دڵە کزە
ڕاچڵهكین-
دڵە کزە دادەنرێت بە یەکێک لە حاڵەتە باوەکان لە هەموو جیهاندا ، وە توشی زۆرێک لە خەلک دەبێت بەشێوەیەکی باو نەخۆشەکان توشی ئازار و کزانەوە دەبن لەناوچەی سنگ پشت ئێسکی کۆڵەکەی سنگ، وە لە نیشانە هاوبەشەکانی دیکە لهم بابهتهدا دكتۆر ئهیمهن پسپۆڕی نەخۆشییەکانی هەناو و دڵ باسیدهكات.
گۆڕانی دەنگی نەخۆش، هەستکردن بە تامێکی تفت یان ترش لە دەم و بۆنی ناخۆشی دەم، هەروەها نیشانەکان لە نەخۆشەکەدا زیاتر دەبێت ڕاستەوخۆ دوای نان خواردن، ئەمەش بەهۆی زیادبوونی دەردراو و ترشەڵۆکی گەدە.
هۆکارەکانی زۆر و جیاوازن، ڕەنگە هۆکارەکانی سادە بێت، وە ڕەنگە هۆکاری تر هەبێت کە پێویست بە چاودێری و ئەنجامدانی شیکاری بکات.
یەکێک لە هۆکارە باوەکانی بریتیە لە گەڕانەوەی ترشەڵۆکی گەدە بۆ سورێنچک (GERD)، بەهۆی شلبونەوەی داخەری خوارەوەی سورێنچک، کە بەشێکی ماسولکەییە، کۆتایی سورێنچک و سەرەتای گەدە پێکەوە دەبەستێتەوە، وە بەشێوەیەکی سروشتی خاودەبێتەوە لەکاتی خواردنی خۆراک.
وە ڕەنگە ئەم گەڕانەوەی ترشەڵۆکە ڕووبدات بەهۆی زیادبوونی پەستانی ناوەوەی بۆشایی سک هەروەکو چۆن لەکاتی دووگیانیدا ڕوودەدات.
لەهۆکارەکانی تری :
1-جگەرە کێشان و مەشروب خواردنەوە
2-خواردنەوە گازیەکان و قاوە
3-زیادبوونی کێشی لەش
4-کاریگەری هەندێک دەرمان وەکو حەپی مەنع ، دەرمانی بێتا بلۆکەر (بۆ نەخۆشی بەرزی فشاری خوێن و دڵ بەکاردێت)و الپیوفلین
5-کەمی جوڵە و وەرزش نەکردن
6- سترێس و دڵهڕاوكێ
پێویستە ڕاوێژی دکتۆر بکەیت لەکاتی دووبارەبوونەوەی نیشانەکانی زیاتر لە جارێک لە هەفتەیەکدا، یاخود بوونی نیشانەی دیکە وەکو کەمبوونەوەی کێشی لەش یان قورسبوونی قوتدانی خۆراک، هەروەها بە بەکارهێنانی دەرمانی دژە ترشەڵۆکەکان باش نابیت وسودی نابێت، یاخود ببێتە هۆی دڵتێکچون و ڕشانەوە.
بەڵام بە شێوەیەکی گشتی حاڵەتەکان ئاسانن و سود لە دەرمان وەردەگیرێت وە ڕەنگە نەخۆش پێویستی بە ئەنجامدانی چەند شیکاریەک هەبێت وەکو فەحسی تیشکی X-ray یاخود نازۆری سورێنچک و گەدە (OGD)
بەردەوام گەڕاندنەوەی ترشەڵۆکی گەدە بۆ سورێنچک دەبێتە هۆی حاڵەتێک پێی دەوترێ نەخۆشی barrett's esophagus کە نەخۆشییەکە تێیدا خانەکانی ناوپۆشی بەشی خوارەوەی سورێنچک دەگۆڕێت بۆ خانەیەک لێکچوو لەخانەکانی ناوپۆشی گەدە، وە ڕەنگە گەشەبکات و ببێتە خانەی شێرپەنجەیی لە ناوپۆشی خوارەوەی سورێنچک.
وەلەکاتی ڕوودانیدا پێویستە نەخۆشەکە چاودێری بکرێت بەشێوەیەکی بەردەوام وە نازۆر بکات، وە کەمکردنەوەی ئەو شتانەی دەبنە هۆکاری گەڕاندنەوەی ترشەڵۆکی گەدە بۆ سورێنچک.
ئەوەی کە پێویستە لێرەدا ئاماژەی پێبکرێت ،ئەوەیە کە نیشانەکانی نەخۆشی سورێنچک ڕەنگە بچوێنرێت بە نیشانەی حاڵەتی تر ، وەکو ئەو ئازارەی بەهۆی جەڵدە و زەبحەی دڵەوە دروست دەبێت، یاخود بەهۆی هەوکردنی پەردەی دڵەوە، لەبەر ئەوە پێویستە سەردانی پزیشکی پسپۆڕ بکرێت لەکاتی دووبارەبوونەوەی ئەو نیشانانەی ئاماژەیان پێکراوە.