راچڵەكین-
دكتۆر مازن هەیاس عەباس ناسراو بە (مازن جەمیلە) كەچەند رۆژێك پێش ئێستا لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی هەولێر بەچەند تۆمەتێك دەستگیركرابوو، دوای بێتاوان دەرچوونی، دادگا بڕیاریدا ئازادی بكات.
مازن جەمیلە، خوێندكاری قۆناخی پێنجی كۆلێژی پزیكشی زانكۆی سلێمانییە، دوو هەفتە بەرلەئێستا خواردنگەیەكی بە ناوی "كیتۆ" لە شاری هەولێر كردەوە و لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانیش زانیاریی لەبارەی كیتۆدایت بڵاودەكردەوە. چەند رۆژێك لەمەوبەر لەلایەن ئاسایشی هەولێر بەتۆمەتی هەڵگرتنی چەكی بێ مۆڵەت و هەبوونی پەیوەندی لەگەڵ پارتی كرێكارانی كوردستان دەستگیركرا.
ئەیاد كاكەیی، پارێزەری مازن هەیاس بە(راچڵەكین)ی راگەیاند، مازن چووەتە بەردەم دادوەر، بەڵام هیچ تۆمەتێكی بەسەردا ساخ نەبووەتەوە و بڕیاری ئازادكردنی دەرچووە و ئەمڕۆ ئازادكراوە.
وتیشی: "چەند تۆمەتێك ئاڕاستەی بریگرتەكەی كرابوون ، لەوانە هەڵگرتنی چەكی بێمۆڵەت و ئەندامبوون لە پەكەكە، بەڵام لە لێكۆڵینەوەكاندا تۆمەتەكانی بەسەردا ساخنەبوونەوە و نەتوانرا ماددەیەكی یاسایی بۆ دروستبكرێت بۆ دادگایی".