زۆر شیر هێنانه‌وه‌ی‌ منداڵ له‌ ته‌مه‌نی 4 مانگی ئاساییە؟

تەندروستی

31/12/2020     ژمارەی بینراو 583

شیر هێنانه‌وه‌ی‌ منداڵ له‌ ته‌مه‌نی 4 مانگ

ڕاچڵه‌كین-

یەکێک لەو هۆکارانەی کە بە هۆیەوە منداڵ زوو زوو سەردانی پزیشکی پێ دەکەن و دڵە ڕاوکێیەکی زۆر بۆ دایک و باوکەکە درووست دەکات، شیر هەڵهێنانەوەیە، کە زیاتر لە نیوەی منداڵی خوار ٦ مانگ تووش دەبن، دكتۆر پشده‌ر پزیشكی نه‌خۆشییه‌كانی منداڵان له‌ ڕادده‌ی‌ ترسناكی ئه‌م حاڵه‌ته‌ ڕونكردنه‌وه‌ی‌ زیاتر ده‌دات له‌م بابه‌ته‌دا.

ئەم حاڵەتە لە لە مانگەکانی سەرەتای تەمەنەوە دەست پێ دەکات و لە تەمەنی ٤ مانگیدا دەگاتە لووتکە، بەڵام دواتر حاڵەتەکە ووردە ووردە بەرەو باشی دەڕوات و زۆربەیان لە تەمەنی ٦ بۆ ۷ مانگی باش دەبن.

بە پێچەوانەی ڕشانەوە، شیر هەڵهێنانەوە ئازاری لەگەڵدا نیە و بە تووندی شیرەکە فڕێ نادات، بۆ لەو تەمەنەدا نیوەی منداڵ شیر هەڵدەهێننەوە له‌به‌ر ئه‌م هۆكارانه‌ی‌ خواره‌وه‌.

۱- لەبەر ئەوەی گەدەی منداڵ لەو تەمەنەدە بچوکە، کاتێک شیرێکی زۆر دەخوات لە گەدەدا جێگای نابێتەوەو هەڵی دەهێنێتەوە.(زیادە خۆری پێ ئەڵێن)

۲-لە کاتی شیر خواردندا هەوایەکی زۆر قووت دەدات ، بۆیە گەدەی زیاتر پڕ دەکات.

۳- لە بەرئەوەی ماسولکەکانی دەرچەی نێوان بەشی خوارەوەی سوڕێنچک و گەدە باش پێناگەن لەو تەمەنەدا بۆ شیر هەڵهێنانەوە زۆر ڕوو ئەدات.

لە کاتی شیرهەڵهێنانەوەی زۆردا دایکان و باوکان پێویستە چی بکەن؟
۱- پێویستە شیر بە بڕی کەم و زوو زوو بدەن بە منداڵەکەیان واتە کەمخۆری، دایم خۆر بێت.
۲- پێویستە لە کاتی شیر خواردن و دوای شیر خواردنیش بە ۳۰ خوله‌ك سەری منداڵەکە بەرز بێت.
۳- پێویستە قڕقێنە بە منداڵەکەت بکەیت لە کاتی شیر خواردن و دوای شیرخواردنیش.
٤- قەبارەی کونی نیپڵی مەمکەکە پێویستە گونجاو بێت چونکە لە کاتی گەورەیی یان بچوکی کونی نیپڵەکە، هەوایەکی زۆر لە کاتی شیر خواردن منداڵەکە قووتی ئەدات.
۵- پێویستە کاتی شیرخواردن جەوێکی ئارامی بۆ درووست بکەیت، هەروەها نابێت زۆر بە برسیەتی بیهێڵیتەوە.
٦- پێویستە فشار لەسەر گەدەی منداڵەکە کەم بکەیتەوە بەوەی نابێت جل و بەرگی تووند یان دایبی تووندی بۆ بەکار بهێنیت.

لە کاتی خستنە سەرشانت هەوڵ بدە سکی بەر  شانت نەکەوێت،یەکسەر دوای شیر خواردن مەیخەرە ناو کورسی سەیارەکەی چونکە فشاری سەر گەدەی زیاد ئەکات.

ئەگەر هەستت بە یەکێک لەم نیشانانە کرد لە منداڵەکەتدا پێویستە بێ دواکەوتن سەردانی پزیشکی پسپۆڕی منداڵانی پێ بکەیت:

۱- ئەگەر هەستت کرد مداڵەکەت ئازاری هەیە.
۲- ئەگەر شیرخواردنی کەمی کرد.
۳- ئەگەر شیری هەر نەخوارد.
٤- ئەگەر کێشی زیادی نەکردبوو یان بە پێچەوانەوە کەمیشی کردبوو.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن