .. خانەوادەیەك ماندوو لە رێگای كوردایەتی و پێشمەرگایەتی، بنەمالەیەك تینووی شۆڕش و كوردایەتی، ئەوان لەسەر خاك و نیشتمان قوربانی زۆریان داو كۆڵیان نەدا، بۆیە ئەوانەی هەمیشە دڵسۆزی و ئینتیمای نیشتمانیان بەهێز بووە، تاڕادەی شەهید بوون لەپێناو رزگاریی نەتەوەیی وخاك زوو ئیبرازبوونەو لەناو میللەتەكەیان بەگەورەیی ماونەتەوە، یەكێك لەو شەهیدانەی شۆڕشی نوێ گەلەكەمان كە هەمیشە لەكاری رێكخستن و نهێنی تاسەر ئێسقان ووردەكارو نهێنی پارێزو دڵسۆزو خەمخۆر بووە، دواتریش لە تەمەنێكی كەم واتە لاوێكی خوێن گەرم دەبێتە پێشمەرگەی شۆڕشی ئەیلول: بۆ درێژە پێدانی پیشمەرگایەتی پاش هەرەس ساڵی 1978 پەیوەندی بەڕیزەكانی بزووتنەوەی سۆشیالیست دیموكراتی كوردستان دەكات و دەبێتە پێشمەرگە، زۆر ئازایانە بەشداری لەچەندین چالاكی دەكات. تاساڵی 1983 سەنگەری خەبات دەگوازێتەوە بۆ ناو رێزەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، پلەی فەرماندەی كەرتی پێ دەدەن لەتیپی 86 ی دەشتی هەولێر.

شەهید (خاڵە مامەند) لەبەر دەستپاكیی و دڵسۆزی بۆ نیشتمانەكەی، لەزۆر قۆناغ بەتایبەتی دوای راپەڕین، متمانەی پارێزگاری دام و دەزگاو یەكە ئیدارییەكانی پێسپێردراوە، شەهید خالە (مامەند)  تا شەهیدبوونی، لەبەر دڵسۆزی و خۆڕاگری پلەكانی پێشمەرگایەتی بڕیوە تا جێگرلیوای رۆژهەڵاتی هەولێر، بەڵام سەد حەیف ومخابن لەبەرەبەیانی رۆژی 27-12-1994، شەهید دەكرێ و دەگاتە كاروانی نەمرانەوە.

ـ ناوی تەواو: مامەند عومەر حەمەدەمین 
ـ ناسراو بە خاڵە مامەند مەنتك
ـ ساڵی لەدایكبوون : 1 ـ7ـ1951 
ـ شوێنی لەدایكبوون: گوندی سەرمەزراـ  ناحیەی دارەتوو ـ قەزای بنەسڵاوە ـ پارێزگای هەولێر
ـ عەشیرەت: مەنتك
ـ ئاستی خوێندن : تەنها دەیزانی بخوێنتەوەو بنووسێت
ـ باری خێزانی: خێزاندار بووە
ـ ناوی هاوسەری شەهید: بەفرین سلێمان
ـ ناوی منداڵەكانی شەهید: رەوەز-هێلین-ئاریان-ئاری-سارا
ـ ناوبراولەتەمەنی لاوێتی دەستی داوەتە چەك و دژی كوردكوژەكانی بەغدا دەبێتە پێشمەرگە لەلای شەهید (سلێمان سادق) ی ئامۆزای .
ـ لەسالی 1975 ئەو كاتەی شۆڕش هەرەس دێنێ و دەچێتە ئێران، تاماوەیەكی زۆر لە ئێران لە ئۆردوگاكان دەمێنێتەوە .
ـ لەپاش نسكۆ، وڵاتی ئێران لەسەر بڕیاری رژێمی بەعس تەسلیم بە عێراقی دەكاتەوەو دەگوازرێتەوە بۆ شاری سەماوە .
ـ بەڵام شەهید لەساڵی 1977 كە دەزانێ شۆڕش هەڵگیرساوەتەوە، زوو خۆی دەگەیەنێتە ناو ریزەكانی رێكخستنی بزووتنەوەی سۆشیالیستی دیموكراتی كوردستان لەگەڵ شەهید (ستار سادق) ی ئامۆزای كە ئەویان لەناو كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستان ئەندام بووە، دواترئەو ئامۆزایەی لە سێدارەدرا.

ـ ساڵی پەیوەندی بەهێزی پێشمەرگە:  مانگی (2) ی ساڵی 1978
ـ لایەنی سیاسی : بزوتنەوەی سۆشیالستی كوردستان
ـ ئۆرگان : هەرێمی (8) دەشتی هەولێر
ـ لە كۆتایی ساڵی 1983 سەنگەری خەباتی چەكداری گواستۆتەوە ناو رێزەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان
ـ لەناو یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كرایە فەرماندەی كەرتی (6) لە تیپی (86) ی دەشتی هەولێر.
ـ دواتر شەهید دەگوازریتەوە بۆ كەرتی (2) تا دواجار لەساڵی (1987) دەگوازرێتەوە بۆ كەرتی (4)ی (بەردەباز)
ـ لەژیانی پێشمەرگایەتی بەشداری زۆربەی شەڕەكانی سنوری مەڵبەندی (3) ی هەولێری كردووە، لەوانە:
لێدانی ئەمنەكانی ناو شاری هەولێر، گرتنی ناحیەی (بێتواتە)، لێدانی بیرە نەوتەكانی كەركوك، گرتنی (112) رەبایە، داستانی رزگاری شەڕی قەیوان ماوەت، شەڕی یانزە رۆژەی مەڵبەندی سێ، گرتنی ناحیەی (تەقتەق )، گرتنی قاتعی ئەبوجەعفەر مەنسوور)، گرتنی ناحیەی (هیران)، گرتنی هاوینە هەواری سەری رەش، لێدانی بیرە نەوتەكانی (ساقیە)، لێدانی رەبایەكانی هەولێر-پردێ،  گرتنی سەیتەرەكانی سەر رێگای مەخمور-كارگەی قیڕ، گرتنی گوندی مەسلوبەو ناحیەی دێگەڵە.

ـ شەهید لەبەهاری 1991بەشدارییەكی بەرچاوی هەبوو لەراپەڕینە شكۆدارە مەزنەكەی خەڵكی كوردستان، بەشداریكردووە لە ئازادكردنی شاری هەولێر و كەركوكی قودسی كوردستان.

ـ لەداستانی دەربەندی كۆڕێ بەشداری كردووە و رۆڵی كارای بینیوە. 

ـ هاوڕێی گیانی بەگیانی شەهید رێبازو مەلا سلێمان بوو، هەردەم لەگەڵ شەهید رێباز بەیەكەوە بوون.

ـ شەهید لەهێزی دەشتی هەولێر دەكرێ بە فەرماندەی بەتالیۆنی (7).
ـ شەهید لەناو شاری هەولێر پاراستنی هەموو دام و دەزگاكانی پێ سپێردرابوو، چونكە پیاوێكی دەستپاك و ئەمین بوو.
ـ  شەهید لەبەرگریكردنی حكومەت وپەرلەمانی كوردستان لەبەرەكانی شەڕ لە پیرداود، بەرەنگاری رژێم بۆتەوە.
ـ  دوا پلەی شەهید دەكرێ بە جێگری لیوای رۆژهەڵاتی هەولێر.
ـ لەژیانی پێشمەرگایەتی، شەهید دووجار بەسەختی بریندار بووەو چەندین جاریش بەسووكی بریندار بووە.
ـ شەشەمین شەهیدی خێزانەكەیانە.
ـ رۆژو مانگ و ساڵی شەهید بوون 27ـ12ـ1994
ـ شوێنی شەهید بوون:  هەورازە نەفتە

 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن